”بەڕێوەبەری ئەو دەزگایەم ساڵی 1998 داوای مافی په‌نابه‌رییم لێ كرد“
گەنجێكی كورد كە لە ئاسایشی هەرێمی كوردستان ئەفسەر بووە، لە تەمەنی ٢٤ ساڵیدا وەك پەنابەر ڕوو لە هۆڵەندا دەكات و ئێستا به‌رپرسێكی باڵای پۆلیسی ئەو وڵاتەیە.
رۆژی یه‌كی ئایاری 2023، سامان حه‌سه‌ن كه په‌نابه‌رێكی كوردی خه‌ڵكی سلێمانی بوو، به سه‌رۆكی كه‌رتی پۆلیسی باكوور و رۆژهه‌ڵاتی جێڵده‌رلاندی هۆڵه‌ندا دەستنیشان كرا، ئه‌وه‌یش بۆ كه‌سێك كه ساڵی 1998 مافی په‌نابه‌ری له‌و وڵاته به‌ده‌ست هێنابێت، ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌یه.
سامان حه‌سه‌ن به‌م شێوه‌یه چیرۆكی سه‌رهه‌ڵگرتنی خۆی له كوردستانه‌وه بۆ هۆڵه‌ندا بۆ (گلكەند) گێڕایه‌وه: “له ته‌مه‌نی 24 ساڵیدا له سلێمانییه‌وه هاتم بۆ هۆڵه‌ندا. له كوردستان گه‌وره بووم، قۆناغی ناوه‌ندیم له‌وێ ته‌واو كرد و بووم به ئاسایش”. ئەو وه‌ك ئه‌فسه‌ری ئاسایش له 1993 تا 1997 له سلێمانی و هه‌ولێر و هه‌ڵه‌بجه و سۆران كاری كردووە، كه له‌و ماوه‌یه‌دا شه‌ڕی ناوخۆ له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی هه‌ڵگیرسا. هه‌رگیز باوه‌ڕی به شه‌ڕی ناوخۆ نه‌بووه، له‌به‌رئه‌وه بڕیاری داوە كوردستان به‌جێ بێڵێت.
حه‌سه‌ن له ڕێی قاچاخچییه‌كه‌وه گه‌یشتووەته هۆڵه‌ندا و ده‌ڵێ ئه‌وكاته شتێكی ئه‌وتۆی له‌باره‌ی ئه‌و وڵاته‌وه نه‌ده‌زانی، جگه له ناوی مانگای هۆڵه‌ندی.
ئەو له هۆڵه‌ندا له ناوچه‌ی كرۆنینجین له نزیك سنووری ئه‌ڵمانیا ده‌گیرسێته‌وه، جارێكیان رۆژنامه‌نووسێك دیمانه‌ی له‌گه‌ڵدا كردووە له‌باره‌ی تێڕوانینی بۆ ئاینده و خه‌ونی ئەو له هۆڵه‌ندا؛ ئەویش وه‌ڵامی دایه‌وه بەوەی حه‌ز و په‌رۆشیی هەیە بۆ كاركردن له‌گه‌ڵ پۆلیس.
پاش چه‌ند ساڵێكی كه‌م حه‌سه‌ن سه‌ردانی سه‌رۆكی شاره‌وانیی گرۆنینجین و به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی فریزلاندی كرد تا یارمه‌تی بده‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی كارێك له پۆلیسی هۆڵه‌ندا. لەمبارەوە ده‌ڵێ: “له‌و كاته‌دا ره‌گه‌زنامه‌ی هۆڵه‌نداییم نه‌بوو و چاوه‌ڕوانی ده‌رچوونی پاسپۆرته هۆڵه‌نداییه‌كه‌م ده‌كرد. بۆ مسۆگه‌ركردنی قبووڵكردنم له هێزی پۆلیسدا قۆڵم لێ هه‌ڵماڵی؛ پلانێكم دانا و ده‌ستم دایه كارێك په‌یوه‌ندی به خزمه‌ته كۆمه‌ڵایه‌تی و یاساییه‌كانه‌وه هه‌بوو. سه‌یر ئه‌وه‌یه ئه‌و ناوچه‌یه‌ی ئێستا من به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌م هه‌مان ئه‌و ناوچه‌یه‌یه ساڵی 1998 داوای په‌نابه‌رییم تێدا كرد”.
حه‌سه‌ن روونی كرده‌وه “ئه‌وه گه‌شتێكی دوور و درێژ و پڕ گژبه‌ری بوو، چونكه به شه‌ش ساڵ ئه‌نجا توانیم مۆڵه‌تی مانه‌وه به‌ده‌ست بێنم ئه‌ویش پاش ساڵانێك له كاركردنی سه‌خت و ته‌واوكردنی خوێندن. كاتێك سه‌ره‌نجام مۆڵه‌تی مانه‌وه‌م مسۆگه‌ر كرد و ره‌گه‌زنامه‌ی هۆڵه‌نداییم به‌ده‌ست هێنا، بووم به خاوه‌نی ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی بۆ به‌دیهێنانی خه‌ونه‌كه‌م به چوونه ریزی هێزه‌كانی پۆلیس پێویست بوون. ساڵی 2007 خه‌ونه‌كه‌م هاته‌دی و له ئه‌كادیمیای پۆلیس وه‌رگیرام”.
ئاوێته‌بوون نه‌ك توانه‌وه
حه‌سه‌ن په‌رۆش بوو تیشك بخاته سه‌ر دیدگه‌ی خۆی سه‌باره‌ت به ژیانی ره‌وه‌ندی كورد له هۆڵه‌ندا، كه پێی وایه ده‌كرێت ئه‌و دیدگه‌یه بۆ كوردانی هۆڵه‌ندا به‌سوود بێت، وتی “كورده‌كان هه‌ندێ جار وا بیر ده‌كه‌نه‌وه ئه‌گه‌ر هاتنه ئه‌ورووپا لێره ناسنامه و كولتوور و به‌هاكانی خۆیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، من به‌ڵگه‌م له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌كرێت ئه‌م دوو جیهانه زۆر به‌جوانی پێكه‌وه بژین. من له سه‌ره‌تاوه به‌خۆمم وت پێویسته رێزی یاسا و به‌هاكانی هۆڵه‌ندا بگرم”، هه‌روه‌ها وتی “من له كوردستان هه‌ڵاتووم، له‌به‌رئه‌وه ئێره ماڵی منه و پێویسته په‌یڕه‌وی له یاسا و به‌هاكانی بكه‌م. ئه‌مه ئاوێته‌بوونه نه‌ك توانه‌وه”.
هاوكات ئاماژه‌ی به‌وه دا كه به‌شێكی به‌رچاو له كورده‌كان كاتێك ده‌گه‌نه هۆڵه‌ندا، خه‌می پاراستنی ناسنامه‌ی خۆیانیانه و زیاتر روو له وابه‌سته‌بوون به هه‌ندێ به‌های كۆن و به‌سه‌رچوو ده‌كه‌ن.
حه‌سه‌ن هۆشداری دا له‌وه‌ی “هه‌ندێ له كوردانی هۆڵه‌ندا خه‌ون به‌وه‌وه ده‌بینن رۆژێك بگه‌ڕێنه‌وه كوردستان، كه ئه‌وانه زیاتر پابه‌ندن به ناسنامه و دابونه‌ریتی كورده‌وارییه‌وه تا په‌سه‌ندكردنی یاسا و رێسا و به‌هاكانی هۆڵه‌ندا. به‌هه‌رحاڵ، ده‌شێت ئه‌م جۆره بیركردنه‌وه‌یه ببێته سه‌رچاوه‌ی كێشه له‌به‌رده‌م ئاوێته‌بوون به كۆمه‌ڵگه‌ی هۆڵه‌ندا و به‌ده‌ستهێنانی خۆشبه‌ختییه‌كی درێژخایه‌ن لێره، چونكه دوواجار زۆر له‌وانه ناگه‌ڕێنه‌وه بۆ كوردستان”. ئاماژه‌ی به‌وه‌یش دا “ئه‌و جۆره كه‌سانه رێگه به‌كچانیان ناده‌ن بچن بۆ مه‌له‌كردن، یان هاوسه‌ره‌كانیان به‌ته‌نها شۆفیری بكه‌ن و به هه‌ندێ یاسا و رێساوه وابه‌سته‌ن كه ته‌نانه‌ت له كوردستان خۆیشیدا گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتووه”.
حه‌سه‌ن جه‌ختی له‌وه كرد كه ئه‌م دیارده‌یه ته‌نها له‌ناو كورددا باو نییه، به‌ڵكو هۆڵه‌ندییه‌كانیش كاتێك كۆچ بۆ ئه‌فریقیا، ئوستورالیا یان ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ن به‌هه‌مان شێوه ره‌فتار ده‌كه‌ن. راسپارده‌ی حه‌سه‌ن بۆ ئه‌وانه‌ی كۆچ ده‌كه‌ن بۆ هۆڵه‌ندا ئه‌وه‌یه “یه‌كه‌م شت له خه‌می ئه‌وه‌دا بن زمان و یاسا و رێسا و به‌هاكانی هۆ‌ڵه‌نداییه‌كان وه‌ك پێكهێنه‌ره حاشاهه‌ڵنه‌گره‌كانی ژیانی خۆیان په‌سه‌ند بكه‌ن”.
حه‌سه‌ن هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ ئافره‌تێكی هۆڵه‌نداییدا كردووه كه له سه‌رده‌می قوتابیەتییدا یه‌كتریان ناسیوه و ئێستا دوو منداڵیان هه‌یه. “هاوسه‌ره‌كه‌م لانی كه‌م 16 بۆ 17 جار، له‌گه‌ڵ ماڵی خه‌زورم و منداڵه‌كانم سه‌ردانی كوردستانیان كردووه”. هه‌روه‌ها وتی “من 24 ساڵ له كوردستان ژیاوم و 23 ساڵیشه له هۆڵه‌ندا ده‌ژیم. ساڵانه دوو جار سه‌فه‌ری كوردستان ده‌كه‌م و له‌و گه‌شتانه‌دا ژماره‌یه‌كی زۆر پرۆژه‌م بۆ پۆلیس و رێكخراوی جۆراوجۆر ئه‌نجام داوه، تا ئه‌مڕۆیش به رێگه‌ی جیاواز به‌رده‌وام به‌شداری له‌و كارانه‌دا ده‌كه‌م، كه پاڵنه‌رم تێیاندا ته‌نها په‌رۆشی خۆم و به‌پاڵپشتیی دارایی خۆیشم بوون”.
حه‌سه‌ن پێداگری له‌وه ده‌كات ئاوێته‌بوون له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی هۆڵه‌ندا مانای ده‌ستبه‌رداربوون نییه له ناسنامه‌ی كوردی “گرنگه سه‌رنجی ئه‌وه بده‌ین كه هیچیان ئه‌وی تریان وه‌لا نانێت. ئامۆژگاریی من بۆ ئه‌و كوردانه‌ی له هۆڵه‌ندا ده‌ژین ئه‌وه‌یه پێشینه به فێربوونی زمان و ته‌واوكردنی خوێندنیان بده‌ن، به‌وه ده‌توانن بڕیاری ژیرانه له‌باره‌ی ئاینده‌ی خۆیان بده‌ن. گرنگه هاوسه‌نگییه‌ك له‌نێوان پاراستنی كه‌له‌پووری خۆت و په‌سه‌ندكردنی كولتووری ئه‌و وڵاته‌ی میوانداری كردوویت رابگریت”.
بانگهێشتی شاهانه
حه‌سه‌ن به‌هۆی ده‌ستكه‌وت و خزمه‌ته‌كانییه‌وه ساڵی 2016 له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی شاهانه‌ی هۆڵه‌نداوه بانگهێشت كرا بۆ ئاماده‌بوون له ئاهه‌نگی سه‌ری ساڵ. حه‌سه‌ن له‌باره‌ی ئه‌و بانگهێشتكردنه‌وه وتی “پێوه‌ره‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كه ئاشكرا نه‌كراون، به‌ڵام باسیان له‌وه كردووه ئه‌و كه‌سانه له‌به‌ر به‌شدارییان له ده‌وڵه‌تی هۆڵه‌ندا و كاركردنم له بره‌ودان به فره‌ڕه‌نگی و چاره‌سه‌ری كێشیی په‌نابه‌ران و به‌گژاچوونه‌وه‌ی په‌ڕگیری بانگهێشت كراون”.
له میانه‌ی ئاهه‌نگه‌كه‌دا ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی پێ درا سه‌رۆك وه‌زیرانی هۆڵه‌ندا مارك روت و ئه‌ندامانی كابینه‌كه‌ی و سه‌ركرده‌كانی پارته سیاسییه جیاوازه‌كانی ناو په‌رله‌مانی هۆڵه‌ندی ببینێت. ته‌واوی ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی شاهانه ئاماده‌ی ئاهه‌نگه‌كه بوون، له‌ناویاندا پاشای هۆڵه‌ندا ویلیه‌م ئه‌لێكسانده‌ر، شاژن ماكسیما و ئه‌ندامانیتری خێزانه‌كه.
حه‌سه‌ن ئه‌وه‌یشی گوت “ئێمه گفتوگۆی تێروته‌سه‌لمان كرد، به‌تایبه‌ت گفتوگۆیه‌كی به‌سوودمان له‌گه‌ڵ مارك روت سه‌باره‌ت به كوردستان كرد، كه ئاگه‌داریی باشی له‌و باره‌وه هه‌بوو. له‌ڕاستیدا ئه‌و جۆره ئه‌زموونانه شتی ده‌گمه‌نن”.
حه‌سه‌ن پاش ساڵانێك كار و ئه‌زموون له كه‌رتی پۆلیسدا، ئێستا به‌رپرسه له سه‌ركردایه‌تیكردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی پۆلیس له 22 شاره‌وانیی جیاوازدا، جگه له‌وه‌یش چه‌ند جارێك پێشنیاری بۆ كراوه پۆستی سه‌رۆكی شاره‌وانی/پارێزگار وه‌ربگرێت.
سه‌باره‌ت به ئاینده‌ی خۆیشی دووا و وتی: “سه‌باره‌ت به ئاینده‌ی رێڕه‌وی پیشه‌یی خۆم دڵنیا نیم، به‌ڵام به بوونی 18 ساڵ ئه‌زموون له پۆلیسدا، به‌رده‌وام به پیشه‌یه‌كی به‌دیهێنه‌ری ده‌بینم. ئه‌گه‌رچی چه‌ندین جار پێشنیارم بۆ كراوه بچمه ناو سیاسه‌ت، به‌ڵام ئه‌م پێشنیارانه‌م ره‌ت كردوونه‌ته‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی حه‌ز و خولیام كاركردنی به‌رده‌وامه له پۆلیسدا”.