بێجگە لە موسوڵمانەكان لە شاری هەولێرێ كۆمەرەك جووی دەنگخۆش هەبوون، كە گۆرانی و مەقاماتیان دەگۆ، لەوانە: حسقیل قەساب، داود جەمۆ، نەسیم بازرگان و سلێمانە جوو، ئەوانە بە كوردی و عیبری و توركمانی گۆرانی و مەقاماتیان دەگۆ، زەكی بارۆخیش ئامێری كەمانی لێ دەدا، لە زۆربەی بەستە و لاوكەكانی كاوێس ئاغای بە لێدانی كەمانجە بەشداری كردیە، یەعقوب عەزراش عودی لێ دەدا و هونەرمەند واحید مەرجان لە عەشقی وی فێرە عود لێدان بووە.
دەربارەی مەسیحییەكانی عەنكاوەی، ئەوان لە كۆنەوە ئاشنای گۆرانی و مۆسیقا ببوون، چونكە گۆرانی و تەراتیل بەشەكە لە سرووتی ئاینی مەسیحی لە كەنیسەكان، زۆربەی شەماشەكانی كەنیسە خاوەن دەنگەكی خۆشبوون و لە بۆنە ئاینییەكان گۆرانیان گۆتیە، هەندەكیشیان شمشارژەنی بەتوانا بوون، یێكەك لەوانە: مەتێ پەترۆس شابۆ عەزمەت بوو، لە سییەكانی سەدەی ڕابردی شمشاری لێ دایە و خاوەن دەنگەكی بەهێزیش بووە، بە سریانی گۆرانی گۆتیە و حەیرانیشی بە زمانی كوردی گۆتیە، داوایان لێ كردیە دەنگی لە گرامافۆن تۆمار بكات، بەرام خێزانی ڕازی نەبووە، لە ترسی ئەوەی نەكوو دەنگی لەناو ئەو ئامێرەی زیندانی بكرێ و ئیدی نەتانی نە گۆرانی برێ و نە قسان بكات.
پاش ساری 1940 كۆمەرە گەنجەكی دەنگ خۆش لە عەنكاوەی سەریان هەردا و لە بۆنە و ئاهەنگەكان گۆرانییان دەگۆ، وەكی عتۆ شەمعون، شابۆ حنۆ هما ئەلمالح، عەبدولمەسیح پەترۆس ڕوالە كۆندا و مەنسور تۆبیا، لە ساری 1960یش عەبدولمەجید یەعقوب جبرائیل كلیانا دەستی بە گۆرانی گۆتن كردبوو، ئەو خاوەن دەنگەكی زۆر خۆش بووە، زۆر جار گۆرانییەكانی تاهیر تۆفیقی دەگۆتەوە، كۆمەرەك گۆرانیشی لە سەر كاسێتی تۆمار كردیە، لە ساری 1970 بەرەو سەر كۆمەرەك گەنج دەركەتن، فێری لێدانی ئامێری مۆسیقی بوون و لە ساری 1973 یەكەم تیپی مۆسیقیان دامەزراند، لەوانە: حنا مەنسور، ئیلیا شەمعون، نیعمەت هورمز ئەلحەكیم، سەباح شەمعون، جەبار بەهنان، عیماد حنا، عەزیز سلێوا، عەزیز پەترۆس، ئەم گۆرانیبێژانەشیان لەگەر بوو: فەرید ئیسحاق كۆندا، حەبیب ئیسحاق شینا، سەمیر ئیسحاق و سالم شعیا.