ساڵی ٢٠٠٥ گرووپێک بووین لە بەڕێوەبەری گشتی و شارەزا و ڕاوێژکارانی سەرجەم وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی هەولێر یەکەم گەشتی ڕاستەوخۆمان بۆ وڵاتی ئەردەن کرد، پێشتر هەر فڕۆکەیەک لە فڕگەی هەولێر بۆ گەشت فڕیبا دەبوایە بچێتە فڕۆکەخانەی بەغدا لەوێڕا گەشتەکەی دەست پێ کردبا لە گەڕانەوەش بە هەمان شێوە.
گرووپەکە لە خولێکی کارگێڕیی پڕۆژەکان بەشدار بووین کە زۆر سوودبەخش بوو بۆ ماوەی دوو هەفتە وانەکان و جێبەجێکارییە پراکتیکییەکانمان خوێند.
زۆربەمان پێشتر عەممانمان نەدیتبوو، ئێواران دەگەڕاین و سەردانی شوێنە کۆن و شوێنەوار و بازاڕەکانمان دەکرد، ئەو کات لە کوردستان هیچ مۆڵ و بازاڕێکی هاوچەرخ نەبوو، حاجی شەهاب وەک نوێنەری شارەوانی کە ئەو کات ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی هەولێر بوو، لەگەڵمان بوو. کە سەردانی (ئەلغەرید) مۆڵ و مەککە مۆڵمان کرد زۆر پێیان سەرسام بوو، هەر لەوێ بڕیاری دا مۆڵێکی گەورەی هاوشێوەی ئەوانە لە هەولێر بکاتەوە. ئەوە بوو کە گەڕاینەوە (نازە مۆڵ)ی لە هەولێرێ وەکو یەکەم مۆڵی مۆدێرن لە کوردستان، بنیات نا.
لە ماوەی ئەو دوو هەفتەی مانەوەمان لە عەممان تێبینیی چەند خاڵێکمان کرد. ئەو کات لە کوردستان نائارامی و پشێوی و دیاردەی چەکهەڵگرتن و حەفتاوپێنجی و ئارپێچی زۆر زەق و ئاشکرا بوو. کەس نەیدەوێرا ترومبێلی لەبەر دەرگا بەجێ بهێڵێ، کەچی لەوێ شەوانە لەسەر جادە و ناو کوچە و کۆڵانەکان سەدان ترومبێلی مۆدێل جیاوازت دەبینی وەستابوون، هەندێکیان جامیشیان دانەخرا بوو، کەچی کەس بەلایاندا نەدەچوو، سەرەڕای هەژاریی خەڵکەکەی، سەرەڕای کەمی و دەگمەنیی ژمارەی پۆلیس لەناو شارەکە.
ئەردەنییەکان زۆر گوێڕایەڵی یاسا بوون. گەنجێکی دیان کە ئەندازیار بوو لە یەکێک لە فەرمانگەکان، زۆربەی ئێواران بە ترومبێلەکەی بەکرێ لەگەڵمان دەبوو، زانیمان مووچە لەوێ زۆر کەمە بۆیە فەرمانبەران کارێکی دیکەیان دەکرد تا پێی بژین. لە ماوەی مانەوەمان لەوێ بەتایبەتی کە زانیمان ژیان و گوزەران سەختە، چاومان دەگێڕا کەچی کەسمان نەدۆزییەوە دەرۆزە (سواڵ) بکات. تاکە سواڵکەرێکمان لە (وسط البلد) نزیک شانۆی ڕۆمانی بینی بۆمان دەرکەوت ئەو تاکە سواڵکەرەش عەرەبی خوارووی عێراق بوو لەوێ سواڵی دەکرد.
کە لە ئەندازیارەکەم پرسی سەرەڕای هەژاری و کەمدەرامەتی، چۆنە سواڵکەرتان نییە؟ لە وەڵامدا گوتی: جەلالەتی مەلیک ناهێڵێ ئێمە ببینە سواڵکەر و لە جیاتیی ئێمە سواڵمان بۆ دەکا، چونکە ئێمە نەوت و پیشەسازی و کشتوکاڵمان نییە. کەچی سەدام حوسێن سەرەڕای ئەو هەموو خێروبێرەی عێراق، وای کرد هەندێ عێراقی فێری سواڵکردن بن.