حوسێن حوزنی هەرگیز نەیدەگوت كوردستانی عێراق
حوسێن حوزنی هەرگیز نەیدەگوت كوردستانی عێراق

كۆواری (زاری كرمانجی)، یەكێكە لە شانازییەكانی مێژووی هەولێر، كە نووسەر و ڕۆژنامەنووس و بلیمەتێكی وەكو حوسێن حوزنی موكریانی خاوەنی بووە و چەند ساڵێك بەردەوام بووە. ناونیشانەكەی لە لاپەڕەی یەكەمی هەموو ژمارەكانیدا نووسرابوو: شاری ڕواندز، لە گەڕەكی زاری كرمانجی.
لە ژمارەكانی ٢١ و ٢٢ی كۆوارەكە، لە لاپەڕەی یەكەمدا، سەید حوسێن حوزنی لە شێوەی سەروتاردا بابەتێكی توندی نووسیوە دژی ئەو هەوڵەی لە (لیوای هەولێر) لە ئارادا بوو بۆ ئەوەی خوێندن لە قوتابخانەكانی سنووری هەولێر و دەوروبەری بكرێت بە بیانی و زمانی كوردی فەرامۆش بكرێ.
بابەتەكە بەناونیشانی ”مەكتەبی كوردستان لە بری سەركەوتن بەراوژوو دەچێت“ كە تێیدا نووسەر خۆی وەكو شایەتحاڵێك باس لە دیاردەكە دەكات كە لە سنووری لیوای هەولێر هەیە و سەرەتا دەڵێ ”مەكتەبەكانی كوردستانی لیوای هەولێر كە من بەچاوی خۆم دیتمن، زۆر جێگای ئەسەفن“.
نیگەرانیی حوزنی گەیشتووەتە ئەوپەڕی بەتایبەت لە جوولەكەكانی هەولێر كە بەپاڵپشتیی ئینگلیزەكان ویستوویانە ناوەندەكانی خوێندن لە هەولێر داگیر بكەن، بۆیە كاتێك ناوی جوولەكە دەهێنێت وشەی جوولەكە بەپێچەوانە دەنووسێت و دەیخاتە نێو دوو كەوانەوە، وەكو ناڕەزایییەك لەو هەوڵەی جوولەكەكان، دیارە ئەم شێوە نووسین و ناڕەزایەتییەش یەكەم جارە لە ڕۆژنامەگەریی كوردی بەدی بكرێت كە لە ساڵی ١٩٣٠ ئەنجامی دا، وەكو بەڵگەش بۆ قسەكانی دەنووسێ ”ژمارەی شاگردی لە سەد و سی زیاترە، بیست نەفەر جوولەكە و دە نەفەر عەنكاوەیە و سەد نەفەر كوردی تێدایە، ئەمە چییە؟ گەورەكانی كورد چۆن لەوە ئاگادار نابن و چۆن بەزەیییان بەئەولادی وەتەنێك ئەوانی پێ گەیاندووە نایەت!؟“ واتە، توانج لە بەرپرسانی ئەوسای كورد دەدات، كە چۆن قبوڵی دەكەن لە ١٣٠ قوتابی، كە تەنها ٢٠ی جوولەكە و ١٠ی مەسیحییە، زیاتر لە ١٠٠ قوتابیی كوردن، كەچی زمانی كوردی فەرامۆش كراوە و زمانی بیانی و عەرەبی زاڵە لە ناوەندەكانی خوێندندا لە لیوای هەولێر.
حوسێن حوزنی موكریانی نموونەیەكی تری بۆ قسەكانی دەهێنێتەوە، كە دەری دەخات زمانی كوردی لە ناوەندەكانی خوێندن نییە، كاتێك لە ژمارە (٢٢)ی کۆواری زاری كرمانجی دەنووسێ ”جێگایەكی وەكو شەقڵاوە كە بۆ خۆم چوومە مەكتەبەكەی وەچاوم پێ كەوت، حەرفێكی كوردی نەكەوتە بەرچاوم، مدیری ناحیەی شەقڵاوە بۆچی دەبێ‌ چاو بقوچێنێت ئەگەر كورد بێ‌؟“. ڕەخنەیەكی تریشی ئەوەیە كە بۆ هەر سێ‌ لیواكەی كوردستان، دوو پشكنەر (موفەتیش) دانراون كە هیچیان كورد نین.
هەروەها لە ژمارە (٢٣)ی زاری كرمانجی كە لە (١٩٣٠/٧/٤) دەرچووە، بابەتی سەرەكی و مانشێتی گۆڤارەكە ئەمەیە ”خوێندن و معارفی كوردستان لە عصبة الاممدا“. مانشێتی دووەمیشی ئەمەیە ”كوردستان مغدوریەتی تحصیل و معارفیان بە شكایەت خستۆتە بارەگای عدالەتی پەنای كۆمەڵەی ئەقوامەوە“.
ئەو كەڵەپیاوە هەمیشە لە خەمی ئەوەدا بووە كە زمانی كوردی، زمانی ڕەسمی و سەرەكی بێت لە كوردستان، جگە لەمەش هەرگیز نەیوتووە كوردستانی عێراق، یان هەرێمی كوردستان، یان شارەكانی باكوری عێراق، هەردەم نووسیویەتی (كوردستان).


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved