بەخت و ناوچەوان
بەخت و ناوچەوان

ساڵی ١٩٨٥ لە بەشی فیزیای كۆلێجی زانستیی زانكۆی سەڵاحەدین قوتابی بووم، تەواوی ساڵەكە وانەی كیمیای فیزیاییمان خوێند، وانەیەكی هەراسانكەر بوو.
دوكتۆر ئیسماعیل خەلیل ئەلهیتی ئەو دەرسەی پێ دەگوتین، زانایەكی گەورەی كیمیا بوو، خاوەن چەندین كتێبی قەبە و گرینگ بوو كە چاوگەی كیمیا بوون لە وڵاتانی ناوچەكە، دوكتۆر ئیسماعیل مرۆڤدۆست و گاڵتەچیش بوو، پێوەندیم لەگەڵ وی خۆش بوو، وەلێ لەو دەرسە زۆر باش نەبووم.
چەند ساڵێك لەوەوبەر شاعیر و شێوەكاری عەرەب سبتی ئەلهیتی هاتە هەولێر، هەواڵی دوكتۆر ئیسماعیلم لێ پرسی، گوتی لە ئیمارات دەژیت، جارێكیان وادەی ئاروین (تاقیكردنەوە)ی بۆ داناین، منیش كەمتەرخەمانە خوێندم.
لە ئاروینەكە پرسیارێكی ئاڵۆزی هێنابووەوە كە بابەتەكەی لەبارەی خولگەی ئەلیكترۆن بوو، بۆ شیكارییەكەی دەبوو ماتماتیكزانانە بەدوایدا بچی، منیش هاوكێشەیەكم بۆ دەرهات، ئەنجامەكەم لێ هەڵە بوو، لەم هاوكێشەیە نائاگایانە هیچ بڕێكی ونبوو (مجهول)م دانەنابوو، لە ماتماتیكدا هیچ هاوكێشەیەك بێ بڕی ونبوو نابێت، دواتر كە ئەنجامی ئاروینەكەی بۆ هێناینەوە، دوكتۆر ئیسماعیل لەسەر لاپەڕەی شیكارییەكەم نووسیبووی: (این المجهول یا فحل؟) دواتر كە یەكترمان دەدیتەوە بەو ڕستەیەی وی هەردووكمان دەتریقاینەوە.
ئەم وانەیە لای پراكتیكیشی هەبوو كە دوكتۆر كەمال مستەفا لە تاقیگەكە لەگەڵمان بوو، دواجار لە كۆتاییی ساڵ هەردوو نمرەی تیۆرییەكە و پراكتیكییەكە كۆ دەكرانەوە و ئەنجامی قوتابیی لێ دەردەچوو.
من لە بەشە پراكتیكییەكە دەبوایە نمرەیەكی باش بهێنم تا بۆ كۆتاییی ساڵ لە وانەكە دەرچم. ڕۆژێكیان منی گەنج و تولازی لە گوێی گادا نوستوو، هەر لە بیریشم نییە ئەو ڕۆژە لە پراكتیكییەكە ئاروینمان هەیە!
ئەگەر خراپ بوومایە بۆ من ناخۆش دەبوو، ناچار چووینە ژووری تاقیگەكە، لە ژوورەوە هەریەكەی تیوبێكیان داینێ كە ماددەی كیمیایییان تێدا بوو، بە كۆد یان ژمارە تەنیا مامۆستاكە دەیزانی تیوبی هەر قوتابییەك چ ماددەیەكی تێدایە و بەپێی زانین و وەرامدانەوە هەر قوتابییەك نمرەی وەردەگرت.
من هیچم نەخوێندبوو، دەبوو خشتەی ماددەكان بزانم و بەپێی خشتەكان هەر ماددەیەك چەند دڵۆپ لە چ ماددەیەكی تێ دەكەیت و چی لێ دێت، ئەگەر وای لێ هات چ ماددەیەكی تری تێ دەكەیت و تا دواجار ناوی ماددەكەت بۆ دەردەكەوێ.
من هەموویم لێ تێكەڵوپێكەڵ بوو، وەك دەڵێن كەوتمە ناو گێژاوەوە و لێم وا ئاڵۆزكا، ناچار قاقەزی ئاروینەكەم هێنا لەو سەت ماددەیە چی بنووسم! خوا خوام بوو بچمە دەرەوە، هەر لەخۆوە وەڵامەكەم نووسی (Br) کە هێمای کیمیایی (بڕۆم)ە. واتە ئەو ماددەیەی ناو تیوبەكەی من (بڕۆم)ە.
دوای چوار ڕۆژ، ئەنجامەكەمان بۆ هاتەوە، بینیم دە لە دەم وەرگرتووە كە بەرزترین نمرە بوو، ئەم نمرەیە پاڵپشتێكی باش بوو تا لە سەری ساڵ لە كیمیا دەرچم.
هەر ئەوجارە بەختم سەت لە سەتی هانیوە!.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved