جاران لێخوڕینی پایسکیل لە هەولێر بە مۆڵەت بوو
جاران لێخوڕینی پایسکیل لە هەولێر بە مۆڵەت بوو
April 24, 2025

بەهۆی فراوانبوونی شار و کەمیی ئۆتۆمۆبێل و هۆیەکانی دیکەی گواستنەوە، لە شەستەكانی سەدەی ڕابردوودا زۆربەی پیاوانی هەولێر بە پایسکیل هاتوچۆی ڕۆژانەی خۆیان دەکرد، بۆ ئەوەش پێویستیان بە مۆڵەتی ڕاستەوخۆی شارەوانی هەبوو، وەك چۆن لێخوڕینی ئۆتۆمۆبێل مۆڵەتی دەویست.
ئەوكات لە هەولێر، لێخوڕینی پایسکیل ڕێڕەوێکی تایبەتی هەبووە کە لە تەنیشت شەقامەکانەوە دروست کراوە و تێیدا پایسکیلسواران کە لە هەموو چینەکانی کۆمەڵگە بوون، هاتوچۆی ئاسایی خۆیان دەکرد.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر دوای تاقیکردنەوە، مۆڵەتی لێخوڕینی پایسكیلی بەخەڵکی دەدا.
هێشتا كارتی ئەو مۆڵەتەم ماوە كە ساڵی ١٩٦٥، وەک مامۆستایەک بۆ چوون و هاتنەوەم لە قوتابخانە، داواکاریی مۆڵەتم پێشکێش بە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر كرد بۆ لێخوڕینی پایسکیل، دوای سەرکەوتنم لە تاقیکردنەوەی تایبەت، مۆڵەتی لێخوڕینی پایسکیلم وەرگرت.
سەرەتا لەسەر مۆڵەتەکە نووسرابوو ”ناتوانرێ دوای دەوامی فەرمی بەو مۆڵەتە پایسکیل لێ بخوڕدرێ“، منیش ناڕەزایییەکم بە نووسراو پێشکێش بە بەڕێوەبەری هاتوچۆی هەولێر کرد و داوام کرد ڕێگەم بدرێ لە هەموو کاتێک بتوانم بەو مۆڵەتە پایسکیل لێ بخوڕم.
لە وەڵامی داواکارییەکەمدا، بەڕێوەبەری هاتوچۆی هەولێر نیوە ڕستەیەکی دیکەی بۆ ئەو ڕستەیە ”ناتوانرێ دوای دەوامی فەرمی بەو مۆڵەتە پایسکیل لێ بخوڕدرێ“ زیاد کرد و نووسی ”جگە لە بارودۆخی پێویست“.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved