حوسێنی مەلا ئەو هەولێرییەی رۆڵی هەبوو لە دانانی پادشای عێراق
حوسێنی مەلا ئەو هەولێرییەی رۆڵی هەبوو لە دانانی پادشای عێراق

حوسێنی مەلا بەر لە 100 ساڵ شەڕی لەسەر كوردستانیبوونی مەخموور كردووە

دوای ئەربیل ئولا، دووەمین قوتابخانەی لە 1933 لە گوندی قازیخانە کردووەتەوە

مێژووی كۆن و هاوچەرخی هەولێر تژی كەسایەتیی گەورە و ناودارە، حوسێنی مەلا پیاوە ناسراوەكەی دەشتی دزەییاتی، ئەندامی خولەكانی شەشەم و نۆیەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە سەردەمی خۆیدا كەسایەتییەكی بەهێز و باڵادەستی هەولێر بووە.
ئەحمەد شێركۆ یەكێك لە نەوەكانی حوسێنی مەلا كەسایەتیی ناوداری هەولێر، بەدەم قسەكردنەوە بۆ (گڵكەند)، جار جار ئاوڕ بۆ وێنە هەڵواسراوەكەی پشت سەری دەداتەوە و دەڵێ ئێستاش سایە و سێبەری باپیرە گەورەم بەسەرمانەوەیە و ناوەكەی بۆ ئێمە و دەشتی دزەییاتی و هەولێریش بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
باپیرە گەورەی ئەحمەد یەكێك بووە لە كەسایەتییە دیارەكانی عەشیرەتی دزەیی، ئەو كوڕی حاجی مەلای كوڕی حەوێزی كوڕی حەسەن ئاغای مەحمود ئاغا بووە، ناوێكی دیارە لە دەشتی دزەییاتی و شاری هەولێر، ئەحمەد شێركۆ بە شانازییەوە دەڵێ حوسێنی مەلا نزیكەی 100 ساڵ بەر لە ئێستا شەڕی لەسەر كوردستانیبوونی قەزای مەخموور كردووە، بەهۆی چاونەترسیشەوە ژمارەیەك ئەركی ئەمنی پێ دراوە.

ئەركی پاراستنی ئاسایشی هەولێری لە ئەستۆ بووە
ئەوە دەگێڕێتەوە كە حوسێنی مەلا هاوڕێی مەلا فەندی بووە، زاوا و ئامۆزا و كەسێكی نزیكی ئیبراهیم بایزاغای سەرۆكی عەشیرەتی ئەوسای دزەییانیش بووە.
ئەحمەد شێركۆ دەڵێ باپیرە گەورەی لە ساڵی 1870 لە گوندی باقرتە لەدایك بووە و سەرپەرشتیی ئیشوكاری كشتوكاڵی كردووە.
لە دوای ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی تاوەكو هاتنی سوپای بەڕیتانی  ئەو كەسایەتییە ئەركی پاراستنی ئەمنیەتی پارێزگای هەولێری پێ سپێردراوە، لە ساڵی 1924دا نوێنەرایەتیی لیوای ئەربیلی كردووە لە ئەنجوومەنی دامەزراوەی عێراق كە لە شێوەی یەكەم پەرلەماندا لەو وڵاتە هەڵبژێردرا، یەكێك بووە  لەو بەرهەڵەستكارانەی سەردەمی خۆی كە ڕازی نەبووە كەسێكی بەدەر لە عێراقی ببێتە پادشای عێراق. 
بەپێی گێڕانەوەی ئەحمەد شێركۆ، نزیكەی 100 ساڵ پێش ئێستا حوسێنی مەلا لەگەڵ سەرۆك عەشیرەتێكی شەمەر لەسەر كوردستانیبوونی قەزای مەخموور شەڕی كردووە و سەركەوتووە، ڕای خۆی بەسەر لایەنی بەرامبەردا سەپاندووە و بۆی سەلماندوون كە مەخموور خاكی كوردانە.
حوسێنی مەلا پێش ئەوەی پادشا بۆ عێراق دابندرێت، ئەندامی ئەنجوومەنی سیادە بووە لە عێراق كە هەشت كوردی تێدا بووە، یەكێك لە كارەكانی ئەو ئەنجوومەنە دانانی پادشا بووە بۆ عێراق.
هەرچەند حوسێنی مەلا خوێندەوارییەكی باشی نەبووە، بەڵام هەوڵی داوە لە ڕێگەی كردنەوەی قوتابخانەوە خەڵكی دەڤەرەكەی هۆشیار بكاتەوە و فێری خوێندەوارییان بكات، توانی لە دوای قوتابخانەی ئەربیلی ئولا، دووەمین قوتابخانە لە ساڵی 1933 لە گوندی قازیخانە بكاتەوە.
چەندین سەرچاوەی مێژوویی باسیان لە حوسێنی مەلا كردووە، لەوانە مامۆستا مەلا خالید مورتكەیی لە كتێبێكدا بەناوی (باسی دزەیی)، لەبارەی حوسێنی مەلاوە نووسیویەتی «پیاوێكی باشە، لە بۆ ئتفاقی میانی خزمایەتی بێ وێنەیە، لە دائیرەی حكوومەتی سەربەستە، شەرم لە كەس ناكات، هە ر كەسێ ڕقی لێ ببێتەوە، زۆر چاكەی لەگەڵ دەكات، قەت ناترسێ لە هیچ پیاوێكی حكوومەت، سێ كەڕەت (مبعوس)ی لە حكوومەتی عێراق كردووە.»

مەلای گەورە چۆن باسی حوسێنی مەلای كردووە؟
ئەحمەد شێركۆ دەڵێ كە بوون بە نوێنەری لە سەردەمی كۆندا كارێكی ئاسان نەبووە، لە كتێبی بیرەوەری و روانینەكانی مەلای گەورەدا بەم جۆرە باسی مەرجەكانی وەرگرتنی ئەو كەسایەتییانە كراوە كە دەبنە (نوێنەر) «وا ئەزانم بۆ مەبعوس چەند شەرت لازمە، زوبان بزانێ،  ئاگای لە شەریعەتی قەوانین بێت و بێ جسوور و جەربەزە بێت، لە دائیرەی ئەدەب دەرنەچێت و غەزەب نەیگرێ و تەعەسوبی حیزبی نەبێت و بە چاوی مەیل و مەحابا تەماشای مەسالیح و مەفاسیدی ئومەت بكات، فەقیر نەبێت، لە گوزەرانی ئەمین بێت، بەلیغ و جەزاب بێت، خولاسەی ئەوەی ئەیناسی بڵێ وەكی حوسێنی مەلا ئاغای دزەیی بێت كە حالەن مەندوبە.»
حوسێنی مەلا لە ساڵی ١٩٥٨دا كۆچی دوایی كردووە و لە گوندی قازیخانە نێژراوە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved