فیكرەت خان: خەرك بەشەهید مەئموونیان دەگۆت چ ئیشت بەکوردایەتییە؟
فیكرەت خان: خەرك بەشەهید مەئموونیان دەگۆت چ ئیشت بەکوردایەتییە؟
April 27, 2025


فیكرەت خان خوشکی بچووكی شەهید مەئموون دەباغە، لەو دیدارەی (گڵكەند) باسی ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی دەكات، کە یەكێك لە دەوڵەمەندترین بنەماڵەكانی ئەو كاتی هەولێر و عێراقیش بوون، ئەوە دەگێڕێتەوە كە چۆن برا گەورەكەی بەپێچەوانەی بنەماڵەكە، ڕووی لە كوردایەتی كرد و ژیانی لە پێناو تێكۆشان بۆ كوردستان تەرخان كرد.
فیکرەت خان ساڵی ١٩٦٤ بەشی كۆمەڵناسیی لە زانکۆی بەنات لە بەغدا خوێندووە و قوتابیی عەلی وەردی زانای كۆمەڵناسی عێراقی بووە، دوای تەواوكردنی خوێندن، ساڵی ١٩٦٦ وەک ژمێریار لە دامەزراوەیەکی بازرگانی لە بەغدا دەستبەكار بووە.
ئەگەرچی بەشی زۆری ژیانی لە ١٩٦٠ەوە تا ٢٠٠٧ لە بەغدا بەسەر بردووە، بەڵام بەراورد بەو ژیانەی و هاوسەرگیریکردنی لەگەڵ پیاوێکی عەرەب، بەکوردییەکی پاراو قسە دەکات. هەروەها وەک خۆی دەیگێڕێتەوە، لە منداڵییەوە حەزی لە شانۆ و هونەر بووە. لە قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەولێر، بەردەوام بەشداریی شانۆگەرییەکانی قوتابخانەی کردووە، ڕەنگە یەكەم كچە هەولێرییش بێت لە مێژوودا كە لە دەرەوەی هەولێر نواندنی كردبێت، بەوەی ساڵی ١٩٦٢ لە بەغدا بەشداریی شانۆگەریی کاوەی ئاسنگەری کرد.
فیکرەت دەباغ باسی ڕۆژی پێشکێشکردنی شانۆگەرییەکەی دەكات و دەڵێ ”لە بەشی ناوەخۆیی بووم، دەبوایە بچمە هۆڵی خولد بۆ ئەوەی ماکیاژم بۆ بکرێ تاوەکو ڕۆڵی دایکی کاوەی ئاسنگەر بگێڕم. لە ناکاو باوکم سەردانی کردم. پێم گوت ئاهەنگێک لە هۆڵێك هەیە و دەمەوێ بچم، پێی گوتم نەچی، ئەوانە شیوعین و تووشی کێشە دەبی. دوای ڕۆیشتنی باوکم، بەپەلە لەگەڵ عەبدولباقیی برا گەورەم چووم بۆ هۆڵەکە و بەشداریی شانۆگەرییەکەم کرد“.
ئەو کاتەی فیکرەت دەباغ پۆلی یەکی ناوەندی بووە، باوکی لە قوتابخانە دەری هێناوە. بەڵام دوای چەند ساڵێک بەپێداگریی خۆی، گەڕاوەتەوە خوێندن، ئەو بەم شێوەیە گێڕایەوە ”لە یەکی متەوەستەی بابم لە مەکتەبێی دەرهینام و گۆتی هەرچت دەوێ لە ماروموڵک بەناوت دەکەم”. دەشڵێ لە وەڵامدا پێی گوتووە هیچی ناوێ بەس لێی بگەڕێت خوێندن تەواو بکات. دواجار باوكی ڕازی كردووە، بەو مەرجەی بۆ خوێندن نەچێتە بەغدا، كەچی كاتی چوونە زانكۆ، باوكی بەوەش ڕازی بووە كە بچێتە زانکۆی بەغدا.
بنەماڵەی فیکرەت دەباغ خاوەنی یەکەم بەنزینخانە بوون لە هەولێر، یەکەم کارگەی بەفر و یەکەم کارگەی بەرهەمهێنانی ئاردیشیان هەبووە. بەردەوام دەیان کرێکار و خزمەتگوزار لە ماڵ و شوێنی کارەکانیان خزمەتیان کردووە. وەك فیكرەت خان باسی دەكات، شەهید مەئموون كەسێكی تەواو جیاواز بوو لەناو بنەماڵەكەیان و كوردایەتی تاكە ئامانجی ژیانی بوو.
لەلایەكی دیكەوە خاتوو فیكرەت باسی نازناوی دەباغی كرد لە كاتێكدا ئەوان چەلەبی بوون، لەم بارەیەوە دەڵێ بنەماڵەکەیان جگە لە بازرگانییەکانی دیکە، پێستەی ئاژەڵیشیان خۆش دەکرد و دەیاننارد بۆ بەریتانیا بۆ بەرهەمهێنانی جانتا و کەلوپەلی دیکە، لەوەوە نازناوی دەباغ بۆ ئەندامانی بنەماڵەکەیان زیاد بوو.
مانگی ڕابردوو دەزگای كولتووریی یاد، لە هەولێر بۆنەیەكی گەورەی بۆ یادكردنەوەی شەهید مەئموون دەباغ ڕێك خست، لە میانی بۆنەكەدا ڕێدار سابیری شاعیر و نووسەر میوانداریی خاتوو فیكرەتی كرد، تا باسی كەسایەتی و ڕۆڵی شەهید مەئموونی برا گەورەی بكات. لەوێ ئاماژەی بەوە دا كە كاتی خۆی بە هاندانی شەهید مەئموون بووەتە ئەندام و کادیری یەکێتیی قوتابیان، بەرپرسی قوتابییە کوردەکانی زانکۆی بەنات بووە، هەروەها بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ ڕێكخستنی نهێنی بووە و كاری بۆ پارتی كردووە.
ئەو خوشکەی شەهید مەئموون دەباغ ئاماژەی بەوەش دا كە لەو کاتەی مەئموون دەباغ خەریکی کاری ڕێکخستن و کوردایەتی بووە، ژنێک پێی گوتووە چ ئیشت بەكوردایەتییە؟ دەتەوێ ببیە وەزیر؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتبووی پێویستی بە پلە و پارە نییە، بۆ كوردستان سیاسەت دەكات.
شەهید مەئموون هاشم حاجی عەبدولقادر چەلەبی دەباغ ساڵی ١٩٣٦ لە قەڵاتی هەولێرێ لەدایک بووە. لە منداڵییەوە هەستی بە ستەمی ڕژێمە داگیرکەرەکانی کوردستان کردووە و لە یارییەکانی سەردەمی منداڵیشدا لەگەڵ خوشکەکانی، ڕۆڵی پێشمەرگەی دەدا خۆی. لە ساڵی ١٩٤٩ قۆناغی خوێندنی سەرەتاییی لە قوتابخانەی دووەمی هەولێر تەواو کردووە، لە خوێندن بەردەوام بووە تا گەیشتووەتە قۆناغی سێی کۆلێژی ماف لە زانکۆی بەغدا.
بنەماڵەی شەهید مەئموون دەباغ یەکێک بوون لە بنەماڵە هەرە دەوڵەمەندەکانی ئەوکات، یەکەمین ئامێرە کارەبایییەکان لەسەر دەستی ئەندامانی بنەماڵەی دەباغ هێنراونەتە هەولێر. بەهۆی هەستی کوردایەتییەوە، دوای کودەتای بەعسییەکان بەسەر ڕژێمی عەبدولکەریم قاسم لە ساڵی ١٩٦٣دا، پەیوەندیی بەشۆڕشی ئەیلوولەوە کردووە. لەبەرئەوەی دوو ساڵ لە کۆلێژی ماف بوو، بڕیار درا بکرێتە حاکمی شۆڕش، بەڵام حاکمایەتیی نەکردووە، چەکی خستووەتە شانی و بووەتە پێشمەرگە، هەر ئەو ساڵە شەهید بووە.
هەرچەندە چاوی کز بوو، بەڵام خوێنەرێكی ڕژد و دۆستی کتێب بوو، بەردەوام هاتوچۆی چاپخانەی کوردستانی دەکرد و گیو موکریانیی خاوەنی چاپخانەکەش، بەردەوام ئەو کتێبانەی بۆ دابین دەکرد، کە ناوەڕۆکەکانیان دەربارەی کوردایەتی بوون.
وەک هاوڕێ و کەسە نزیکەکانی باسی دەکەن، شەهید مەئموون دەباغ کادیرێکی چاڵاک و زیرەک بووە لە ڕێکخستنەکانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان. ئەو کاتەی ویستوویەتی ببێتە پێشمەرگە، هەڤاڵەکانی پێیان گوتووە تۆ لە ڕێکخستن بمێنیتەوە باشترە، چونکە کەسێکی سەرکەوتوو و ناوازە بووە لە ڕێکخستن.
ئەو کاتەی لە هەولێر کاری ڕێکخستنی بۆ پارتی کردووە، بەشداریی چاڵاکییە نەتەوەیییە جۆراوجۆرەکانی کردووە و لە ساڵی ١٩٥٦یش یەکێک بووە لەوانەی ئاهەنگی نەورۆزی لە نزیک کارێزی کەسنەزان و لە ساڵی ١٩٥٨یش لە بەحرکە ڕێک خستووە. ئەو کەسانەی لە مەئموون دەباغەوە نزیک بوون، باس لەوە دەکەن كە چەند کەسێک کاریگەرییان لەسەر چەکەرەکردنی هەستی کوردایەتی لای ئەو هەبووە، لەوانەش حەیدەر حاجی هەمزە، کە ڕێکخستنی یەکێتیی قوتابیان بووە و باوکیشی لای باوکی مەئموون دەباغ کاری کردووە، هەروەها گیو موکریانییش کاریگەری گەورەی لەسەر هەبووە.
جگە لەوانە، مەئموون دەباغ سوودی لە قسە و باسی گوندنشینان وەرگرتووە، کە بۆ کاری پێستە بەردەوام سەردانی هاشم دەباغی باوکیان دەکرد و گفتوگۆیان لەبارەی ڕەوشی ژیان و سیاسەت دەکرد.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved