تابلۆ دەگمەنەکان لە ماڵێکی هەولێر زیندوو دەکرێنەوە
تابلۆ دەگمەنەکان لە ماڵێکی هەولێر زیندوو دەکرێنەوە

لەناو دڵی هەولێردا، هونەرمەندێک ماڵەکەی کردووە بەئادگارێكی زیندوو بۆ چەندین سەدەی هونەری کلاسیک، دیواری پڕ شاکاری جیهانی بەقەبارەی جیاواز و جێشوێنی هەزاران فڵچە، چیڕۆکێک دەگێڕنەوە کە لە سەردەمی ناپلیۆنەوە تا سەنگەرە ئەفسانەیییەکانی ئەسکەندەری مەکدۆنی دەگرێتەوە.

ئێستە لە تەمەنی پەنجا ساڵیدایە، بەڵام بەهەمان هەناسە و خولیای منداڵی كە بۆ وێنەی سەر گۆڤار و ڕۆژنامەکان هەیبوو، دەستوپلی ئاوێزانی فڵچەی فۆتۆشۆپەكەی دەكا و لەسەر كۆمپیوتەرەكەی خەریكی تێكەڵكردنی ماستەرپیسەكانی جیهانە لە ڕێگەی كۆلاج ئارتەوە كە وەك خۆی دەڵێ پشت بە بنەماكانی قوتابخانەی ناپۆلینیا دەبەستێ و كار لەسەر ئەو تابلۆیانە دەكات كە بە کوالیتەی Bilind ڕاستەوخۆ لە مۆزەخانە جیهانییەكانەوە كە خاوەنی تابلۆ ڕەسەنەكانن دەستی دەكەون.
ئیسماعیل ساڵح دەیان ساڵی تەمەنی بەسەر بردووە لە دووبارە دروستکردنەوە و داهێنانەوەی هونەری کلاسیکی ڕۆژئاوایی، ئەو كە ئێستە ماڵی لە گەڕەكی سەربەستیی هەولێرە و لە خانەوادەیەكی تا ڕادەیەك خۆپارێزە، دەڵێ زۆر جار فیگەرە ڕووتەکانی ناو تابلۆكان وەها دەگونجێنێتەوە كە لەگەڵ دابونەریتی كۆمەڵایەتیی شارەكەی و كەسوكاری بگونجێ، بۆیە جلوبەرگ یان پارچەیەك قوماش دەخاتە سەر جەستەی ڕووتی ناو تابلۆكان، ئەو توانیویەتی تا ڕادەیەكی باش جوانکاری و هەستیاری کولتووری لەگەڵ یەكتریدا بگونجێنێ.
بەهۆی ئەو تابلۆیانەوە کە چەندین قەبارەی جیاوازیان هەیە و هەزاران کاتژمێری خایاندووە بۆ تەواوکردنیان، ماڵەکەی لە ماڵی كەسی دی ناچێت، كاتێك لە دەرگەی دیوەخانەوە دەچیتە ژوورەوە، هەست دەكەیت لە دەروازەی گەلەرییەکی تایبەت و دەوڵەمەند بە كاری ڕەسەنی هونەری باڵای كلاسیكدا دەچیتە ژوورەوە.
سێ لای دیواری دیوەخانەكە بەتەواوی بە تابلۆی كلاسیكی ڕازێندراوەتەوە، كە لە هەر لایەكدا هەست بەهارمۆنیایەكی تایبەت دەكەی، دەڵێی لەلایەن شارەزا و پسپۆڕانی مۆزەخانە ناودارەكانی ئیتاڵیا و فەڕەنسا لەگەڵ یەكتریدا گونجێندراون.
كە منداڵ بوو، جیاواز لە منداڵانی دراوسێ و كەسوكاری، هەموو حەزەكانی لە کۆکردنەوەی تابلۆدا چڕ كردبووەوە، ئیسماعیل سەرەتای دەربڕینەكانی ئەو خولیای بۆ ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو دەگێڕێتەوە ”هێشتا تەمەنم نەگەیشتبووە دە ساڵ، گۆڤاری کاروان و بەیان دەردەچوون، لە هەر پەڕەیەکدا باسی تابلۆیەک یاخود نیگارکێشێک هەبوایە، دەمبڕی و کۆم دەکردنەوە“. دواتر کە فێری زمانی عەرەبی بوو، تابلۆ و بابەتە هونەرییەكانی ناو گۆڤاری (ئافاق عەرەبی) كۆ دەكردنەوە. وردە وردەش فێری وێنەكێشان بوو، بەڵام كەسوكارەكەی بەهۆی دیندارییەوە ئاسانكارییان بۆ نەكردووە و پێیان خۆش نەبووە لەگەڵ دنیای ئەفراندنی هونەریدا تێكەڵ بێت.
كاریگەریی بیركردنەوەی ئەو كات هێشتا لە سەری ئیسماعیلدا ماوە، بۆیە ئەگەرچی ئەو دەستبەرداری خولیاكەی نەبووە و هەزاران كاتژمێری تەمەنی لەناو هێڵەكانی تابلۆ جیهانییەكاندا بەسەر بردووە و هونەر بووەتە شێوازی ژیانی، كەچی لەگەڵ تابلۆكاندا دەستوپلی نەرم نەكردووە، بێ ترس جلوبەرگ دەكاتە بەری بەشێك لە فیگەرە ڕووتەكان، بەڵام بەجۆرێك كە ئەگەر بینەر لێی ورد نەبێتەوە یان پێشتر تابلۆ ڕەسەنەكەی نەدیتبێت، ئەستەمە هەستی پێ بكات.
ڕەنگە بەدەوترین كاری ئەو هونەرمەندە ونە، ئەوەیان بێت كە بەبنمیچی هۆڵی ناوەوەی ماڵەكەیدا لكێندراوە، بریتییە لە کۆکردنەوەی زیاتر لە یەك هەزار كاری هونەری، پانۆڕامایەکی گەورەیە، پێنج مەتر بە مەترێک و نیو، لە ڕاستیدا ماوەی دوو هەزار و ٢٩ كاتژمێری تەواو كاری تێدا كردووە. ئیسماعیل بەدڵنیایییەوە دەڵێ تابلۆكە ئەو کاتەی دەویست، چونکە پڕە لە وردەکاری و ڕەنگی جیاواز، لە هەر سوچێکدا بابەتێک و تابلۆیەک دەبینی. نموونە بە کارێکی نیگارکێشی ئیتاڵی جۆردانۆ بۆرنۆ دێنێتەوە، کە پیاوێکە شمشێرێکی ئاگرینی بەدەستەوەیە، هەمان ئەو فیگەرە لە سووچێکی دیکەی تابلۆكەیدا بە شمشێرەوە دەبیندرێ كە کەسێکی لە بن پێیە، ئیسماعیل دەڵێ ئەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە هێزی چاکە زاڵە بەسەر خراپەکاریدا.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved