ژۆڕناڵی ئاوەز، لە چوارچێوەی پلانێکی گشتگیر بەناوی «پڕۆژەی ئاوەز»، بەپاڵپشتیی دامەزراوەی میدیاییی کوردستان کڕۆنیکڵ، هەر سێ مانگ جارێک لە هەولێری پایتەختەوە دەردەچێت و دەلاقەیەکە بەرەو ڕووی جیهانی نوێی هزر و مەعریفە و تیۆری. لەم ژۆڕناڵەدا نووسەران وەرگێڕانی لێهاتووی کورد ئاوڕ لە باس و بابەت و مژارە گرینگەکانی پەیوەندیدار بەکۆمەڵگەی جیهانی بەگشتی و کۆمەڵگەی کوردی بەتایبەتی دەدەنەوە. ئەم ژۆڕناڵە هەوڵ دەدات خوێنەرانی خۆی لەگەڵ باسوخواسە نوێیەکانی بوارگەلی جۆراوجۆری مەعریفە ئاشنا بکات و هانیان بدات پتر و وردتر لە بابەت دیاردەکانی جیهانی دەوروبەر بیر بکەنەوە و هەڵوێست وەربگرن. ژۆڕناڵی ئاوەز بەپشتگیریی دامەزراوەی زەنگین و چاڵاکی کوردستان کڕۆنیکڵ هەوڵێکە بۆ بانگهێشتکردنی خوێنەرانی کورد بۆ سەر خوانی ڕەنگینی قەڵەمبەدەستانی ڕەسەن و خاوەن هزری کوردستان لە هەر چوار پارچەی نیشتمان.
ژۆڕناڵی ئاوەز («ئاوەز» لە زمانی کوردیدا بەواتای عەقڵ هاتووە) ژۆڕناڵێكە خۆی بۆ بوارە هزری، مەعریفی و تیۆرییەکان تەرخان دەکات و گرینگی بەهزری فەلسەفی و خوێندنەوەی زانستی و ڕاڤەکاریی ئاوەزمەندانە دەدات. ئاوەز لە كاتێكدا هاتووەتە نێو گۆڕەپانی نووسین لە بواری هزر و ئەندێشەوە كە لەناو جڤاکی كوردیدا یەك ژۆڕناڵ یا گۆڤاری فیكری – فەلسەفیی مکوڕ و جیدی لە ئارادا نییە و، کۆمەڵگەکە سیخناخە لەو هێزانەی دژی ئاوەز و دژی ئازادی و دژی زانست و فەلسەفەن. هەر بۆیە، ژۆڕناڵی ئاوەز چاوی لەوە بڕیوە ببێتە سەكۆیەك بۆ هەموو ئەو نووسەر و ئەکادیمی و بیرمەندانەی داكۆكی لە ئاوەزگەری و زانست و عەقڵانییەت و ڕۆشنگەری و ڕەخنەکاری دەكەن. هەر ژمارەیەکی ئەم ژۆڕناڵە لە سێ بەش پێك دێت: باس و لێكۆڵینەوە و تەوەرەی ژمارە و خوێندنەوەی كتێب. بەشی «باس و لێکۆڵینەوە» بۆ بڵاوکردنەوەی لێکۆڵینەوە و وتاری ڕەسەنی زانستی تەرخان دەکرێت. بەشی «تەوەرە» لە هەر ژمارەیەکدا لەسەر چەمکێک یان مژارێکی مەعریفی لەنگەر دەگرێت و لە ڕوانگەی جۆراوجۆرەوە و تا ڕادەیەکیش بەئاوڕدانەوەی لە دۆخی جڤاکی کوردی چەمک و مژاری بەرباس تاوتوێ دەکات. بەشی «خوێندنەوەی کتێب»یش هەر جارە و چەند کتێبێکی گرینگی بوارە جیاجیاکانی زانست و مەعریفە لەسەر ئاستی جیهانی، بەوردی شی دەکاتەوە و هەڵیان دەسەنگێنێت و بەخوێنەریان دەناسێنێت.
لایەنێکی دیکەی پڕۆژەی گشتگیری ئاوەز، بابەتی پشتگیریکردن و هاندانی هەمەلایەنەی پسپۆڕان و بیرمەندان و توێژەرانە. وەک نەریتێکی جیهانی و پەسندکراو، خەڵاتکردنی بیرمەندان و پسپۆڕانی بوارە جیاجیاکانی زانست و مەعریفە دیاردەیەکە لە جیهانی ڕۆژاوادا مێژینەی هەیە، بەڵام بەداخەوە لەنێو جیهانی ڕۆژهەڵات بەگشتی و ئێمەی کورد بەتایبەتی، هێشتا بەتەواوی جێ نەکەوتووە و برەوی نەسەندووە. ئەگەر لە ئاستی جیهانیدا بڕوانین، بۆ نموونە، میدالیای جۆرج سارتن بەرزترین خەڵاتی نێودەوڵەتییە لە بواری مێژووی زانستەکاندا. ئەم خەڵاتە کە بەناوی توێژەری مێژووی زانست جۆرج سارتن (George Sarton) نراوە، لە ساڵی ١٩٥٥ەوە هەموو ساڵێک لەلایەن دامەزراوەی مێژووی زانست پێشکێش بەتوێژەرانی ئەم بوارە دەکرێت. یەکەم خولی ئەم خەڵاتە ساڵێک پێش کۆچی دواییی جۆرج سارتن پێشکێش بەخۆی کرا. کەسایەتییەکی بەناوبانگی دیکە کە ئەم خەڵاتەی بردووەتەوە فەیلەسووفی هەڵکەوتەی فەلسەفەی زانست و نووسەری کتێبی ناسراوی «پێکهاتەی شۆڕشە زانستییەکان» تۆماس کووهنە.
لەم ڕوانگەیەوە، بەشێکی دیکەی پڕۆژەی ئاوەز، کە دەچێتە چوارچێوەی سیاسەتی هاندانی ڕاستەوخۆی توێژەرانی کورد و خۆشکردنی زەمینە بۆ کاری توێژینەوە، خەڵاتی ساڵانەی ئاوەزە. ئێمە پێمان وایە توێژینەوە وەک هەر کایەیەکی دیکەی کۆمەڵگە پێویستی بە هاندان و پشتگیریکردنە و، هەر بۆیە بەپاڵپشتیی مەعنەوی و مادیی دامەزراوەی میدیاییی کوردستان کڕۆنیکڵ، ساڵانە خەڵاتی ئاوەز بە دوو باشترین وتار دەبەخشرێت کە بریتی دەبێت لە قەڵغانی ڕێزلێنان و پاداشتی مادی. هەر لێرەوە، بۆ ئاگاداریی توێژەرانی کورد ڕای دەگەیەنین مژاری یەکەمین خەڵاتی ئاوەز بۆ توێژینەوەی هزری بریتی دەبێت لە ناونیشانی تەوەرەی ژمارە ٤ی ئاوەز، واتە: «مێژوو چییە؟ ئایا مێژوو کایەیەکی تەنیا گێڕانەوەیییە یان مەعریفیشە؟ چۆن بتوانین مێژووی کورد زانستییانە بخوێنینەوە؟ لە باری مەعریفییەوە چی بکرێت بۆ ئەوەی هەڵە تراژیکەکانی مێژووی کورد دووبارە نەبنەوە؟» دوا وادەش بۆ وەرگرتنی توێژینەوەی تایبەت بە خەڵاتی یەکەمی ئاوەز ڕێکەوتی (٢٠٢٥/٦/١) دەبێت. هەڵبەت توێژینەوەکان دەبێت لە چوارچێوەی توێژینەوەی زانستیدا بن، وەک ئەوەی لە ڕێبەری بڵاوکردنەوەی توێژینەوە لە ژۆڕناڵی ئاوەز بڵاو کراوەتەوە.
ژۆڕناڵی ئاوەز بانگەشە بۆ «ڕاستی، نەک ڕا» دەکات، لەبەرئەوەی کۆمەڵگەی کوردی پێویستی بەو هەقیقەتانە هەیە کە لەسەر بنەمای فاکت و ڕاستییەکان دامەزراون، نەک وەهم و مەزەندەکان. وشیاری و وریایی ڕاستەقینەی تاک و کۆمەڵ ئەو کاتە مسۆگەر دەبێت کە شیکردنەوەکان، بەتایبەت شیکردنەوەی کەسانی پسپۆڕ و تەکنۆکرات و ئەکادیمی و بیرمەند، بەپێوەری عەقڵانییەت و ئاوەزمەندی ئەنجام بدرێن، نەک بەگوێرەی دۆکتۆرینێکی سیاسی یان خواستی بەرژەوەندیخوازانە یان وەهمی ئایدیۆلۆژیک. ئامانجی پڕۆژەی ئاوەز بەدامەزراوەییکردنی عەقڵانییەت و بەعەقلانیکردنی دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی کوردییە، هەر لە دامەزراوە سیاسییەکانەوە بگرە تا دەگاتە دامەزراوە کۆمەڵایەتی و ئابووری و کولتوورییەکان. هەر لەم پێناوەدا، لە هەر ژمارەیەکی ژۆڕناڵی ئاوەزدا تەوەرەیەکی تایبەت و تێروتەسەل بۆ بوارە جۆراوجۆرەکانی مەعریفی و هزرڤانی و تیۆری تەرخان دەکرێت. بۆ نموونە، لە ژمارەی یەکەمدا، لەسەر بابەتی «زمان و ناسنامە» لەنگەر گیراوە و لە ژمارەی دووهەمدا، ئاوڕی جیدی لە مژاری گرینگی «زانست و فەلسەفەی زانست» دراوەتەوە و لە ژمارەی سێهەمدا، «ئەرک و دەوری فەلسەفە لە کۆمەڵگە»دا شی کراوەتەوە. فاروق ڕەفیق، کەسایەتیی دیاری گۆڕەپانی نووسینی کوردی و سکۆڵەری بواری فەلسەفە، سەرنووسەری ژۆڕناڵەکەیە و، عەبدولخالق یەعقووبی، توێژەر و وەرگێڕی بواری هزر و ئەدەب، وەک سكرتێری نووسینی ئاوەز کار دەکات و، دامەزراوەی میدیاییی «كوردستان كڕۆنیكڵ» سپۆنسەری ئەم بلاڤۆکە دەكات.
ئەرکی ژۆڕناڵی ئاوەز وەک تاکتیک بریتییە لە برەودان بەفەرهەنگی توێژینەوە و هزرین و ڕۆشنگەری و ڕەخنەکاری لە هەموو بوارەکانی مەعریفە و فیکر و تیۆری، بەڵام وەک ستراتیجی، چاوی لە ئاسۆی بەهێزکردنی ناسنامەی مرۆڤ و کۆمەڵی کوردی بڕیوە. گوتاری سەرەکیی ژۆڕناڵی ئاوەز گوتاری هەقیقەتە مرۆیییەکان و جوانکردنی نیشتمانە، نەک بەرژەوەندییە ئایدیالۆژیکەکان و پێشینەدان بەگێڕانەوە بچووکەکان. ژۆڕناڵی ئاوەز لە ڕێگەی خوێندنەوەی فەلسەفی و مەعریفە – تەوەر بۆ بارودۆخی جیهان و کوردستان هەوڵ دەدات پێگەی ناسنامەی کوردی لەم جیهانە پڕکێشە و تژی لە ئاریشەیەدا بەهێز و تۆکمە بکات و هاوکات تاکی کورد هان بدات نیشتمانەکەی خۆی خۆش بوێت، بێ ئەوەی ئەم خۆشەویستییە لەسەر حسێبی چاوپۆشیکردن بێت لە کەمایەسی و خاڵە نەرێیەکانی (سلبییەکانی) نەریت و کولتوور و کۆمەڵگەی خۆی.
ژۆزێ ساراماگۆ، نووسەری بەناوبانگی پورتوگالی و براوەی خەڵاتی نۆبێڵ و خوڵقێنەری ڕۆمانی «کوێری»، لە شوێنێکدا گوتوویەتی: «هەندێک کەس سەرلەبەری ژیانی خۆیان بۆ خوێندنەوە تەرخان دەکەن، بەڵام هەرگیز لە خوێندنەوەی وشەی سەر لاپەڕەکان تێناپەڕێنن؛ ئەوان نازانن وشە تەنیا کۆمەڵێک بەردەبازن لەنێو ڕووبارێکی خرۆشاندا و، هۆکاری بوونی ئەو بەردەبازانە بۆ ئەوەیە ئێمە بتوانین بەسەلامەتی بگەینە ئەوبەری ڕووبارەکە؛ ئەوەی گرینگە پەڕینەوە لە ڕووبار و گەیشتن بەئامانجە». ژۆڕناڵی ئاوەز هیوای ئەوە دەخوازێت سەرجەم وشە و ڕستە و بابەتەکانی ببنە بەردەبازێک بۆ گەیشتن بە کەنار، کەنارێک کە بریتییە لە تاکی ژیری کورد و جڤاکی وشیاری کوردی، تاک و کۆمەڵێک کە لەسەر دیاردەکانی دەوروبەریان بیر بکەنەوە و لە ئاست ناحەزییەکانی کۆمەڵگە ڕەخنەگر بن و بە ئاراستەی پێشخستنی کۆمەڵگە و ئاوەدانی و ئاسایشی وڵات و خۆشەویستی بۆ نیشتمان هەنگاو بنێن.