یه‌كێك له كه‌سایه‌تییه ناودار و كاریگه‌ره‌كانی شاری هه‌ولێر له نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی ڕابردوودا، كه هه‌م له سه‌رده‌می عوسمانی و هه‌م پاش دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراقیش ڕۆڵ و به‌رپرسیارێتیی گرینگی سیاسی و كارگێڕیی هه‌بووه، ئه‌حمه‌د عوسمان ناسراو به ئه‌حمه‌د ئه‌فه‌ندییه، كه یه‌كێك له جێده‌سته دیاره‌كانی كردنه‌وه‌ی ”ده‌رگەی ئه‌حمه‌دییه“ی باكوری خۆرئاوای قه‌ڵاتی هه‌ولێره.
ئیحسان ڕه‌شاد موفتی، كه لەدایکبووی ساڵى ١٩٥٤ى شاری هەولێره، نووسەر و ڕۆژنامەنووس و پارێزەرە، کوڕی ڕەشاد موفتی، کەسایەتیی دیارى ئاینی و ئەدەبی كورده له هه‌ولێر، كه ئه‌حمه‌د عوسمان مامی خوالێخۆشبوو ڕه‌شاد موفتیی باوكیه‌تی، له دیمانه‌یه‌كدا باسی پێگه و ڕۆڵی (ئه‌حمه‌د ئه‌فه‌ندی) بۆ (گڵكه‌ند) ده‌گێڕێته‌وه، كه لێره‌دا پوخته‌ی گێڕانه‌وه‌كه ده‌خه‌ینه ڕوو:
وه‌ك موفتی باسی كرد، ئه‌حمه‌د عوسمان کوڕی مەلا عوسمان کوڕی مەلا ئەبوبەکری مەلا گچکەی ھەولێر و ئامۆزای كه‌سایه‌تیی ئاینیی ناوداری هه‌ولێر (مه‌لا ئه‌فه‌ندی) بووه، كه بنه‌ماڵه‌كه‌یان له سه‌ده‌ی شازده‌مدا له تاو شاڵاوی به‌شیعه‌كردنی زۆره‌ملێی سوننه‌كان له‌لایه‌ن شا ئیسماعیلی سه‌فه‌وییه‌وه، له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه كۆچ ده‌كه‌ن بۆ كوردستانی باشوور؛ سەرەتا لە هەریر و پاشان لە ماوەران و دواتر له ھەولێر ده‌گیرسێنه‌وه و لە مزگەوتی قەڵا دەست دەکەن بەئیمامەتى و فتوادان و بەڕێوەبردنی قوتابخانە ئاینییه‌كانی هه‌ولێر. باوکی (واته مەلا عوسمان ئەفەندی) حاکمى دادگه‌ی مووسڵ بووە؛ هه‌ر بۆیه هه‌م پله و پایه‌ى بنه‌ماڵه‌كه‌ی، هه‌م لێهاتووییى خۆی وایان كردووه پێگه و ناوى دره‌وشاوه بێت.
ئەحمەد عوسمان له كۆتایییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا سەرۆکی شارەوانیی هه‌ولێر بووه، كه ئه‌و كاته قه‌زایه‌كی سه‌ر به‌ویلایه‌تی مووسڵ بووه، دوای شكستی ده‌وڵه‌تی عوسمانی له جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌م و هاتنی ئینگلیز له ١٩١٨ و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراقیش، وه‌ك سه‌رۆكی شاره‌وانی له‌گه‌ڵ ئه‌فسه‌ری ئینگلیز و پاشتر یاریده‌ده‌ری حاكمی سیاسیی هه‌ولێر كاپتن (دبلیو. ئاڕ. های) پێكه‌وه ده‌چنه لای ئەو ھێزە بچووکەی عوسمانی كه لە ڕۆژئاوای هەولێر نیشته‌جێ بوون، تا ئاڵوگۆڕیی ده‌سه‌ڵات بكه‌ن.
هاوكات له‌به‌ر پێگەی مێژوویى و گرینگیی شاره‌كه لە ناوچەکەدا پێشنیار ده‌كات هه‌ولێر له قه‌زاوه بكرێته لیوا و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته - وه‌ك كاپتن های له كتێبه‌كه‌یدا «دوو ساڵ له كوردستان»دا باسی ده‌كات، له (١٩١٩/١٠/٢٩) له‌گه‌ڵ كاپتن های سه‌ردانی به‌غدا ده‌كه‌ن و پێشنیاره‌كه ده‌خه‌نه به‌رده‌م (عەقید ویلسۆن) حاکمی گشتیی بەریتانیا لە عێراق؛ ویلسۆن ڕاسته‌وخۆ پێشنیاره‌كه‌ی په‌سند نه‌كرد و بڕیاره‌كه دوا خرا، به‌ڵام دوای ئه‌و سه‌ردانه‌ی به‌غدا؛ ھەولێر نیمچە سەربەخۆییی كارگێڕیی وەرگرت و به‌كرده‌نی وەک لیوا مامه‌ڵه‌ى لەگەڵدا دەكرا، تا ساڵی ١٩٢٣ به ڕه‌سمی بوو به‌لیوایەکی سەربەخۆ و (ئەحمەد عوسمان)یش كرا به یه‌كه‌مین موتەسەڕیفی لیوای ھەولێر.
ئه‌حمه‌د عوسمان پیاوێكی ڕۆشنبیر و خه‌مخۆر و كارامه بوو، له سه‌روه‌ختی لاوازبوون و پاشه‌كشه‌ی هێزه‌كانی عوسمانی و پێش هاتنی ئینگلیزدا توانی ھەولێر لە فیتنە و کارەسات بپارێزێت، كه ئەو کاتە بەفیتی پاشماوەی هێزه‌كانی عوسمانی، بەناوی ئیسلامه‌وه، هه‌وڵ ده‌درا به‌بیانووی ئه‌وه‌ی گوایه ئه‌وانه له‌گه‌ڵ ئینگلیزن، كریستیانه‌كانی عه‌نكاوه قه‌تڵوعام بكرێن، به‌ڵام بەفەتوای مەلا ئەفەندی ئامۆزای و پاڵپشتیی موفتیی ھەولێر و ھۆزەکانی دەوروبه‌ری شار، پێش به‌و كاره‌ساته گیرا.
هه‌روه‌ها له چه‌ندین وێستگه‌ی تردا ڕۆڵی له به‌رقه‌راركردنی ئاشتی و سه‌قامگیریدا بینیوه، له‌وانه هه‌وڵه‌كانی بۆ هێنانه كایه‌ی دانوستاندن و ڕێکكه‌وتن له نێوان شێخ مه‌حموودی حه‌فید و ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا (مەلیک فه‌یسه‌ڵ و ئینگلیز)، ئه‌ویش به‌هۆی دۆستایه‌تیی نزیكی له‌گه‌ڵ شێخ مەحموودی نەمر، كه ئەو دۆستایەتییە بۆ پەیوەندیی مێژووییی نێوان ھەردوو بنەماڵە ده‌گه‌ڕێته‌وه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و متمانه‌یه بوو ساڵی ١٩٢٧ له‌سه‌ر داوای مەلیک فه‌یسه‌ڵ گوێزرایه‌وه و كرا به‌موتەسەڕیفی دووەمی سلێـمانی، مه‌لیك ده‌یویست دڵنیایی بداتە شێخ مه‌حموود كە موتەسەڕیفی شار لەو پیاوانەیە جێگەی متمانەی ئەوە بۆ گفتوگۆكردن.
پاش دەستبەكاربوونی (ئەحمەد عوسمان) وەكو موتەسەڕیفی سلێمانی، لەگەڵ حاكمی ئیداریی ئینگلیز، بەیاوەریی شێخ قادری برای شێخ مەحموودی حەفید كە ئەو كات بووبووە ئەندامی دامەزرێنەری ئەنجوومەنی دەوڵەتی عێراق، چەندین جار پەیوەندیی بەشێخەوە دەكات و گفت و بەڵێنه‌كانی مەلیك و ڕاوێژكاری وەزارەتی ناوەخۆ (كۆرنوالیس) بەشێخ ده‌گه‌یه‌نێت. واته ئه‌حمه‌د عوسمان وەكو ناوبژیوانێك بووه لە نێوان مەلیك و شێخدا و ئاڵۆگۆڕی نامه له نێوانیاندا هه‌بووه، تێیاندا ئه‌حمه‌د ئه‌فه‌ندی هه‌وڵی داوه شێخ دۆخی كورد و هه‌ژموونی ئینگلیز له دنیادا به‌وردی بخوێنێته‌وه و كۆتایی به‌شه‌ڕ بێنێت و له‌گه‌ڵ به‌غدا ڕێك بكه‌وێت.
ئه‌و هه‌وڵانه ڕۆڵیان هه‌بوو له‌وه‌ی له ٢٨ی حوزەیران ١٩٢٧ سەرۆك وەزیران (جەعفەر عەسكەری) بەیاوەریی موتەسەڕیف ئەحمەد عوسمان له پێنجوێن له‌گه‌ڵ شێخ كۆ ببنه‌وه و نامه‌ی مه‌لیكی پێ بگه‌یه‌نن و قایلی بكه‌ن سه‌ردانی به‌غدا بكات، ئه‌وه بوو شێخ لە ٢ی تەمووزی ١٩٢٧ لە خورماڵەوە گه‌یشته سلێمانی، له‌وێ شێخ بەتەلەفۆن لەگەڵ مەلیک فەیسەڵ قسە ده‌كات، دوای ئەو گفتوگۆیە شێخ بڕیار ده‌دات بچێته بەغدا، ئه‌وه بوو له ٤ی تەمووزی ١٩٢٧ بەفڕۆكه گەیشتە بەغدا، پاشتر لەگەڵ ئەحمەد ئەفەندی و (حوسێن زەكی بەگ) دەچنە لای (مەندووبی سامی بەریتانی) و دوای ئەویش دەچنە لای مەلیک فەیسەڵی یەكەم.
ئەحمه‌د عوسمان ھەردەم لەگەڵ ئەوەدا بووه به‌و ئامرازانه‌ی له به‌رده‌ستن پارێزگاری له مافی میللەتی خۆی بكات. ئه‌وه بوو به‌گوێره‌ی ڕێکكه‌وتننامه‌ی لۆزانی ١٩٢٤ كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان بڕیاری دا لێژنه‌یه‌ك بنێرێت تا بۆچوونی خه‌ڵكی ویلایه‌تی مووسڵ بزانێت كه ئاخۆ ده‌یانه‌وێت له‌گه‌ڵ توركیای كه‌مالی بن یان بچنه پاڵ ئەو عێراقەی ئینگلیز دای مەزراندبوو، ئه‌و كاته هه‌موو لێكدانه‌وه‌كان به‌و ئاراسته‌یه بوون، كه وا باشتره ویلایه‌تى مووسڵ لەگەڵ عێراق و لەژێر ئینتیدابی ئینگلیزدا بێت، نه‌ك گەڕانەوە بۆ ژێر ده‌سه‌ڵاتی تورک، هه‌ر بۆیه‌ش، موتەسەڕیفی ھەولێر و خانەوادەکەی و هه‌موولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بەھیچ جۆرێک نه‌گەڕێنەوە سه‌ر نه‌خشه‌ى تورکیا.
ساڵی (١٩٢٥) لێژنه‌كه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان هاتە كوردستان و ماوەی سێ مانگ مایەوە، لەو كاتە چارەنووسسازەدا (مەلیك فەیسەڵ)، بۆ به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانیی كورد بۆ بژارده‌ی مانه‌وه‌ی ویلایه‌تی مووسڵ له چوارچێوه‌ی عێراقدا شان به‌شانی هه‌ردوو ویلایه‌تی به‌سڕه و به‌غدا، لە كۆتاییی مانگی ١٢ی ساڵی (١٩٢٤) گه‌یشته هەولێر و نزیکەی ھەفتەیه‌ک لە قەسری باداوان میوانی مەلا ئەفه‌ندی بوو، لەو ماوه‌یه‌دا، زۆربەی سەرۆک ھۆزەکانى کورد سەردانیان کرد، پاشتر له وته‌یه‌كیدا له مزگه‌وتی گه‌وره‌ی قه‌ڵای هه‌ولێر جەختی له‌وه كرد‌ەوە ئه‌گەر میلله‌تى كورد دەنگ بەمانەوەیان لەناو نه‌خشه‌ى عێراقدا بدەن مافی کورد لە عێراقدا پارێزراو دەبێت.
موته‌سه‌ڕیفی هه‌ولێر (ئەحمەد عوسمان)یش بۆچوونی وا بوو پێویسته كورد هه‌موو یه‌كده‌نگ بن له‌سه‌ر مانەوەی باشووری کوردستان لەگەڵ عێراقدا، به‌تایبه‌ت كه ئه‌و كاته (شێخ مەحموود) لەگەڵ ئینگلیز لە شه‌ڕ و پاشەكشەكردندا بوو، بۆیه خەڵكی كوردستان و سەركردەكانیشی له‌و باوه‌ڕه‌دا بوون مانه‌وه‌ی ویلایه‌تی مووسڵ له چوارچێوه‌ی عێراقدا باشتره له‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه ژێر ده‌سه‌ڵاتی توركه‌كان، كه هیچ ئومێدێك نه‌بوو دان به‌هیچ مافێكی كورددا بنێن.
ئەحمەد عوسمان له‌و ماوه‌یه‌دا موتەسەڕیفی هەولێر بووە چه‌ند كار و پڕۆژه‌یه‌كى گرینگی ئه‌نجام داوه، كه هه‌ندێكیان تا ئێستەش ماونه‌ته‌وه، له‌وانه: ئه‌و دەرگەیه‌ى دەڕوانێتە باکوری ھەولێر، پێشتر ڕێگەیه‌کی زۆر تەسک بووە و وەک کۆڵانێکی باریک ھاتوچۆی لەسەر بووە. دوای ساڵی ١٩٢٤ دەرگەكه و ڕێگەکەی کردەوە، هه‌ر بۆیه له ناوی ئه‌وه‌وه ناوى لێ نرا «ده‌رگەى ئه‌حمه‌دییه«.
هه‌روه‌ها ئه‌گەر سەیری وێنە ئه‌رشیفییه‌كانى دەوروبه‌ری قەڵا بكەین، ده‌بینین هیچ ئاوەدانی و شەقامێكی تێدا نەبووە، به‌ڵام پاش کردنەوەی دەرگەی ئەحمەدییە، ڕێگەی دەوری قەڵا، یەکەم شه‌قامى بازنەیی لە ھەولێر دەستی پێ کردووە، دواى ئه‌ویش شه‌قامه بازنه‌یییه‌كانى ٣٠-٤٠-٦٠ -١٠٠-١٢٠ -١٥٠ مەتری دروست کراون، كه سه‌رچاوه‌كه‌ى هه‌ر شه‌قامه بازنەیییه‌كه‌ى یەکەمه و له‌وێوه ئەو شەپۆڵە لەنێو نەخشەسازیی شاری ھەولێر ڕەنگی داوه‌ته‌وه.
ئەحمەد عوسمان ساڵی ١٨٧٩ لە قەڵاتی هەولێر لەدایك بووە، ساڵی ١٩٢٣ بووه به‌موتەسەڕیفی شاری هەولێر تا ساڵی ١٩٢٧، دواتر كراوه به موته‌سه‌ڕیفی شاری سلێمانی، تا ساڵی ١٩٢٩ له‌وێ ماوه‌ته‌وه، لە هەمان ساڵدا، بووه‌ته ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی عێراق لە بەغدا، تا ساڵی ١٩٣٧ به‌رده‌وام بووه، دواى ئه‌وه‌ش، بەنوێنەرایەتیی شارى هەولێر بووه‌ته ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانى عێراق و بۆ ماوەی سێ خولی لە دوای یەك ماوه‌ته‌وه، لە ١٠ی كانوونی دووەمی ١٩٤٦ كۆچی دواییی كردوه و شەش كوڕی له‌پاش به‌جێ ماوه به‌ناوه‌كانی: (فەیسەڵ، زه‌ید، فوئاد، مه‌حموود، نەوزاد، غازی).
ئیحسان رەشاد موفتی لەگەڵ دکتۆر مەحموود ئەحمەد عوسمان، هەولێر ٢٠٢٥.
ئەحمەد عوسمان یەکەم موتەسەریفی هەولێر لەگەڵ کارمەندانی موتەسەریفیەت و موفەتیشی ئیداریی ئینگلیز. ساڵی ١٩٢٧.
ئەحمەد عوسمان، دووەم موتەسەریفی سلێمانی و شێخ مەحموودی حەفید پێش چوونیان بۆ بەغدا بە بانگهێشتی مەلیک فەیسەڵ.