رۆژانە 40 تۆن شیر لە ئاژەڵداران دەكڕێتەوە
لە وەتەی زۆم دامه‌زرایە، خه‌ركی مه‌نتیقه‌ی زێتر به‌ری خۆیان دایته‌وه حه‌یوانی، هه‌یه ده دوازده‌كیا كڕییە، ئه‌منیش ئه‌مه‌وێت چ ئیشی دی نه‌كه‌م، به‌س چێرا به‌خێو كه‌م. ئەوە قسەی جووتیارێكی سنووری خەلیفانە، كە ماوەی دوو ساڵە بەرهەمی شیری مانگاكانی دەداتە پڕۆژەیەكی سپیاییی خۆماڵی و چیی دی بەرهەمی شیری بەخەسار ناچێت.
ئێستە پڕۆژەیەکی خۆماڵیی تایبەت بە بەرهەمە سپیایییەکان له گوندێكی سنووری قەزای مێرگەسۆر ڕۆژانە 40 تۆن شیری ئاژەڵی جووتیاران کۆ دەکاتەوە و لە کارگەیەكدا بەرهەمی لە قوتوونراوی خۆماڵیی لێ دروست ده‌كات، هەلی کار بۆ 250 کەس دەڕەخسێنێ و داهاتێكی ڕۆژانەی جێگیریش بۆ 2500 ئاژەڵدار دابین دەكات.
ئەوە پڕۆژه‌ی ((زۆم(ە، له گوندی ژاژۆكی سه‌ر به‌قه‌زای مێرگه‌سۆری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگەی هەولێر لەسەر ڕووبه‌ری 12 دۆنم زه‌وی بنیاد نراوە، ڕۆژانه له ڕێگه‌ی 26 بنكه‌ی وەرگرتنەوە، نزیكه‌ی 40 تۆن شیری مانگا له جووتیاران وه‌رده‌گرێت.
شیرەکە بەچەند قۆناغێکدا تێ دەپەڕێت کە سەرەتا لە پشكنین لە تاقیگه و دڵنیابوون له پاكیی شیره‌كە و گونجاوی دەست پێ دەکات، نزیكه‌ی 10 جۆر به‌رهه‌می شیره‌مه‌نیی لێ دروست ده‌كرێ و ڕه‌وانه‌ی بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێن.
كارگه‌كه وەکو هەڵسووڕێنەرانی ئاماژەی بۆ دەکەن ئامانجیه‌تی به‌رهه‌مهێنانی سپیاییی خۆماڵیی زیاد بكات و سه‌رمایه‌ی هه‌رێمی كوردستان لە هاوردەكردنی بەرهەمی سپیاییدا نه‌چێته ده‌ره‌وه.
بڵند كوردۆ جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی پڕۆژه‌ی زۆم بۆ) گڵكه‌ند) ڕای گه‌یاند، له ناوه‌ڕاستی 2023 له گوندی ژاژۆك له سنووری قه‌زای مێرگه‌سۆر كارگه‌ی زۆم دامه‌زرا، ئامانجی پڕۆژه‌كه خزمه‌تكردنی ئاژه‌ڵدارانه، چونكه ئاژه‌ڵدارێكی زۆر له سنووره‌كه هه‌ن، به‌مه‌ش جگه له‌وه‌ی كارگه‌كه بووەته هۆكارێك بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی گوند و ناوچه شاخاوییه‌كان ڕوو له ئاژه‌ڵداری بكه‌نەوە، ده‌ستی كاریشی بۆ نزیكه‌ی 250 كه‌سی سنووره‌كه ڕه‌خساندووه.
ئاماژه بەوەش ده‌كات 26 بنكه‌ی وه‌رگرتنی شیریان له دهۆك و هه‌ولێر هه‌یه، بنكه‌كان له نزیكی گونده‌كانن، هه‌وڵ ده‌دەن لە داهاتوودا بنكه‌كان زیاتر بكرێن له سنووری پارێزگەكانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ش بكرێنه‌وه بۆ ئەوەی جووتیارانی ئەو سنوورانەش سوود لەو پڕۆژەیە و ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان وەربگرن.
سالار بایز (ته‌مه‌ن ٤١ ساڵ) جووتیارێكی دانیشتووی ناحیه‌ی سرێشمه‌ی قه‌زای خه‌لیفانه، لە نۆهەتەكانەوە له پاڵ كاری خۆی، چه‌ند مانگایه‌كیش به‌خێو ده‌كات، ماوه‌ی دوو ساڵیشه به‌رهه‌می شیری ڕۆژانه‌ی مانگاكانی به‌كۆمپانیای زۆم دەفرۆشێ. ئەو بە زاری خۆی دەڵێ "ئه‌مه دوو چێرنا هه‌یه، ڕۆژێ ته‌قریبه‌ن ده كیلۆ شیری ده‌ده‌ن، ئه‌وه لۆ دوو ساری ئه‌چی ڕۆژێ هه‌شت كیلۆیا ده‌ده‌ینه شه‌ریكه‌ی و ئه‌وی دی لۆ خۆنه".
بەم شێوەیە زۆم بووەتە هۆی دابینكردنی داهاتێكی ڕۆژانەی جێگیر بۆ خێزانی ئەو جووتیارە. ئەو دووپاتیشی دەكاتەوە كە "ئه‌و شه‌ریكه زۆر چاكه لۆمه، چونكێ پێشترێ شیره‌كه‌ن پێ ساغ نا‌بۆوه، هه‌نده ڕۆژان خه‌ساره بوو".
بەهۆی ئەم پڕۆژەیەوە، ئێستە به‌رهه‌می شیری مانگا به‌شێكە له سه‌رچاوه‌ی داهاتی ئەو خێزانه و ٢٥٠٠ خێزانی تری سنووری پارێزگەی هەولێر.
ئاژەڵدارەكەی سرێشمە دەشڵێ "پاش ئه‌وه‌ی زۆم دامه‌زرا، خه‌ركی مه‌نتیقه‌ی زێتر به‌ری خۆی دایته‌وه حه‌یوانی، هه‌یه ده دوازده‌كیا هه‌یه، ئه‌من ئه‌گه‌ر پاره‌م بێته ده‌ستی هه‌شت نۆ ده قلی باش ده‌كڕم، ئه‌مه‌وێت چ ئیشی دی نه‌كه‌م و به‌س چێرا به‌خێو كه‌م".
هەفتەی ڕابردوو کامەران حوسێن بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە لێدوانێكیدا ڕای گەیاندبوو كە کارگەی زۆم لەسەر ئاستی عێراقدا لە ڕووی جۆرییەوە یەکەمە، لە كێبەڕكێی نێوان کارگەکانی هەرێمی كوردستان و عێراقدا خەڵاتی پلەی یەکەمی پێ دراوە، چونكە باشترین بەرھەمی سروشتیی خۆماڵی بە بەرزترین کوالێتی پێشكێشی بەكاربەران دەكات.
لەم بارەیەوە بڵند كوردۆ دووپات لەسەر شێوازی پشكنین و كوالێتی شیر دەكات لە كارگەكەیان و ده‌ڵێ له‌نێو بنكه‌كان تاقیگه هه‌ن بۆ پشكنینی شیر، ده‌فرێكی تایبه‌ت به گواستنه‌وه‌ی شیر به‌ئاژه‌ڵداران دراوه كه به‌هۆیه‌وه شیره‌كه پارێزراو ده‌بێت له ڤایرۆس، هه‌ر ئاژه‌ڵدارێك 3 بۆ 5 مانگا به‌خێو ده‌كات، 2433 ئاژه‌ڵدار لای ئه‌وان تۆمار كراون و كۆدی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه و نرخی هه‌ر كیلۆیه‌ك به 900 دینار وه‌رده‌گیرێت، دواتر به تانكه‌ری تایبه‌ت بۆ كارگه‌كه ده‌گوازرێته‌وه.
كارگه‌كه نزیكه‌ی 10 جۆر به‌رهه‌می سپیاییی وه‌ك ماستاو، قه‌یماغ، ماست و جۆره‌كانی په‌نیر به‌رهه‌م دێنێت. بەگوتەی ئەو بەرپرسەی پڕۆژەکە لە بەرهەمەکانیاندا مادده‌ی پارێزه‌ر به‌كار ناهێندرێت، چونكه ته‌مه‌نی هه‌موو سپیایییه‌ك جگه له په‌نیر، له نێوان 10 بۆ 20 ڕۆژه، ئه‌وه‌ش ئاشكرا ده‌كات كه ئه‌وان ته‌نها شیری مانگا وه‌رده‌گرن.
جەختیش دەکاتەوە خواستێكی زۆر له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانی پڕۆژه‌ی زۆم هه‌یه و خەڵک متمانەی تەواویان پێ هەیە، هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه مانگای ناوچه شاخاوییه‌كان گژوگیای سروشتی ده‌خۆن، دوورن له خواردنی دروستكراو و ده‌رمان.
كارگه‌كه له توانای دایه ڕۆژانه نزیكه‌ی 90 تۆن شیر وه‌ربگرێت، بۆیه له داهاتوودا كارەكانیان فراوانتر دەكه‌ن و به‌رهه‌مه‌كانیان زۆرتر دەبێت.