ڕۆڵی دانیال قەسابی جوو لە هونەری هەولێرێ
ڕۆڵی دانیال قەسابی جوو لە هونەری هەولێرێ

كە باسی هونەر لە هەولێرێ بكرێ، ناكرێ باسی هونەرمەندی گەورە دانیال قەساب نەكەین، ئەو پیاوە بەشێوەكی ئەكادیمی و هونەری بناغەی هونەری شانۆ و شێوەكاریی لە شاری هەولێرێ دانایە.
لە ساری 1913 لە هەولێرێ لەدایك بووە، بە نەتەوە كورد و بە ئاین جوو بوو، ناوی تەواوی دانیال عوزێر كەتساف هاڕونە، شێخ هاڕونی باپیری ڕاوێژكاری ئابووریی شای ئێرانێ بووە و نازناوی شێخی وەرگرتیە، كە شا دەمری و كوڕەكەی دێتە جێی بابی، دانووی لەگەر شێخ هاڕونی ناكورێ، لۆیێ شێخ هاڕون بە مار و مندارەوە ئێرانێ بەجێ دێلی و دێتە هەولێرێ، لە قەراتێ دادەنیشی.
دانیال پێنج برا و سێ خوشكی هەبووە، هەموویان هونەرمەند بوون، لە سەرەتای بیستەكانی سەدەی ڕابردی، لە شاری هەولێرێ یەكەم كەس كاری نیگاركێشیی كردبی پیاوەكی ئەرمەنی بووە بەناوی جیهانگیر، ئەو پیاوە دەستەكی بارای لە هونەری وێنەكێشاندا هەبووە، دیمەنی جوانی سروشتی كوردستانی كێشایە، هەروەها وێنەی تایە و كەرەستەی ئۆتۆمبێلی كێشایە و وەكو ڕیكلام لەسەر دیواری دوكانی فرۆشتنی ئەو كەلوپەلانە هەریواسینە، هەر لەژێر كاریگەری ئەویش دانیال قەساب دەست بە وێنەكێشانێ دەكا و گرنگی بە هونەرەكە دەدا.
جیهانگیر لە ساری 1931 لە گەراجەكەی جەلال عەبدۆكی خۆی بە گوریسەكی هەردەواسی و كۆتایی بە ژیانی دەینی، لە ساڵی 1920یش یێكەكی دیكە بەناوی ئیسحاق لە شاری هەولێرێ كاری وێنەكێشیی دەكرد، دانیال سەرەتا دەست بە وێنەكێشانێ دەكا و لە ماری خۆی لای سینەما سەڵاحەدین، مەرسەمەكی دروست دەكا و كۆمەرە قوتابییەكی وەكی جابر پیرداود، جەواد ڕەسول ناجی و فوئاد ڕەسول ناجی برای فێرە وێنەكێشان دەكا، دانیال دەبیتە مامەستای وێنە لە قوتابخانەی ئەربیل ئولا و ژمارەكی باش لە قوتابی پێ دەگەینی، پاشان دەگوازرێتەوە لۆ دواناوەندیی هەولێرێ و لەوێ دەبتە مامەستای هونەر، ساری 1936 حوسێن حوزنی لە شاری هەولێرێ عەزیز سەلیمی شێوەكار دەناسی و هانی دەدا پێكەوە لەگەر دانیال قەساب لە هەولێرێ پێشانگەی شێوەكاری بكەنەوە، عەزیز سەلیم بە 12 تابلۆ و دوو پەیكەر، دانیال قەسابیش بە چەند تابلۆیەك بەشداری دەكا، دانیال هونەرمەندەكی بەتوانا بووە لە بواری بەكارهینانی ڕەنگدا، حوسێن حوزنی خۆی ئۆردەر و پڕوپاگەندەی پێشانگەكەیان لۆ چاپ دەكات، ئەم پێشانگەیە لە بالكۆنەكەی قوتابخانەی ئیبن خەلەكان دەكرێتەوە و 4 ڕۆژی خایاندبوو، ساڵی 1938 قوتابیانی ئامادەییی هەولێر پێشانگەیەكی شێوەكاری دەكەنەوە و هونەرمەند دانیال قەساب خۆی سەرپەرشتیی ئەو كارەی دەكا، قوتابیانی بەشداربوو ئەوانە بوون: مونیر و ناخوم قەساب، ڕەشید عەبدولقادر، سەڵاحەدین مستەفا، فوئاد ڕەسول ناجی، جەواد ڕەسول ناجی، تابلۆكان بە پاستیل و ڕون و ڕەژوو كێشرابوون، هەمووشیان لاساییكردنەوەی چەند تابلۆیەكی جیهانی بوون، ساری 1941 دەچیتە بەغدایێ و لەگەر چەند هونەرمەندەكی گرووپی برادەرانی هونەر دروست دەكا و لە هۆڵی مانگی سوور تابلۆیەكانی نمایش دەكات، لە سارانی 1945- 1946 لە كۆیێ مامەستا بووە و لەوێش كاریگەری هەبووە و چەندین پێشانگەی هونەریی كردتەوە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved