نەوەی پاش نۆهەدەکانی کوردستان، شاری هەولێر بەتایبەتی کەسایەتیی ''هادی چاوشلی'' ناناسن، هیچی لەسەر نازانن، کەم، بەدەگمەن هەیە کتێبێکی چاپکراوی ئەویان بینیبێت یا خوێندبێتەوە. چونکە ئەو ژمارەیەک کتێبی بە زمانی عەرەبی، کوردیش لەسەر کورد، هەولێر نووسیوە!
لێرە، لەو گۆشەیەدا بەتایبەتی لە کوڕەکەی دوکتۆر ''خالید چاوشلی'' دەپرسم؛ باوکی ڕەحمەتیت وردەنووسین، بیرەوەری، ڕۆژانەی نەنووسیتەوە!؟
ئەو کەسایەتییەکی دیاری دەوڵەتداری بووە، لە چەندان شار و شارۆچکەی کوردستان، لەناو عێراقیش، وەزیفەی باڵای هەبووە، لەناو وەزارەتی ناوەخۆ پۆستی باڵای بەزیرەکی، لێهاتووییی دوور لە حزب، خزمایەتی و عەشیرەت وەرگرتووە! لەگەڵ هەموو گۆڕانکارییە سیاسییەکانی عێراق، کودەتا خوێناوییەکان سەلامەت دەرچووە.
لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لە کۆمەڵەی ڕۆشنبیری کوردی لە بەغدا، چاڵاک بووە، نووسینی لە گۆڤارەکەیان ''ڕۆژی کوردستان'' زۆر بووە، کاری زۆری کردووە، وەک یاساناسێک ناودار بووە، وەزیفەی سەرشۆڕیی نەویستووە، ملکەچی سیاسییەکان نەبووە، بەئازایەتی و دڵسۆزی پۆستەکانی بڕیوە، دەستپاک و مەردانەش لێیان کشاوەتەوە، سەربردەی پاکی و خاوێنیی زۆرن!
لە گەرمەی ڕۆژانی ئاڵۆزییەکانی سەرەتای نۆهەدەکان، لەو دەمانەی چەک، شەڕ، گەمارۆکان شاری هەولێری خنکاندبوو، خەڵک برسی بوون، پرۆسەی سیاسیی کوردستان بەرچاوی ڕوون نەبوو، ئەو بەخۆڕایی، بێ بەرانبەر بووبوو بە بەرپرسی نۆژەنکردنەوەی قەڵاتی هەولێر. لەودەمەی بودجە و پارەش کەم بوو، بە ئازایەتیی ئەو، لەبەر ناوبانگییە پاکەکەی، چەند کاری باش لەسەر قەڵات جێبەجێ کران، پڕۆژەکە بەجوانی دەڕۆیشت بەڕێوە!
هادی چاوشلی پیاوە نەرمەکە، یاساناسە مەندەکە، نووسەرە بێدەنگە بێلایەنەکە، خەمخۆری دۆزی کورد، پەرۆشی هەولێر بوو، بۆ ئەوانەی دەنووسی و بەشداریی دەکرد.
لە هەر شوێنێک ئەو کاری کردبێت، بەدڵسۆزی باسی دەکەن، هەموو گوتوویانە؛ پڕۆژەکانی ناوچەکانی ئەو تێدا مودیر ناحیە و قائیمقام بووە، سەرکەوتوو بوون. خەڵکی ناوچەکە سوودیان لێی بینیبوو، کۆششی زۆری کردووە، پڕۆژەکان لە کاتی خۆی، بەپارەکی کەم، بەباشی تەواو بکرێن!
ئەو لە ناوەندی هەشتاکان بە جانتا تەنکە سادەکەی، دوو سێ جار بۆ سەرپەرشتیی قەرەبووی موڵکەکانی، سەردانی ئەملاکی شارەوانیی هەولێری دەکرد. پیاوێکی نەرم، لەسەرخۆ، لەو سەردانە پێشوازیی گەرمم کرد.
جارێکیان دانەیەکم لە کتێبی ''هەولێری سەد ساڵەی شارەوانی''یم بۆ برد، گوتی؛ کتێب بەخۆڕایی، دیاری وەرناگرم، بەزۆری دوو دیناری لە گیرفانم دانا، بەناچاری وەرم گرت.