سیدارە لە مەلیک فەیسەڵەوە بۆ وەستا خەلیل
سیدارە لە مەلیک فەیسەڵەوە بۆ وەستا خەلیل

لە یەکێک لە کۆڵانە تەنگەبەرە مێژوویییەکانی شاری هەولێر، بەتەنیشت قەڵا شەش هەزار ساڵییەکەیەوە پیاوێکی سەر ماش و برنجیی باڵا مامناوەندی قسە خۆشی پڕ یادگاری لەنێو شوێنکارەکەی سەرقاڵی دوورین و دروستکردنی جۆرێک لە کڵاوە کە لە کوردستان مێژوویەکی دێرینی هەیە و دواین بەرگدوورە لە شارەکە ئەو کارە دەکات. خەلیل سەعید کە بە وەستا خەلیل هەولێری و خەلیل خەیات لە گوزەر و شارەکە ناوبانگی ڕۆیشتووە، هەرچەندە لە شەستەکانی تەمەنیدایە، بەڵام هێشتا کارایە لە دروستکردنی سیدارە.
وەستا خەلیل لە ساڵی 1956 لە قەڵات لەدایک بووە، هەر لە تەمەنی منداڵییەوە چووەتە شوێنکاری بەرگدوورینی خاڵەکانی و ئارەزووی زۆری بۆ فێربوونی پیشەکە وای لێ کردووە لە پۆلی سێی سەرەتایی دەستبەرداری خوێندن ببێت و لە تەمەنی 11 ساڵیدا ئیدی دەستی بەکارەکە کردووە.
بەدەم قسەکردنەوە دەستی بۆ یەکێک لە وێنە کۆنە هەڵواسراوەکانی شوێنی کارەکەی برد کە خۆی و خاڵەکانی تێدا دەردەکەون و وێنەکە بۆ 1965 دەگەڕێتەوە و بەلایەوە یادگارییەکی تایبەتە.
ئەو بە (گڵکەند)ی گوت «یەکەم سیدارەم پێش 58 ساڵ لەمەوبەر دروست کرد، زیاتر لە نیو سەدەیە بەدوورینی سیدارەوە سەرقاڵم، كە یەکێکە لە جۆرەکانی کڵاو و مەلیک فەیسەڵی یەکەم سەرۆکی یەکەم مەملەکەتی عێراق ویستی بیکات بەسیمبولێکی نیشتمانی و ئاماژەیەک بۆ کولتوور و ناونیشانی خەڵکی عێراق و بۆ ئەوەی مێژووەکەیان بهێڵێتەوە”.
سیدارە، سیدارەی بەغدادی یان سیدارەی فەیسەڵی کە تاوەکو ئێستە لەلای عێراقییەکان و بەشێک لە خەڵکی کوردستان و بەتایبەت پیاوانی بەتەمەن لە سەر دەکرێت، شێوازەکەی برێتییە لە کڵاوێکی نیمچە کەوانەیی لە ناوەڕاستییەوە بەرزە و دەنوشتێتەوە.
مێژووی سیدارە لە عێراق بۆ نزیکەی سەدەیەک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و لە سەرەتاوە کەسانی ڕۆشنبیر و ئەفەندییەکان لەگەڵ چاکەت و پانتۆڵ لە سەریان دەکرد، بەڵام دواتر هەموو کەس لە سەریان کرد.
چەندین ڕەنگی هەیە، ڕەش و قاوەیی و نیلی و هیی تریش، بەڵام هێشتا ڕەش بەجوانترینیان هەژمار دەکرێت و فەرمییە.
وەستا خەلیل وەکو خۆی دەیگێڕێتەوە، زەحمەتییەکی زۆری لەگەڵ دروستکردنی سیدارە پێش 58 ساڵ بینیوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو جۆشەی بۆ فێربوونی دوورینە قورسەکان وای لێ کرد زیاتر خرۆشانی لەلا دروست بێت، بەڵام لە کۆتاییدا و لە تەمەنی 11 ساڵی سەرکەوت و سیدارەی یەکەمی دروست کرد.
هەرچەندە کڵاوەکانی وەستا لە سەری زۆر کەس بینراوە و هەیە، بەڵام خۆی نازانێت کە ئایا کڵاوەکانی گەیشتووەتە هیچ کەسایەتییەکی عێراق یان نا، لەگەڵ ئەو مێژووەشی لەو بوارەدا هەیەتی بەخەمەوە دەڵێت ئارەزووی دەکرد کوڕەکانیشی کە هەموویان بەرگدوورییان وەکو پیشە بۆ ماوەتەوە، فێری دوورین و دروستکردنی سیدارە ببن. دەشڵێ “کورد، عەرەب و تورکمان و پێکهاتەکانی تریش سیدارە لە سەر دەکەن، چەندین جۆریشی هەیە، لەوانەش سەربازی و مەدەنی، پێویستە بەردەوامی بەدروستکردنی بدرێت”.
مەلیک فەیسەڵی عێراق بە یەکەم کەس هەژمار دەکرێت کە سیدارەی بەکار هێنابێت و لە سەری کردبێت، ئەو دوای دەستبەکاربوونی لە مانگی ئابی 1921 ژمارەیەک گۆڕانکاریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کرد دوای کۆتاییهاتنی قەڵەمڕەویی عوسمانییەکان کە نزیکەی 400 ساڵی خایاند، بۆیە تەڕبووش کە کڵاوی سەری عوسمانییەکان بوو بۆ سیدارە گۆڕی و دواتر بۆ بە بەشێک لە جلی فەرمیی فەرمانبەرانی دەوڵەت.
وەستا خەلیلی بەرگدروو دەڵێت مانگانە نزیکەی 200 سیدارە دروست دەکات و بەشێک لەوانەی دروستیان دەکات لەسەر داواکارییە و داواکاریی لە دەرەوەی عێراقیشەوە بۆ دێت.
دەشڵێ «ئەو قوماشەی سیدارەی لێ دروست دەکەم تایبەتن و دروستکراوی بەریتانیا و تورکیا و ئێرانن، بەڵام باشترینیان بەریتانییەکەیە”.
دروستکردنی هەر سیدارەیەک وەکو دەڵێت نیو کاتژمێری پێ دەچێت و نرخەکەی لە نێوان 25 بۆ 30 هەزار دیناری عێراقییە. مام خەلیل ئامادەییی خۆشی نیشان دەدات بۆ ئەوەی خەڵک فێر بکات تاوەکو دروستکردنی سیدارە لە شاری هەولێر نەبڕێت.
یوسف کەمال کە بەباڵیۆزی سیدارەی بەغدادی لە هەولێر دەناسرێت، لەبارەی پەیوەندیی کورد بە سیدارەوە بە (گڵكەند)ی گوت مەعرووف جیاوك سیاسەتمەداری بەناوودەنگی کورد و یەکێک لە دامەزرێنەرانی دەوڵەتی عێراق، سیدارەی لە سەر کردووە و لایەنگری بووە.
بەهۆی ناسەقامگیرییەوە لە عێراق هەوڵی زۆر دراون بۆ کۆتایی پێهێنان بە لەسەرکردنی سیدارە، بەڵام هێشتا خەڵک لە سەری دەکەن و لەدوای ساڵی 2003ەوە چەندین ڕێکخراو و ئەنجوومەن بۆ زیندووکردنەوەی سیدارە دەیان کۆڕ و سیمیناریان کردووە و لە هەولێریش شوباتی پار ئاهەنگێک بەو بۆنەیەوە ساز کرا.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved