”ڕۆژەك نەچمە ئیشێ شێت دەبم“
"لە ناوچەكی نیمچە شاخاویی دوورە ئاوەدانیدا، کە هێشتا ماكەكانی شارستانیەت دیمەنە گشتییەكەی نەشێواندووە، پیاوێک دەستبەرداری ڕابردوو نابێ و وەك دواهەمین سەرباز یەخەگیری سەنگەری کوورە خەڵووزێکی تاقانەیە و ڕۆژانە بەدەستی ڕووت زێڕی ڕەش لە زەوی دەردێنێ"
«عومری خۆم لەناو دووكەڵی خەڵووز بەسەر برد»، سەعدوڵڵا حەمەد مستەفا (تەمەن 76 ساڵ) لە منداڵییەوە لە کوورەی خەڵووز كار دەكا و بەری 50 ساڵ لە ئەسكەندەریەی میسر تراكتۆرێكی بۆ کوورە خەڵووزەكەی كڕی و بەری 32 ساڵیش بووە یەكەم كەس مۆڵەتی كوورەی خەڵووزی لە كۆیە وەرگرت، ئەو بۆ (گڵكەند) دەڵێ «یەکەم كەسم لە وراتی كۆیێ دەستم دایتە ئەو ئیشەی و تا هەوكەش دەستم لێ بەرنەدایە».
كوورە خەڵووزەكە دەكەوێتە ڕۆژهەڵاتی شاری کۆیە لەسەر ڕێگەی گوندی فەقێیان، كە حەفت كیلۆمەتر لە ماڵەكەی خۆی لەناو شاری كۆیە دوورە. سەعدوڵڵا حەمەد دوای ئەوەی باوكی دەمرێت، دەست دەداتە ئەو كارە و دەڵێ «هەشت ساران بووم، چارم نەبوو، دەبوو نان پەیدا كەم، ئەو وەختی لۆ بژێوی و ناچاری بوو، بەس ئێستە لێم بوویتە خولیا و بێ ئەو ئیشە ناژیێم».
ئەو سەرەتا بە لاساییكردنەوە دەستی پێ كرد و چاوی لەوانە دەكرد كە خەڵووزیان دروست دەكرد، بۆ خۆی چاڵێكی بچووكی لێ دەدا و داری تێ دەكرد و دەیسووتاند. سەعدوڵڵا حەمەد دەڵێ خاوەن كوورەكان زۆریان پێ ناخۆش بوو، دەیانگوت ئەو كوڕە زۆرزانە و فێر دەبێت، ئەویش دەستی هەڵنەگرت و وەك ڕەنجبەر ئیشی دەكرد، یەكەم جار بە شەش مانگ 15 دیناری لە ڕێگەی كانی خەڵووزەوە پەیدا كرد.
سەرەتا بەپشتی گوێدرێژ داری لە شاخ هێناوە و كردوویەتی بەخەڵووز و هەر بەپشتی گوێدرێژ گەیاندوویەتییە بازاڕ و فرۆشتوویەتی، دوای زیاتر لە 15 ساڵ كاركردن بەم شێوەیە، وەك خۆی دەڵێ «ساری 1975 خۆم گەیاندە ئەسكەندەرییە و تراكتۆرەكی مۆدیل 70م بە دووهەزار و پێنجسەد دیناری ئەودەمی كڕی، ئێستەیش مایتم، نۆ مندارم پێ گەورە كرد، لە هەراتەكەش پێ چوومە ئێران و چار مارم پێ ڕزگار كرد، لۆیێ بە دنیایێی ناگۆڕمەوە».
كاركردن لە كوورەی خەڵووزدا بەیەكێك لە پیشە سەختەكان دادەندرێ، بەڵام لەكن ئەو پیاوە كۆیییە كە لە نۆهەمین دەیەی تەمەنی نزیك دەبێتەوە، بوو بەحەز و ئارەزوو، لەگەڵ خوێنی تێكەڵاو بووە، دەڵێ «ئەگەر ڕۆژەك لەبەر نەخۆشی نەتانم بچمە ئیشێ، شێت دەبم، ئەمن بەو ئیشەی مایمە، هەموو ڕۆژێ بەدەستوپلی ڕەژوواوییەوە نانیش دەخۆم».
ئەو پیاوە ڕەنجدەرە بەیانیان كاتژمێر شەش دەچێتە سەر كارەكەی، دارەكان بە ڕێكوپێكی بەپێی كورت و درێژییان لەناو چاڵەكە ڕیز دەكا و خۆڵەبانی دەكا، تەنیا لوولەیەك دەهێڵێتەوە بۆ ئاگرتێبەردان، ئەوجا بۆ ماوەی دوو ڕۆژ دەیهێڵێتەوە تا ئاگرەكە خامۆش دەبێ و دارەكە لەناو چاڵەكەی خۆی دەبێتە ڕەژوو.
بەلای ئەوەوە، داری بەڕوو باشترینە بۆ دروستكردنی خەڵووز، بەڵام بڕینەوەی قەدەغە كراوە، دەشڵێ خەڵووزی داری باریك و باسكەبەڕوو زۆر باشە بۆ برژاندنی كەباب، بەڵام داری كالیبتۆز نابێ چونكە پریشكە دەكات، كەبابچییەكانیش ئەو جۆرەیان ناوێ، بەپێكەنینیشەوە دەڵێ دارەبەن و مازوو لە كاتی سووتاندندا وەك فیشەكە شێتە بە ڕووی كەبابدا دەتەقنەوە و تێكی دەدەن، بەڵام داری قەیسی و دار بی و ئەسپیندار و توو، بۆ ڕەژوو دروستكردن عەیبیان نییە.
كوڕەكانی ئەو پیاوە و زاواكانی و هەندێك لە خزمەكانی لەسەر دەستی ئەو فێری دروستكردنی خەڵووز بوون، پیاوی خەڵووزەکە دەڵێ لە دوای خۆی كوڕەكانی جێی دەگرنەوە و ئەو كوورەیەی دای مەزراندووە هەر دەمێنێت.
لەبارەی پاراستنی ژینگەشەوە كە ئەمڕۆ پرسێكی جیهانییە، ئەم پیاوە بەتەمەنە دووپاتی دەكاتەوە كە هیچ وەختێك داری تەڕ نابڕێتەوە، ئەو دارەی دەیكات بە خەڵووز، خۆیان وشك و كۆنن، دەڵێ «قەت درم نەهاتییە دارەكی تەڕ ببڕمەوە».