ئەندازەی پارکەکان لە هەولێر لە ڕێگەی سێ نەمامگەوە، ساڵانە ١٠٠ هەزار نەمام بەرهەم دێنێ و بەسەر شارەوانییەکانی هەولێر، قوتابخانەكان، مزگەوت و نەخۆشخانەکاندا دابەشیان دەکات، جگە لە پێدانی نەمام بە هەر هاووڵاتییەک کە بۆ ئەو مەبەستە سەردانیان بکات.
رێبین ئەحمەد بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر لە لێدوانێکیدا بۆ (گڵكەند) رای دەگەیەنێت لە پێنج ساڵی رابردوودا نزیکەی ٤٠٠ هەزار نەمام و ٤٠٠ هەزار شەتڵی گوڵیان بەرهەم هێناوە و لە ناوچە جیاوازەکانی هەولێر چاندراون.
ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لە ساڵی رابردوودا لەگەڵ پارێزگاری هەولێر هەڵمەتێکی ماڵ بە ماڵیان لە گەڕەکی ماردین دەست پێ کرد، کە هەزار نەمامیان لەو گەڕەکە بەسەر خەڵکەکەیدا دابەش کرد، بەڵام بەهۆی خزمەتنەکردنی بەشێک لە دارەکان لە لایەن هاووڵاتییانەوە، ئێستا کاری بەڕێوەبەرایەتییەکە گۆڕاوە و هەر کەسێک نەمامی بوێت، خۆی دەتوانێ سەردانیان بکات.
بۆ زیادکردنی ژمارەی دار و سەوزایی لە هەولێر، بەپێی مەرجی شارەوانی، هەر کەسێک خانووێک دروست بکات، دەبێ دار لەبەردەم ماڵەکەیدا بچێنێ، ئەو کەسەی ڕووی دەرەوەی خانووەکەی پێنج مەتر بێت، پێویستە دارێك بڕوێنێ و ئەو کەسەش كە ڕووبەری دەرەوەی خانووەکەی ١٠ مەتر بێت، پێویستە دوو دار بچێنێت.
گونجانی دارەکان لەگەڵ کەشوهەوای هەولێر و گەشەکردنی دارەکان، دوو هۆکاری گرنگن بۆ ئەوەی نەمامگەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارکەکان زۆرتر نەمامی دارەکانی سیسەم، لادونیا و ئەلبیزیابەرهەم بهێنن، کە بە دوو ساڵ دەبنە دارێکی تەواو، نەمامە بەرهەمهێنراوەکانیش بەسەر دامودەزگا جیاوازەکان و هاووڵاتییاندا دابەش دەکرێن.
رۆژانە ئەو هاووڵاتییانەی دۆستی ژینگەن و حەز بە سەوزایی زیاتر دەکەن، بۆ وەرگرتنی نەمام روو لە بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارکەکان دەکەن و بەخۆڕایی نەمام وەردەگرن.
ئێستا ٤٥٠ پارک و باخچە لە هەولێر هەن، کە ٢١یان پارکی گەورەن، هەموو ئەو پارک و باخچانە و سەوزایی دوورگە ناوەندییەکانی شەقامەکان و زەوییە سەوزاییەکانی دامودەزگا و ماڵەکان، رێژەی ٪٢٠ی هەولێر پێک دەهێنن. پێشتر رێژەی سەوزایی لە هەولێر تەنها ٪١٧.٥ بووە و لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتدا گەیشتووەتە ٪٢٠.
ساڵانێکی زۆرە هەوڵی سەوزکردنی هەولێر دەدرێ، بەڵام بەهۆی ئەوەی پێشتر بەشی زۆری دارەکان لە دەرەوە بەتایبەت لە ئیتاڵیا و تورکیاوە دەهاتن، بەشێکی دارەکان لەناوچوون، چونکە لەگەڵ ژینگە و کەشوهەوای هەولێر نەدەگونجان، بەڵام ئێستا نەمامگەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر ئەو دارانە بەرهەم دەهێنن، کە لەگەڵ کەشوهەوای هەولێر دەگونجێن.
بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکان دەشڵێ ٦٠ هەزار نەمامیان لە رێگای مەخموور لە جادەی ١٠٠ مەتری تا مامزاوە چاندووە و دوورگە ناوەندییەکەی بووە بە جوانترین دوورگەی ناوەندی لە شارەكە.
رێبین ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد کە لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکوومەت، چەند پارکێکی گەورە و نوێ دروست دەکرێن. ئەو پارکانەی ئێستاش دروست دەکرێن و ساڵی داهاتوو تەواو دەبن، بریتیین لە پارکێک لە رێگای مووسڵ کە گوژمەی سێ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە، پارکێکیش لە رەشکین کە گوژمەی ١٥ ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە. هەروەها پارکێک لە گەڕەکی ژیان بەگوژمەی زیاتر لە یەک ملیار دینار.