تابووتە دۆزراوەكەی گوندی ماوان چی بەسەرهات؟
تابووتە دۆزراوەكەی گوندی ماوان چی بەسەرهات؟

نزیكەی ساڵێك بەسەر دۆزینەوەی تابووتێكی تەمەن 1800 ساڵ لەلایەن تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری سۆران تێدەپەڕێت، دوای ئەوەی بە هاوكاریی شوێنەوارناسە جیهانییەكان دەستیان بە كنە و پشكنین كرد لە گوندی ماوان سەر بە ناحییەی سمێلان، تابوتێكی گلێنەییان لەسەر شێوەی بەلەمێك دروستكراو دۆزیەوە، كە وێنەی خاچێكی لەسەر بوو.
لەبارەی چارەنووسی تابووتە دۆزراوەكەوە، د. عەبدولوەهاب سلێمان حەسەن بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری سۆران بە (گڵکەند)ی راگەیاند ئەوان لە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری ئیدارەی سۆران ئاگاداری هەموو وردەكارییەكان و ڕێوشوێنەكانی بەدواداچوونی تابووتەكەن، لە ماوەی رابردووشدا پێویستیان بە کاتێکی زۆر هەبووە بۆ تەواوكردنی لێکۆڵینەوەكان.
دەشڵێ بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمێكی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواریی سۆران و زانكۆی ئۆتۆنۆمۆسی بەرشەلۆنەی ئیسپانی، كە دوو پسپۆری ئەو زانكۆیە بەشدار بوون، لەگەڵ تیمێكی زانكۆی سەڵاحەدین، پشکنینی تەواویان بۆ تابووتەكە كردووە كە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی ئەشكانییەكان دەگەڕێتەوە.
د. عەبدولوەهاب سلێمان ئاشكرای دەكات ئەو شوێنەوارەی دۆزراوەتەوە بریتییە لە تابووتێكی گلێنەیی لەسەر شێوەی بەلەمێك دروست كراوە و وێنەی خاچێكی لەسەرە، مێژووەكەی بۆ سەرەتای هاتنی ئایینی مەسیح بۆ ناوچەكە دەگەڕێتەوە كە بەر لە 1800 ساڵە.
دیارە كە تابووتەكە هی کەسایەتییەكی ناوداری سەردەمی ئیمپراتۆریی ئەشکانییەکان بووە. ئەم ئیمپراتۆرییەتە لە ساڵی 250ی پێش لەدایكبوونی مەسیح تا 224ی زایینی لە زۆربەی ناوچەكانی ئێرانی هاوچەرخ، كوردستان، ئەفغانستان و پاكستان دەسەڵاتدار بوو.
بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری سۆران دووپاتی دەكاتەوە كە شوێنەوارەكە سەلامەتە، بەڵام لەبەرئەوەی ماوەیەکی زۆر لەژێر زەویدا بوو، تووشی لەناوچوون و شکان بووە، ئێستاش سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەن، هەر کاتێک تەواو بوو، لە شوێنێکی شیاودا نمایشی دەكەن.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved