هونەرمەندان کچ و هاوسەرەکانی خۆیان کردە پێشەنگ
لە کۆتایی شەستەکاندا و دوای گەڕانەوەی هەندێک لە هونەرمەندانی هەولێر وەک سەباح عەبدوڕەحمان، تەڵعەت سامان و فەرهاد شەریف، کە لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدا خوێندنیان تەواو کرد، گۆڕانێكی گەورە لە تەکنیکی شانۆی کوردی هاتە ئاراوە و شانۆگەری لە هۆڵی قوتابخانەکانەوە گوازرایەوە بۆ هۆڵی گەل. لەو قۆناغەدا هەردوو شانۆگەریی فاڵچی و مارەیی کە لە دەرهێنانی سەباح عەبدوڕەحمان بوون، بوونە دەستپێکی ئەم جوڵانەوە شانۆییە نوێیە.
لەو کاتەدا تاکە کۆسپ کە دەهاتە بەردەم ئەو جوڵانەوەیە، نەبوونی کچ و ژنانی هەولێری بوو لەسەر شانۆ، ئەمەش زۆر جار رەونەقی شانۆگەرییەکانی کز دەکرد، بۆیە دەرهێنەر بە ناچاری هانای بۆ هەندێك هونەرمەندی پیاو دەبرد تا رۆڵی ژن یان کچ لە شانۆگەرییەکاندا ببینن.
لە شانۆگەرییەکانی فاڵچی، مارەیی و مەسەلەی شارێک، سەباح عەبدوڕەحمانی دەرهێنەر بە ناچاری رۆڵی ژنی دەدایە هونەرمەندان پەیمان بەگۆک، عەبدولڕەزاق شەمسەدین، رەسمی جەلال، سوبحی کۆیی، جەلال بەیار و سەلام کۆیی. ئەو هونەرمەندانە زۆر بە سەرکەوتوویی رۆڵی ژنیان لەسەر شانۆ و لە تەلەفزیۆن دەبینی.
بەهۆی نەبوونی کچ و ژنی هونەرمەندەوە لە هەولێر، کە خەڵکەکەی لە ئەزەلەوە موحافیزکار و پابەندی نەریتە کۆمەڵایەتییەکان بوون، زۆربەی هونەرمەندان کچ و هاوسەرەکانی خۆیان کردە پێشەنگ بۆ ئەوەی خەڵکانی دیکەش چاویان لێ بکەن. یەکەم کچ کە لە ساڵی ١٩٧٢ ئەو تەوقەی شکاند شەوقییە شەوکەت بوو، کە لە شانۆییەکدا وەک هونەرمەند چووە سەر شانۆ. دواتر لە فێستیڤاڵی یەکەمی هونەری کوردی کە لە ساڵی ١٩٧٤ لە هۆڵی خولد لە بەغدا ساز کرا، بەشێک لە هونەرمەندان هاوسەرەکانیان بردە سەر تەختەی شانۆ، لە کۆتایی حەفتاکانیشدا، هونەرمەندان ئاواز مەحمود، رۆژهەڵات مەحمود، جیهان ئەحمەد و سەمیرە عەبدۆک لە شانۆگەریی (هەبوو نەبوو)، هاتنە سەر شانۆ. هەر لەو کاتانەدا، هونەرمەند تەڵعەت سامان لە شانۆگەریی مەم و زین، چەند کچ و ژنێکی بردە سەر شانۆ، کە ئاشتی کەریم رەئوف، بەڵقیس عەبدوڵڵا، سامیە محەمەد، چیمەن کاوێس، رێواس جاف و شادیە محەمەد بوون.
ئەوانە بوونە چرای رۆشنی شانۆ لە هەولێر و شانۆنامەکان لە کێشەی نەبوونی کچ و ژن رزگاریان بوو. ئەو بوێریەی ئەوکاتی ئەوان، بوو بە بناغەی بونیادنانی چەندین ئەکتەری دیکەی کچ و ژنی کورد لە هەولێرێ.
لە سەرەتای هەشتاکاندا، موژدە جەلال، رووپاک عەبدولقادر، شلێر کۆیی و کۆچەر جەلال هاتنە سەر شانۆ و لە شانۆگەریی لاس و خەزال رۆڵیان بینی و هۆڵی گەلیان رازاندەوە، دواتریش ئازادە جەلال، قانیعە رەشید، ژیان فەتحوڵڵا، نەسرین محەمەدەمین، نیزال محەمەد، لەیلا محەمەد، فەیرۆز عەبدولمەسیح. سەرباری ئەوەی رۆژگارێکی سەخت بوو لەناو خزم و کەسوکار و کۆمەڵگەکەیان، بەڵام ئەوان بە هەستێکی نەتەوەیی پیرۆزەوە چوونە ناو بوارەکە. ئەو ژنانە بەهۆی رێچکەشکاندنیان تووشی چەندین تەنگ و چەڵەمەی وەک تێکچوونی ژیانی هاوسەری بوونەوە.
بوێری و گەورەیی ئەو کچ و ژنانە لەو سەردەمەدا، لە ئاستەنگەکان گەورەتر بوو و ئێستا بوونەتە مێژوو و کۆمەڵگای کوردستان بەتایبەت هەولێر، شانازیان پێوە دەکات.