لە پەڕگەیەکی ڕێی هەولێر و گوێڕ، لەسەر پارچە زەوییەک کە ڕووبەرەکەی لە ٦٠٠ مەتری دووجا تێ ناپەڕێت، ساڵح یوسف ڕەحمانی هەولێری لەناو کارخانەکەی خۆیدا، کارگەی ڕەسەنایەتیی کوردەواری وەستاوە. پیاوێکە خەونی خۆی لە تاڵە پەمۆی پاک و بێ پەڵە گرێچن کردووە و یەکەم کارگەی بەرهەمهێنانی جەمەدانیی لە کوردستان دامەزراندووە. بەسەرهاتی ئەو پیاوە تەنیا ئەزموونێکی پیشەسازی نییە، بەڵکو گەشتی ویست و پێگیرییە.
گەشتی سەرەتاکان
گەشتەکەی ساڵح بەدنیای ڕستن و چنیندا لە کۆتاییی نۆهەتەكانی سەدەی ڕابردوو دەستی پێ کردووە. کاتێک لە کوردستان تاکە بریکاری تایبەتی جەمەدانی بوو. بەڵام خەونی وا بوو ڕۆژێک کارگەیەکی چنینی سەربەخۆ دابمەزرێنێ.
ساڵح باسی سەرەتاکانی خۆی بۆ (گڵکەند) دەگێڕێتەوە و دەڵێ «من لە کۆتاییی نۆهەتەكانی سەدەی ڕابردوو، بریکاری تایبەتی جەمەدانی بووم بەهەموو جۆر و وردەکاریی چنین و ڕەنگەکانیەوە، لە تەواوی هەرێمی کوردستاندا تاکە بریکاری دیمەشق بووم».
لەبارەی دروستکردنی کارگەکەش دەڵێ؛ «لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٣، دەستم بەپڕۆژەی تایبەتی خۆم کرد، شەش مانگی پێ چوو تاکو کارگەکەم ئامادە کرد و کەرەستە و ئامێرەکانم دامەزراند و کارەکەم کەوتە سەرپێ».
سەبارەت بەو ئاستەنگ و ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووشی بوونەوە، دەڵێ «ئاستەنگی ئەوەم هاتە پێش کە چۆن ئامێرەکانی ڕستن و چنین وەدەست بێنم. بەڵام بەیارمەتیی هاوڕێ سوورییەکانم لە دیمەشق و ڕێککەوتنم لەگەڵ یەکێک لە پسپۆڕەکان، توانیم ئامێرەکان لە چینەوە هاوردە بکەم»، هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات کە «بۆ پەرەپێدانی ئامێر و کەرەستەکان و گۆڕینی هەندێک لە بەشەکانیان سوودی لە شارەزاییی کریستیانەکانی سووریا وەرگرتووە».
ساڵح ئومێدەوارە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پشتگیریکردنی پڕۆژە ساواكەیدا هاریکاری بێت، شانازییش بەکارگەکەیەوە دەکات كە لە عێراق و هەرێمی کوردستان یەکەمە و تاکە کارگەیە کە جەمەدانی بە هەموو جۆر و ڕەنگەکانیەوە بەرهەم دێنێت.
دەربارەی جۆرەکانی جەمەدانییش ڕوونی دەکاتەوە کە «جۆرە جیاجیاکانی جەمەدانی بۆ هەموو هۆزەکان و ناوچە جیاوازەكانی كوردستان بەرهەم دێنم، تەنانەت بۆ تورکمان و عەرەبیش».
سەبارەت بە پلانەکانی بۆ داهاتووش دەڵێ ئێستە شەش ئامێری لە کارگەکەدا هەیە، بەمەبەستی زیادکردنی بەرهەم، پلانی وایە بەم زووانە کارگەکە وا فراوان بکات کە ١٠٠ ئامێری تایبەت بەڕستن و چنین لەخۆ بگرێت، هەروەها دەربارەی کوالێتی بەرهەمەکانیشی جەخت دەکاتەوە كە باشترین جۆرەکانی دەزووی پەمۆی هاوردەکراو لە تورکیاوە بەکار دێنێ و نرخی یەک پارچە لە بەرهەمەکەی ٥٠٠٠ دینارە، ئەمەش لە کاڵای هاوردەکراو هەرزانترە و لە هەمان کات جۆرەکەشی باشترە.
ڕەگوڕیشەی مێژوویی
مێژووی جەمەدانی بۆ قووڵاییی شارستانیەتی ئەکەدی ڕۆ دەچێت، توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕەگوڕیشەی بۆ پەیکەرەکانی (کودیا) پاشای ئەکەدی دەگەڕێتەوە، کە ئێستە لە مۆزەخانەی لوڤەر لە پاریس پارێزراوە. لەوان سەردەماندا، وەک سەرپێچێک بەکار هێنراوە، هێمایەک بووە بۆ بەرزیی پێگە و پایەداری و ئازایەتی، بەر لەوەی ببێتە ئەو پارچە پۆشاکە نەریتگەرا ناسراوە.
ئاماژە و واتا
جەمەدانی چەندین هێما و ئاماژەی قووڵی لە ڕەنگ و نەخشەکانیدا هەڵگرتووە:
ڕەنگی سۆر: هێمایە بۆ ئازایەتی و قوربانیدان
ڕەنگی سپی: هێمای ئاشتی و پاکییە.
نەخشی چوارگۆشەی تێکهەڵکێش: ڕەنگدانەوەی ئاڵۆزیی هونەر و قووڵاییی مێژووە.
ئەرکی کۆمەڵایەتی
بەدرێژاییی ساڵانێکی درێژ، جەمەدانی وەک بەشێک لە پۆشاکی نەریتگەرای هۆزەکان جێی گرتووە و تەنانەت بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراقیش شۆڕ بووەتەوە و بووەتە نیشانەی پایە و پێگەی کۆمەڵایەتی.
بەپێی گوتەی ساڵح، لە پارێزگاکانی خوارووی عێراق خواستی لەسەرە و چاوەڕوانە لە عەرەبستانی سعوودیش داوای بکەن.
جەمەدانی بە جەلە و گوفک و گوڵینگەی دەستکردی ژنانی دەستڕەنگین جیا دەکرێتەوە، کە لە بنەڕەتدا بۆ ئەوە بوون کە کێشی کوتاڵی جەمەدانییەکە قورستر بێت و لەسەر سەر نەترازێ، بەڵام پاشان بووە بەئاماژە بۆ ناسینەوەی شێوەی سەرپێچی هۆزە جیاوازەکان و بار و ڕەوشی کۆمەڵایەتی.
بەگشتی ئێستە وا بەرە بەرە جەمەدانی دەبێتەوە باو، ئەوەش ئاماژەیە بۆ بەردەوامیی بایەخی کولتووری ئەو سەرپۆشە.
لە کۆتاییدا ساڵح پەیامی خۆی دەگەیەنێ و دەڵێ «جەمەدانی تەنیا پارچە پەڕۆیەک نییە، بەڵکو چنینێکی فرە ڕەهەندە کە سەربوردەی باپیرانی لە خۆ گرتووە و خەباتی پاڵەوانانی کێو و چیاکان و حیکایەتی ساراکان دەگێڕێتەوە و گیانی ئینتیما و ناسنامە بەرجەستە دەکات“.
بۆ کوردی: ئیسماعیل خالید گەڵاڵی