گەورەترین نافوورەی عێراق و شانۆیەكی ڕۆمانی لە پاركێكی مۆدێرن
گەورەترین نافوورەی عێراق و شانۆیەكی ڕۆمانی لە پاركێكی مۆدێرن

لەسەر شەقامی ١٢٠ مەتری و جووت سایدی ڕەشکین، پڕۆژەیەکی ژینگەییی گەورە بەناوی پارکی ڕەشکین جێبەجێ دەكرێ، كە دەبێتە یەکێک لە گەورەترین و سەرنجڕاکێشترین پارکە سەوزەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقيش، حكوومەت زیاتر لە 15 ملیار دیناری بۆ تەرخان كردووە.
لەسەر ڕووبەری 116 هەزار مەتر دووجا دروست دەکرێ، 18 مانگ بۆ تەواوکردنی دانراوە، پارکەکە دوو دەرگەی سەرەکیی چوونە ژوورەوەی هەیە و چەندین بەش و خزمەتگوزاریی تایبەتی لەخۆ دەگرێت کە هاووڵاتیانی هەولێر و گەشتیاران دەتوانن سوودی لێ وەربگرن.
هیوا سلێمان ئەندازیار و سەرپەرشتیاری پڕۆژەی پارکی ڕەشکین بۆ (گڵکەند) ڕای گەیاند، پاركەكە لە ڕووی دیزاین و شێوازی دروستکردنەوە جیاواز و مۆدێرنە، تەواوی کەلوپەل، گوڵ و دار و درەختەکانی ئەم پارکە لە وڵاتانی ئیسپانیا و ئیتاڵیا هێنراون.
گەورەترین نافوورە لەسەر ئاستی عێراق لەنێو پارکەکەدا بە دوو پارچەی پێکەوەبەستراو لەسەر ڕووبەری زیاتر لە شەش هەزار و پێنجسەد مەتر دروست دەکرێت. هەروەها چێشتخانەیەکی گەورە دروست دەکرێت و سەرپەرشتیارەکە دەڵێ ”وا بڕیارە براندێکی جیهانی چێشتخانەکە بکاتەوە“.
بەپێی سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە، لەنێو پارکەکەدا گۆڕەپانێکی هاوشێوەی شانۆی ڕۆمانی هەیە لەسەر ڕووبەری هەشت هەزار مەتر دروست دەکرێت کە توانای لەخۆگرتنی پێنج هەزار کەسی هەیە و دەڵێ «دەتوانرێت بۆ بۆنە نیشتمانییەکان و ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیان سوودی لێ وەربگیرێت.»
بەشێکی دیکەی ڕووبەری پارکی ڕەشکین بۆ وەرزشکردن تەرخان کراوە، ڕێڕەوی تارتان بۆ ڕاکردن بە درێژاییی ١٤٥٠ مەتر، ڕێڕەوی پایسکلسواری بەدرێژاییی ٣ هەزار مەتر چوون و هاتن دروست کراوە، هەروەها هۆڵێکی داخراوی وەرزشیی لەشجوانیی تێدایە کە ڕووبەرەکەی ٧٠٠ مەترە و دەتوانرێت لە وەرزی زستانیشدا سوودی لێ ببینرێت.
بەپێی ئەو زانیارییە تەکنیکییانەی سەرپەرشتیار ئاماژەی پێ کرد، پڕۆژەکە چەندین بەشی دیکە لەخۆ دەگرێت، لەوانەش پەرژینکردنی دەوروبەری پارکەکە بە درێژاییی 1600 مەتر بۆ پاراستنی سنووری پارکەکە. دروستکردنی گەراجی ئۆتۆمۆبێل بەتوانای لەخۆگرتنی زیاتر لە ٥٠٠ ئۆتۆمۆبێل، لەگەڵ ئەوەشدا شەقامێکی پان دروست کراوە بۆ ئەوەی بتوانرێت بە ئاسانی لە هەردوولای شەقامەکەشدا وەک گەراج سوودی لێ ببینرێت. لەگەڵ دوو عەمباری گەورەی ئاو و لێدانی دوو بیر بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ئاو. سیستەمێكی پێشکەوتووی کارەبا و ڕووناککردنەوە بۆ پارکەکە داندراوە.
لەو پاركەدا دەیان هەزار درەخت و 60 هەزار مەتر چیمەن دەچێندرێ.
سەبارەت بە کات و ماوەی تەواوکردنی پڕۆژەکەش، سەرپەرشتیار ڕای گەیاند هەوڵ دەدەن پڕۆژەکە لە ماوەی 18 مانگدا تەواو بێت و ئامادە بێ بۆ کردنەوەی فەرمی.
دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ، ئێستە 10% کارەکانی پڕۆژەکە تەواو بووە، زیاتر لە 80 کرێکار و ئەندازیار ڕۆژانە لە پڕۆژەکەدا کار دەکەن. هەروەها پڕۆژەکە دەرفەتی کاری زۆری بۆ گەنجانی ناوچەکە دروست کردووە و لە داهاتووشدا بە کردنەوەی پارکەکە زیاتر لە 40 کەس بە شێوەیەکی هەمیشەیی دەتوانن تێیدا دامەزرێن.
هیوا سلێمان، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی دروستکردنی پارکەکە گوتیشی ئەم پارکە دەبێتە سییەکانی شاری هەولێر و سەرەتای وەرزێکی نوێی گەشەپێدانی ژینگەیی لە هەرێمی کوردستان. دەشڵێ ئامانجی حکوومەتی هەرێمی كوردستان تەنیا دروستکردنی پارکێک نییە، بەڵکو خوڵقاندنی ژینگەیەکی دروستە کە پێویستییەکانی هەموو تەمەن و توێژەکان لەبەرچاو بگرێت.
لای خۆیەوە محەمەد سیروان، یەکێ لە دانیشتوانی گەڕەکی سەربەستی کە نزیکە لە پڕۆژەکەوە، بە خۆشحاڵییەوە باسی کرد و گوتی ماوەیەكی درێژە چاوەڕێی پارکێکن، چونکە ناوچەکە پێویستی بەشوێنێکی وا هەیە بۆ حەوانەوە و کات بەسەربردن. منداڵەکانیان پێویستیان بەشوێنێک هەبوو بۆ یاریکردن، گەورەکانیش پێویستیان بە شوێنێک بۆ پیاسەکردن و وەرزش هەبوو.
چاوەڕوان دەکرێت ئەم پڕۆژەیە کاریگەری گەورەی هەبێت لەسەر ژینگەی شار و گەشەی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان، هەروەها ڕێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر بەرز دەکاتەوە کە یەکێک لە ئامانجە گرینگەکانی پلانی ستراتیژیی گەشەپێدانی شاری هەولێرە. ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ باشترکردنی کوالێتی هەوای ناوچەکە و کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved