ئەمجەد ئەسعەد قەساب خاوەنی تۆمارگەی ناز لە جادەی ئیسکان، كە ئەرشیفێكی گەورەی هونەرمەندانی هەولێرێی لە كنە، لە دیدارێكی (گڵكەند)دا چەند نهێنییەك ئاشكرا دەكات و باسی ئەو ڕۆژە دەكات كە گۆرانیی (لە پاش مەرگم)ی بۆ هونەرمەند مشكۆ تۆمار كرد، دەشڵێ ژمارەیەك زۆر دانیشتنی بڵاونەكراوەی فەرهاد زیرەكی لایە.
ئەو پیاوە دەیگێڕێتەوە كە خاڵە عەبدوللەتیف حاجی خورشید چەخماخچی ساڵی (١٩٥٢) خاوەنی یەکەم تۆمارگەی دەنگ بووە بەناوی تۆمارگەی عەبدوللەتیف، لەسەر دەستی ئەو فێر بووە. ئەو خاڵەی پێشتر لە (١٩٥٠)دا دوکانێکی لە بن قەڵاتێ داناوە بەناوی پێشانگەی (ئەفراح) بۆ فرۆشتنی ڕادیۆ و قەوانی گۆرانیبێژانی کورد و عەرەب و تورکمان، کە لەلایەن کۆمپانیاکانی چەخماخچی و بەیزافۆن لە بەغدا تۆمار دەکران و بڵاو دەکرانەوە.
سەرەتا تەسجیلی گرونیدک هەبوو، کە شریتی بەکرەی دەچووە سەر، تا لە ساڵی (١٩٦٩) کاسێت پەیدا بوو، لەگەڵیشیدا تەسجیلی (ئاکا)ی کاسێت كەوتە بازاڕ.
ئەمجەد ئەسعەد ئەوەش دەگێڕێتەوە كە لە سەرەتای دانانی ئەو تۆمارگەیە، بۆ دەوڵەمەندکردنی تۆمارگەکەی بە گۆرانیی گۆرانیبێژان، عەبدوللەتیف چەخماخچی بە سواری گوێدرێژ و هەگبەیەکی پڕ لە شریتی بەکرە و تەسجیلێکی گرۆندیکەوە دەچووە ئەو گوندانەی بەتایبەت کە لە ناوچە شاخاوییەکاندا بوون، بۆ تۆمارکردنی دەنگی ئەو کەسە دەنگخۆشانەی لەو دەڤەرەدا هەبوون، یەکەم کەس بووە حەسەن حەیران و حەسەن سیساوەیی و محەمەد ئۆمەراوەییی بەخەڵک ناساندووە، لاوک و حەیرانەکانی بۆ تۆمار کردوون، ئەوێ دەمێش تۆمارکردنی شریتی یەک سەعاتی بەدوو دینار بوو و کاسێتیش بە هەشت درهەم.
دوای ئەوەی تۆمارگەکە ناو و ناوبانگی دەرکرد، هەر لە ماڵەکەی خۆیدا ژوورێکی وەکو ستۆدیۆ تەرخان کرد بۆ تۆمارکردنی گۆرانی، بۆ تۆمارکردنی هەر بەرهەمێکی نوێش دەچووە لای حاجی یاسین حاجی جەمیل وەکیلی کۆمپانیای (فلیپس) لە هەولێر لە نزیک چایخانەی مەچکۆ، تەسجیلێکی نوێی فیلیپسی بەکرەی بە (٩٠) دینار لێ دەکڕی و دەیگوت نەوەک تەسجیلە کۆنەکان (بەرد)یان پیس بووبێ باش تۆمار نەکەن، ئەمانەش زیاتر لە سەرەتای ساڵانی حەفتاکانەوە بوو، ئەمجەد دەڵێ لەبەرئەوەی خاڵی زۆر متمانەی پێ بوو لە ئیشکردن، هەموو جارێ دەیكردە یاریدەری خۆی لە تۆمارکردن، ڕۆژانی تۆمارکردنی شریتەکانی سەڵاح داودە، محەمەد عارف جەزراوی و محەمەد ئەحمەد ئەربیلی لە بیر ماوە، کە بەیاوەربی هونەرمەندە موزیکژەنەکانی وەک مستەفا ڕەئووف، واحید مەرجان، سیروان سەید ئەحمەد، نوورەدین تاقی و ئەکرەم خێلەکە بوون.
ڕووداوێکی خۆشیش لە کاتی تۆمارکردنی شریتی مەقامی (لە پاش مەرگم)ی (مشکۆ) دەگێڕێتەوە كە بەناوی ئاهەنگی دانیشتنی (خەستەخانە) ناوی دەركردووە، مشکۆ ماڵی سووتابوو، نزیکەی حەفت مانگ لە خەستەخانە بوو بۆ چارەسەری، بە بەردەوام لەگەڵ خاڵی سەردانیان دەکرد، دەڵێ «خاڵم ڕۆژەک بانگی کردم و گۆتی ئەوشۆ خۆت حازرکە دوو سەعات بۆ مشکۆ تۆمار دەکەین، چووینە خەستەخانەی لای دوکتۆر عەبدولڕەزاق دەباغی ڕەحمەتی، چارەسەری مشکۆی دەکرد، چونکە زۆری خۆش دەویست، خاڵم مەسەلەکەی پێ گۆت، دوکتۆر عەبدولڕەزاقیش گۆتی بەو شەرتەی کە تەواو بوو دەیهێننەوە خەستەخانە و ئەو شریتەشی لەگەڵ خۆتان بۆ من دەینن. خاڵم بەوە ڕازی نەبوو، گۆتی کە بڵاوم کردەوە ئەوجە لۆت دەینم».
بەم شێوەیە مشكۆیان لە خەستەخانە دەرهێناوە، لەگەڵ مستەفا ڕەئووف، واحید مەرجان و ئەکرەم خێلە شریتێكیان بۆ تۆمار کرد، كە بڵاو كرایەوە یەک شریت بە (١٠) دینار دەفرۆشرا، لە ڕۆژێکدا (٣٦٠) شریتیان فرۆشتبوو.
ئەمجەد ئەسعەد قەساب لەگەڵ سوداد و موئەیەدی برای، لە هەولێرێ لە کەسە یەکەمەکان بوون كە ئامێری دەنگیان لە ئاهەنگ و بۆنەکان دادەنا، گۆرانییەكانیشیان تۆمار دەکرد، بەسەدان شریت و کاسێتی ئەرشیفیان پاراستووە، ئەمجەد دەڵێ «هێشتا ماڵمان لە قەڵاتێ بوو، لە ماڵی خۆمان جیهازم بۆ هونەرمەند فوئاد ئەحمەد دانا، بۆ ماوەی دوو سەعات دەنگی ئەوم لایە، کە گۆرانییەکانی زیاتر لەسەر جوانەمەرگبوونی تاهیری برای بوو، تا ئێستەش بڵاوم نەکردووەتەوە».
ئەمجەد لە تۆمارگەكەیدا پارەی لە هونەرمەندان وەردەگرت تا شریتیان بۆ تۆمار بکات، دەبوایە هەموو پێداویستییەكیش بۆ میوزیکژەنەکان ئامادە بکەن، بەڵام وەك خۆی دەڵێ پارەیان لە هونەرمەندان جەلال سەعید و فەرهاد زیرەک وەرنەدەگرت، یەکەم جاریش ساڵی (١٩٨٤) فەرهاد زیرەكی ناسیوە و لە بانەمان یەکەم ئاهەنگی بۆ تۆمار کردووە، تا گەیشتە ئەوەی دەیان دانیشتن و ئەگلەنجەی بۆ تۆمار بکات و ژمارەیەکی زۆری لایە، کە تا ئێستە بڵاو نەکراونەتەوە.
هەروەها چەند دانیشتنی مشکۆ هەیە، كە تەنها خۆیان گوێیان لێ بووە و لەناو ئەرشیفەکەی خۆی پاراستوونی. باسیش لە پیاوێک دەكات بەناوی حەسەن خۆچێ، کە گۆرانییەکانی مشکۆی دەگوتەوە، دەڵێ ئەگەر بەرامبەرت نەبوایە، قەت باوەڕت نەدەکرد مشکۆ نییە.
ئەمجەد قەساب بەتاسەوە دەڵێ ئەگەرچی باوی کاسێت و تۆمارگە نەماوە، بەڵام ئەو هەر وازی نەهێناوە، ئێستە تۆمارگەکەی بردووەتەوە سەر قەڵاتی هەولێر، بۆ ئەوەی تا هەمیشە شوێنەواری ئەرشیفسازی گۆرانی و میوزیک لەو شارە بە زیندوویی بمێنێتەوە.