لە هەولێر ڕەگەزپەرستی نییە
لە هەولێر ڕەگەزپەرستی نییە

ئەفریقییەکان یاریگەیەک دەکەنە شوێنی كۆبوونەوەی خۆیان

هەر ڕۆژێكی هەینی بەلای یاریگە بچووككراوەكەی شەقامی سەد مەتری بەرانبەر عەنكاوەدا تێپەڕی، دیمەنی سەرنجڕاكێشی كۆبوونەوەی لاوە ئەفریقییەكانی هەولێر دەبینی، ئەوێندەر لە یەك كاتدا جێی وەرزش و كۆبوونەوەی برادەرەكانیشە.
كە نزیك دەبیتەوە، كەشەكە پڕ وزە و دەنگ و ڕەنگی جیاوازە، لەلایەكەوە گۆرانیی ئەفریقیایی داگیرساوە و لەولاشەوە كۆمەڵ كۆمەڵ خەریكی یاریكردن یان قسەكردن و دانیشتنن.
ئەفریقییەکان تەنها خولیای گەورەیان بۆ تۆپی پێ نییە، بەڵكو ئەو یارییە بەشێكە لە كولتووریان، ئەوان لە هەولێریش كە زۆربەیان بۆ كرێكاری هاتوون، لە ڕێگەی تۆپی پێوە كۆ دەبنەوە، بووباکا گەنجێکی نێجیرییە و دوو ساڵە خۆی و خێزانی و منداڵە ساواكەی لە هەولێر دەژین، دەڵێ کاری ئەسکەلە دەکات، لە ڕێگەی کۆمپانیای شێرزادەوە بە هەولێر ئاشنا بووە و پێی وایە هەولێر خۆشترین شاری جیهانە.
ئەوان لە شوقەیەكی گەورەدا لە عەنكاوە دەژین، لەگەڵ هاوڕێ ئەفریقییەكانیدا بینایەكی گەورەیان بەكرێ گرتووە، پێی وایە كە سەرەتا دێیتە هەولێر، زەحمەتیی خۆی هەیە، بەڵام كە بە خەڵك و ئاین و كولتوورەكەیان ئاشنا دەبی، شتێكی ترە، ئەو گەنجە نێجیرییە دەڵێ ”لەو ماوە كەمەدا هەولێر هەستی نیشتمانیی دووەمی پێ دام، لێرە خەڵک بەڕێزەوە مامەڵەمان لەگەڵ دەکەن“.
كرێكارە ئەفریقییەكانی هەولێر بەهەڕەمەكی یاریی تۆپی پێ ناكەن، بەڵكو بەسەر چەند تیمێكدا دابەش بوون و هەر تیمێك ڕاهێنەری خۆی هەیە، کاپتن ماکویزدا کە ئەویش خەڵکی نێجیریایە و ڕێکخەری یاری و کۆکەرەوەی بەشێكی گەنجە ئەفریقییەكانە، دەڵێ لە پاڵ کارەکەی خۆیدا لە فرۆشگەیەکی هەولێر، وازی لە خولیای تۆپی پێ و ڕاهێنەری نەهێناوە ”کە ئەو گەنجانەم دیت تێ گەیشتم دەبێ چی بكەم، زۆربەیانم كۆ كردەوە، دەمزانی تینووی وەرزشن و ئەم یارییەش دەبێتە هۆی كۆكردنەوەی ئەفریقییەكان لە هەولێر“.
ئەو ڕاهێنەرە كە تەمەنی ٥٠ ساڵە، زۆر وڵات گەڕاوە، ساڵی ١٩٩٩ ڕاهێنەری تیمێكی تۆپی پێی منداڵان بووە لە ئەڵمانیا، پێی وایە هەولێر زۆر لە شارە ئەوروپییەكان باشترە، ئاسایش و ئارامیی ئێرە بەرز دەنرخێنێ، دەشڵێ ”لێرە وەكو هاوشارییەك ڕێزمان لێ دەگیرێ و هەست ناكەین بێگانەین و رەگەزپەرستی لێ نییە، ئاسانکاریی زۆرمان بۆ کراوە“. پلانی داهاتووشی هێنانی خێزانەكەیەتی بۆ هەولێر و دەیەوێ تا هەتایە لێرە بژی.
بووباكای نێجیرییش زۆر خۆشحاڵە كە لە هەولێر هەستی بە ڕەگەزپەرستی نەكردووە و دەڵێ نەك هەر خۆی، هیچ یەك لە هاوڕێ ئەفریقییەكانیشی لێرە هەستیان بەجیاوازی نەكردووە بەهۆی ڕەنگی پێستیانەوە یان بەهۆی ئەوەی خەڵكی ئێرە نین.
ئەو لە ماوەی دوو ساڵدا فێری زمانی كوردی بووە و دەڵێ کوردی زمانێكی ئاسان نییە، بەڵام بەهۆی ئەو هەموو خۆشەویستییەی لەناو كورد دەیبینێ، زوو بەشێكی زمانەكە فێر بوو، ژنەكەشی وشە سەرەتایییەكانی زمانی كوردی دەزانێ و دەڵێ خەڵك قسەیان شیرین و خۆشە لەگەڵیاندا، بۆیە بەبێ ئەوەی بچنە قوتابخانەی فێربوونی زمان، بەردەوامن لە فێربوون. دڵخۆشیشە بەوەی منداڵەكەی لێرە گەورە دەبێت و بەئاسانی زمانی كوردی وەكو هاوپۆلەكانی فێر دەبێت.
لەبارەی یارییەكانیان و بەڕێوەبەری یاریگە بچووككراوەكەشەوە، ماكویزدا دەڵێ كابرا زۆر یارمەتیان دەدات و لە پارەی كرێی ڕۆژانەی یاریگەكەش خاتریان دەگرێ و كەمتریان لێ وەردەگرێ.
ئەو ڕاهێنەرە پلانی هەیە دوو لە كرێكارە ئەفریقییەكان بگەیەنێتە ڕیزی یەكەمی تیمی یانەكانی كوردستان، دەشڵێ بەردەوام سەیری یارییەكانی خولی كوردستان دەكات.
ئاراس عومەر بەڕێوەبەری یاریگەكە باس لەو كرێكارە ئەفریقییانە دەكات كە هەندێكیان ماوەی پێنج ساڵە هەفتانە بە بەردەوامی سەردانی یاریگەكەی دەكەن، دەڵێ كەسانی ڕێكوپێك و بێ كێشەن، لە كاتی خۆیاندا دێن و لە كاتی خۆیشیاندا یاریگەكە چۆڵ دەكەن.
هەینیی ڕابردوو ڕۆژی سەربەخۆییی وڵاتی سیرالیۆن بوو، بەم بۆنەیەوە كرێكارە ئەفریقییە كوڕەكان ژمارەیەك كچە كرێكاری سیرالیۆنییان بۆ یاریگەكە داوەت كردبوو، لەگەڵ ئەنجامدانی ئاهەنگێك، یارییەكی تۆپی پێی دۆستانەشیان بۆ كچە كرێكارە ئەفریقییەكان ڕێك خست.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved