فەرمانی دەستگیرکردنی مەلا ماتۆر
فەرمانی دەستگیرکردنی مەلا ماتۆر

14 پێشمەرگە هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمیان لە گۆمەسپان گەمارۆ دا

حکوومەتی عێراق بەتۆمەتی هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگەی ئەیلوول و گەمارۆدانی بنكەیەكی سەربازیی ڕژێم، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ١٤ پێشمەرگە لە دەڤەری خۆشناوەتی دەركرد، كە لەناویاندا كەسایەتیی ناسراو بە مەلا ماتۆڕ هەبوو.
لە نووسراوێکی دەستەی لێکۆڵینەوەی تایبەت لە هەولێر، کە بە ژمارە ٦٤٤/٦٥ لە ڕۆژی ١٠ی ١٢ی ١٩٦١ بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی لیوای هەولێر (پارێزگەی هەولێری ئێستە)ی ناردووە، ناوی ئەو هاووڵاتییانە و ناوی گوندەکانیانی ئاشکرا کردووە.
بەپێی نووسراوەکە، ئەو هاووڵاتییە کوردانە لە ئابڵووقەدانی بنکەی هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی عێراق لە گوندی دەربەندی گۆمەسپان، بەشدار بوونە و هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگەیان لە شۆڕشی ئەیلوول، کردووە.
دەستەی لێکۆڵینەوەی تایبەت لە هەولێر لە نووسراوەکەیدا، داوای لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی لیوای هەولێر کردووە ئەو هاووڵاتییە گوندنشینە کوردانە دەستگیر بکەن، کە ئەوکات و بەپێی نووسراوەکە، خۆیان بەدەستەوە نەداوە و خۆیان حەشار داوە.
بەهۆی کاریگەریی ئەو زەبرەی پێشمەرگە لە هێزەکانی ڕژێمی ئەوکاتی عێراقی داوە، وێنەیەکی نووسراوەکە بۆ موتەسەڕیفیەتی لیوای هەولێر، فەرماندەییی فیرقەی دووەم لە کەرکووک، بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنی عامە، هەواڵگریی سەربازی لە بەغدا، فەرماندەییی سەنتەری هەواڵگریی سەربازی لە هەولێر و دەستەی لێکۆڵینەوەی تایبەت لە بەغدا، نێردراوە بۆ ئەوەی زانیارییەکانی خۆیان ڕوون بکەنەوە.
ناوی پێشمەرگەكانی گوندەکانی دەڤەری خۆشناوەتی لە بناری چیای سەفین:
- مەلا عەولا ناسراو بە (مەلا ماتۆڕ).
- ساڵح میران.
- ئەحمەد کوخە وەسمان، خەڵکی گوندی قەڵاسنج.
- سەعید کور وەسمان، خەڵکی گوندی قەڵاسنج.
- حاجی عوسمان، خەڵکی گوندی قەڵاسنج.
- حەمەد سادق، خەڵکی گوندی ناودارۆکان.
- حاجی حەسەن، خەڵکی گوندی ناودارۆکان.
- ئەحمەد حەمە سادق، خەڵکی گوندی سارتکە.
- مستەفا خدر، خەڵکی گوندی ساریکە.
- قاسم شێخ محەمەد، خەڵکی گوندی سارتکە.
- ئەیوب ئەسعەد، خەڵکی گوندی سولاوکە.
- حامد حەسەن، خەڵکی گوندی سولاوکە.
- فەیزی ئەسحەد، خەڵکی گوندی زیارەت.
- کاکە نادر، خەڵکی گوندی زیارەت.

مەلا عەولای کوڕی حاجی سمایل ئەحمەد ناسراو بە مـەلا ماتـۆڕ، ساڵی ١٩٢٧ لە گوندی حەسەن بلباس لە کەندێناوە لەدایک بووە، بە پایسکل و ماوەیەکیش بە ماتۆڕ لە قەراج و دەشتی دزەیییان بۆ ئیشوكاری ڕێكخستنی پارتی دەگەڕا، ساڵی ١٩٥٤ ئەندامی لێژنەی ناوچەی هەولێری پارتی بووە، ساڵی ١٩٥٦ سەرپەرشتیی ڕێکخستنەکانی لە مووسڵ و ناوچەی بادینان کردووە، ساڵی ١٩٥٩ سەرۆکی لێژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەی چوارەم بووە لە بەغدا.
لە ١٩٦١ تا ١٩٦٤ سەرکردەی سەربازی بووە لە شۆڕشی ئەیلوول، لە داستانەکانی دەشتی هەولێر، دۆڵی خۆشناوەتی، ،قەڵادزێ، سیدەکان، لۆلان و خواکورک بەشداریی كردووە. لە ١٩٧٤ تا ١٩٨٨ پۆستی وەزیری دەوڵەتی لە حکوومەتی عێراق وەرگرتووە. ساڵی ١٩٨٩ خانەنشین کراوە و گەڕاوەتەوە هەولێر، ساڵی ٢٠٠٠ هەر لە هەولێر كۆچی دواییی كرد.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved