”ئەوانەی كاری چاك دەكەن، موسوڵمانیش نەبن دەچنە بەهەشت“
زانایەکی ئاینیی ڕچەشکێن، نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ر، بیركراوه و ڕیفۆرمخواز، شاعیر و قازی بووه؛ یەکەم کەسە لە كۆیە کچەکەی ناردووه‌ته تاكە قوتابخانەی شارەكە، كوڕەكەی پێی وایە عەلمانی بووە و زۆر باوه‌ڕی به حه‌دیس نه‌بووه. هەروەها باوه‌ڕی وا بووه میراتی كوڕ و كچ وه‌ك یه‌كه، ئه‌و كه‌سانه‌ی كاری چاكیشیان كردووە، با موسوڵمانیش نه‌بووبن، هەر ده‌چنه به‌هه‌شت.
فاروق محه‌مه‌د كوڕی بچووكی مه‌لای گه‌وره‌ی كۆیه، ئێستە ته‌مه‌نی ٩٣ ساڵە و لە دیدارێكی (گڵكه‌ند)دا باسی ژیان و باوەڕی مەلای گەورەی باوكی دەكا، نازناوەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە لە هه‌ژده ساڵییەوە ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تیی وه‌رگرتووە، جگه له زمانی كوردی، زمانه‌كانی توركی، فارسی و عه‌ره‌بی ده‌زانی، دەیگێڕێتەوە كە “جاره‌كیان چه‌ند مه‌لایه‌ك ده‌چنه كن حه‌مه‌ئاغای كۆیه شكات له مه‌لای گه‌وره ده‌كه‌ن كه داوای له خه‌ركی كردبوو خۆیان فێری زمانی ئینگلیزی بكه‌ن، حه‌مه‌ئاغاش كه بابم ده‌بینی ده‌رێ مامۆستا ئه‌و قسه‌یه ڕاسته، ئه‌ویش ده‌رێ ڕاستە گۆتیتم، فه‌رزه هه‌موو خه‌رك فێری زمانی ئینگلیزی بن”.
مەلای گەورە نه‌جیبه خانی كچی وەك یەكەم كچ له ته‌مه‌نی حه‌فت ساڵیدا خسته به‌ر خوێندن و ناردییە تاكە قوتابخانەی كۆیە كە تەنها كوڕی لێ بوو، خه‌ڵك به‌لایانه‌وه سه‌یر بوو، به‌ڵام ئه‌و گوێی پێ نه‌دا و پێی وا بوو هیچ جیاوازییه‌ك له نێوان كوڕ و كچدا نییه، هەروەها به‌شێك له دابونه‌ریته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ڕه‌ت ده‌كرده‌وه، بۆ نموونه خه‌ڵكی له‌سه‌ر ئه‌وه ڕاهێنا كه نابێت ژن به ته‌نیا له‌لایه‌ك نان بخوات، به‌ڵكو هه‌مووان به گه‌وره و بچووكه‌وه له‌سه‌ر یه‌ك سفره نان بخۆن، باوەڕی وا بوو ژن و پیاو له به‌شه میراتدا یه‌كسانن نه‌وه‌ك به دوو ژن به‌شی پیاوێك وه‌ربگرن، جارێكیان ژنێك هاته لای سوێندی به قورئان خوارد كه مانگی بینیوه، ئه‌ویش له‌سه‌ر قسه‌ی ژنه‌كه كردی به جه‌ژن.
وه‌ك مامۆستا فاروق باسی ده‌كات، مه‌لای گه‌وره «وێنه ڕاسته‌قینه‌كه‌ی ئاینی ئیسلامی» پیشانی خه‌ڵك ده‌دا و دژی هه‌موو ئه‌و خورافیاتانه بووه له په‌نای ئاین باس ده‌كران، پێی وا بوو هه‌ر شتێك له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌قڵی مرۆڤ بێت له ڕاستییه‌وه دووره، بڕوای وا بوو مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی ببێته موسوڵمانێكی ڕاسته‌قینه ته‌نیا نوێژ و ڕۆژوو به‌س نین، به‌ڵكو پێویسته كرداریشی چاك و دوور بێت له خراپه‌كاری، به‌شێوه‌یه‌ك پێی وا بوو ئه‌و كه‌سانه‌ی خزمه‌تی مرۆڤایه‌تییان كردووه، ئه‌گه‌ر موسوڵمانیش نه‌بن، له ڕۆژی دواییدا خودای گه‌وره ده‌یانخاته به‌هه‌شت، نموونه‌ی زیندوویشی ئه‌دیسۆنی داهێنه‌ری كاره‌با بوو.
هەروەها زۆر بڕوای به فتوای زانایانی جیهانی ئیسلامی نه‌بوو، پێی وا بوو ده‌بێت ئاینی ئیسلام له‌گه‌ڵ سه‌رده‌مدا بگونجێندرێ، بۆ شیكردنه‌وه‌ی پرسه ئاینییه‌كان زۆر گرینگیی به‌فه‌رمووده‌كانی پێغەمبەری ئیسلام نه‌ده‌دا، پێی وا بوو به‌شێكی زۆریان وته‌ی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام نین و هه‌ڵبه‌ستراون، گه‌شتی عه‌مرەشی به‌پێویست نه‌ده‌زانی.
وه‌ك مامۆستا فاروق ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات مه‌لای گه‌وره په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌وی له‌گه‌ڵ مه‌لیك فه‌یسه‌ڵی یه‌كه‌م مه‌لیكی عێراقدا هه‌بووه، مه‌لیك داوا له مه‌لای گه‌وره كردبوو ساڵانه له سێ مانگی وه‌رزی هاویندا بچێته كۆیه تاوه‌كو له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و فێری زانست و زانیاری ببێت، دواتر داوای لێ كرد بچێته به‌غدا، به‌ڵام مەلای گەورە ڕه‌تی كردەوە و پێی گوتبوو ناتوانێت له دووریی خه‌ڵكی خۆی بژی.
مه‌لای گه‌وره پیاوێكی نه‌ته‌وه‌یی بووه، داوای مافه‌كانی گه‌لی كوردی له مه‌لیك كردووه، شانازیی به‌جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌وه دەكرد، ساڵێكیان لە وتارێكدا له‌به‌ر ده‌ركی سه‌رای كۆیه پیرۆزباییی جه‌ژنی نه‌ورۆزی له خه‌ڵكی كرد، به‌ر له دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عێراقیش قازیی كۆیه بووه و سه‌رجه‌م بڕیاره‌كانیشی به‌زمانی كوردی نووسیون.
مامۆستا فاروق باس له تایبه‌تمه‌ندییه‌كی تری مه‌لای گه‌وره ده‌كات و ده‌ڵێ مه‌لا‌یه‌كی عه‌لمانیی خواپه‌رست بوو، پێكه‌وه‌ژیانی ئاینه‌كانی به‌گرینگ ده‌زانی، به‌رده‌وام كريستیان و جووه‌كانی كۆیه سه‌ردانیان ده‌كرد، ئه‌ویش له سه‌رێی دیوه‌خان جێگەی بۆ داده‌نان، ڕێزی زۆری ده‌گرتن؛ سه‌ردانیشی ده‌كردن.
یه‌كێكی تر له جیاوازییه‌كانی مه‌لای گه‌وره ئه‌وه بوو، جگه له كتێبی ئاینی، كتێبه‌كانی داروین، ژیاننامه‌ی ناپلیۆن و چه‌ندین كتێبی تری ده‌خوێنده‌وه، ئاگەداری سیاسه‌تی جیهان بوو.