لەناو شاری هەولێر، کە کولتووری کۆن و ژیانی مۆدێرنی تێدا تێکەڵ بووە، هێشتا حەمامێکی گشتی لەسەر پێ وەستاوە و پتر لە نیو سەدەیە خەڵكی شارەكە خۆیان تێدا دەشۆن.
حەمام ئیسكان یەكێ لە كۆنترین حەمامە گشتییەكانی شارە و ساڵی ١٩٦٥ لەلایەن عەبدوڵڵا خەفافەوە دروست کراوە، کە ئەو کات جێگری پارێزگار بووە.
ئەم حەمامە كە بەیەكێ لە ئادگارە زیندووەكان و شوێنەوارەكانی هەولێر دادەندرێ، تا ئەمڕۆش بە تەواوی کار دەکات، جاران كرێكاران بۆ شۆردنەوەی تۆز و چڵكی ڕۆژێكی درێژ ڕوویان تێ دەكرد، بەیانیانیش ئەفەندی و خواپێداوەكان بەر لە دەستپێكردنی ڕۆژ و خواردنی چەوری بەیانی، خۆیان تێدا دەشووشت، ئێستە زیاتر گەشتیار ڕووی تێ دەكەن.
سامان حاجی مامە بەڕێوەبەری حەمامەکە، دڵنیایی دەدات کە سەرەڕای پێشكەوتنی خێرای هەولێر، ئەوان هەموو وردەکارییەکی حەمامەكە لە تەختەی بەردی گەرمەوە تا پێشوازیی گەرم لە میوان وەک جاران درێژە پێ دەدەن، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی بەر لە ١٥ ساڵ حەمامەكەیان نۆژەن كردبووەوە و ساونایان بۆ زیاد كردووە.
حەمامەكە كەوتووەتە ناوەڕاستی یەكێك لە گەڕەکە هەرە کۆن و قەرەباڵغەكانی هەولێر، هێشتا لە کوچە کۆنەکانیدا چیڕۆکەكانی جاران دەنگ دەدەنەوە، بەقسەی سامان، ئەو پەناگە هەڵماوییەی گەڕەكی ئیسکان لە سەرەتادا شوێنێکی میللی بووە و هیچ تایبەتمەندییەکی نەبووە، زیاتر لەلایەن سەربازەکانەوە بەکار دەهێندرا، بەڵام ئێستە زیاتر گەشتیاری خاوەن داهاتی كەم ڕووی تێ دەکەن، باسیش لەوە دەكات كە حەمامەكە لە دروستبوونیەوە تا ئەم دوایییەش هۆڵێكی گەورەی كراوە بوو، هەمووان بەیەكەوە خۆیان تێدا دەشووشت، بەڵام لە دوای ساڵی ٢٠١٠ەوە بەجۆرێك نۆژهنیان كردەوە كە شوێنی خۆشووشتن له یهكدی جیا بێتەوە، هەروەها ساوناشیان بۆ زیاد کرد.
چیی دیکە ئەو نەوە کۆنەی دەچوونە حەمامەكە، ناچن، سامان بەداخەوە دەڵێ هەندێكیان كۆچی دوایییان كردووە و ئەوانی تریش پیر بوون یان لە ماڵەوە خۆیان دەشۆن.
عەباس ئیسماعیل سەردانیكەرێكی بەردەوامی حەمام ئیسكانە، بۆ (گڵكەند) دەڵێ سەردانی تەواوی حەمامەکانی هەولێری کردووە، بەڵام دوای نۆژەنكردنهوهی حهمام ئیسكان، هەموو بەیانیان لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی هاوتەمەنی لەوێ خۆی دەشوات.
ئەو بۆ باسكردنی یادەوەرییەکانی دەگەڕێتەوە سەردەمی هەشتاکان، ئەو كاتەی بۆ یەکەم جار سەردانی حەمام ئیسكانی کردووە، دەڵێ ئەو كات حەمام بەو شێوەی ئێستە نەبوون، کەسێک جلەکانی لێ وەردەگرتی و دەیخستە ناو فەردە و لە دیاری دادەنیشت تا حەمامت تەواو دەکرد.
حەمام وەك ئێستە سندوق و كانتۆری تێدا نەبوو كە جلەکانی تێدا هەڵبگری، عەباس دەڵێ سەردانیكەرەكانیش لە دوای حەمامکردن نەدەڕۆیشتن، بەڵكو پێكەوە دادەنیشتن و پشوویەكی درێژیان دەدا و قسەیان پێكەوە دەكرد، حەمامچییەکەش بەتانیی پێدا دەدان، چا و شیری گەرمیان دەخواردەوە.
عەبدولڕەزاق خدریش یادەوەریی زۆری لە حەمام ئیسکان هەیە، ئەو منداڵی گەڕەکە و ساڵی ١٩٧٩ لە تەمەنی دە ساڵی لەگەڵ هاوڕێکانی بۆ یەکەم جار سەردانی حەمامەكەیان کردووە. باس لەوە دەكات كە سەردانی زۆربەی حەمامەکانی دیكەی هەولێری کردووە، لەوانەش حەمام نێرگز، حەمام تەعجیل، حەمام شۆڕش و حهمام سەڵاحەدین. ئەو بهپێكهنینهوه باسی یادەوەرییە خۆشەکانی دەکات و دەڵێ كاتێ منداڵ بوون، زۆر جار لە کاتی خۆشووشتن لەناو هۆڵە گەورەكەدا دەستیان بە شەڕەئاو دەکرد، حاجی گەیلانی حەمامچییش لێیان تووڕە دەبوو و جنێوی پێ دەدان.
سامان حاجی مامە نیگەرانە لە داهاتووی حەمام ئیسکان و دەڵێ وا بڕوات دای دەخەن، چونکە خەرجیی زۆرە و داهاتی کەمە.