بە درێژی و ئەستووری نییە
بە درێژی و ئەستووری نییە

نووسەرانی مە، زۆربەیان، حەزیان لە خۆهەڵکێشان و خۆدەرخستن و ستایشە. ستایشی بکەی لێت دێتە پێش، ستایشت دەکات و پێتدا هەڵدەڵێت، داوەتی مەشروبیشت دەکات. هێندە مێشک گۆجن، ئەگەر بڵێی ناخۆمەوە، بەوەش تووڕە دەبن و وا دەزانن ئیسلامی.
کاتێ دەنووسێت یان دەڵێت: حەفتا کتێبم هەیه، یان سەت کتێبم چاپ کردییە، وا دەزانێت داهێنانی مەزنی کردییە. نووسەر هەیه بەدەیان کتێبی فیکری و چەندان ڕۆمانی هەیه، کەچی قینچکەی تەنگە و ڕەخنە قبووڵ ناکات. نموونەمان زۆرە، لەوانە هەر بڵێ نووسەری گەورەی گەلەکەمان، یان شاعیری گەورەی کوردستان، بە فەردە دەڵێ ئۆتەمە. ئەو جۆرە نووسەرانە لە هەر وڵاتێکی دی بان، دەگیران، چونکە زۆربەی کتێبەکانیان دزیارییە، ئەگینا، خێرە ئەو هەموو کتابەت هەیە و لەگەر کەرێ بتگۆڕمەوە زەرەرمە. باشە ئەو هەموو کتابەت لە کێ هێنا؟
کتێبێکی قانع خورشیدم خیندەوە لەبارەی تەنیایی، یەک ڕای خۆی نەبوو، هەمووی پێکوەنان بوو، فڵان وا دەڵێ و فیسار وای گوت.
لە دانیشتنێکی یانەی کتێبدا گوتی یازدە کتێبم ئامادەیە لەسەر لاپتۆپەکەم. تومەز هەر ئەوها پێکیان وەدەنێت. جا سەت خۆزگەم بەمامۆستا قانع، ئەوانی دی هەر زۆر خراترن، هەر قسەی ئەم و ئەو ڕیز دەکەن و دواتریش پەرەگرافێک قسەی خۆیان دەنووسن. کتێب نووسین ئاوا بێت، مانگێ چار کتێبت لۆ دەنووسم.
مێشک کلۆرانی مە حەزیان لە درێژ و ئەستوورە. هەر لەخۆڕا زۆری دەنووسن هەتا کتێبەکەیان ئەستوور دەرچێت.
فۆنتی گەورە دەکەن، دیزاینی لاپەڕەکان تێک دەدەن بەس هەتا کتێبیان ئەستوور بێت.
ئێ خۆ بەدرێژی و ئەستووری و زۆری و بۆری نییە.
کا بزانم کام کتێبتان کاریگەری ئەرێنیی هەبووە لەسەر کۆمەڵگە؟ تکایە بەسە ئەو هەموو کتێبە قۆڕ و بێ مانایە بەناوی فیکر و ڕۆمان و فەلسەفە مەنووسن، سنعاتەکەتان ڕەزیل کردییە. گەنجتان گەوجاند، حەیای نووسین و کتێبیشتان بردییە. ئاخر ئەگەر چاپخانەی پیشەییمان هەبا و بیانزانیبا کتێبی باش و داهێنان چییە، نووسەر بەکەیفی خۆی بەناو نەدەکەت.
ئەوجە ئەو نووسەرانە خراپ لێ دراینە لۆ نووسەرانی بیانی، ئێ کاکە تەماشایەکی ئەوان بکە بزانە یەکی چەند کتابیان هەیە. باشە مادام ئەو هەموو کتێبەتان هەیە، لۆ کەس ناتانناسێت، لە ئەوروپا نا، لێرە لە کۆڵانی پشتەوەی خۆتان، لۆ کەس بە ڕبەتان هیچ ناپێوێت؟ تومەز کتێبە زۆروزەوەندەکانتان هیچ نین. تکایە چیی تر قاقەزی خەسار مەکەن و واز لەو خۆهەڵکێشانەش بینن، چیی تر گەنج دەسخەرۆ مەدەن، لێ گەڕێن با گەنجان فێری سنعاتێک بن باشترە لە خوێندنەوەی ئەو کتێبە سەقەتانەی ئێوە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved