سه‌میره عه‌بدۆك (لەدایكبووی 1954) ژنه هونه‌رمه‌ندە به‌هێزه‌كه‌ی هه‌ولێرێ، كه به‌دایكی هونه‌رمه‌ندان ده‌ناسرا، وه‌كو زۆربه‌ی ئه‌و كچ و ژنانه‌ی له ناچاری نه‌بوونی ئه‌كته‌ری مێیینه بۆ شانۆ و درامای كوردی له هه‌ولێر، دڕی به‌م تاریكییه دا و هاته سه‌ر شانۆ و ده‌سپێكی كاری شانۆییشی (هه‌بوو نه‌بوو) بوو له ده‌رهێنانی هونه‌رمه‌ند (سه‌باح عه‌بدولڕه‌حمان).
لەو شانۆییەدا كه‌وته به‌ر دڵی بینه‌ران و هه‌واداران، شوێن و مه‌قامی خۆی له‌ناو هونه‌رمه‌ندان سەپاند.
ئه‌و ئێوارانەی خه‌ریكی پڕۆڤه‌كردنی به‌رهه‌مێكی هونه‌ریی تازه ده‌بووین، ئه‌و نیوه‌ڕۆیان له جیاتیی مه‌نجه‌ڵێك دووان یان سێیانی ده‌خسته سه‌ر ته‌باخی ماڵه‌كه‌ی و زۆربه‌مان له‌سه‌ر خوانی ئه‌و ماڵه ئاماده ده‌بووین و نانی نێوه‌ڕۆمان لای ئه‌و ده‌خوارد.
دوای ئه‌وه‌ی من بوومه یه‌كێ له كوڕه‌كانی ماڵ و ده‌ستگیرانی (سه‌وسه‌ن)ی كچی، هه‌موو جارێ كه له پڕۆڤه ده‌گه‌ڕاینه‌وه ده‌یگوت:
سیروان مه‌چوونه‌وه با دوو، سێ جاران خوێندنه‌وه بۆ ده‌قه‌كه بكه‌ین، ئیتر من ده‌بووم به‌و هونه‌رمه‌نده‌ی كه به‌رامبه‌ر ئه‌و ته‌مسیلی ده‌كرد، تا به‌ته‌واوی ڕه‌وانی ڕۆڵه‌كه‌ی خۆی ده‌كرد و بۆ به‌یانییه‌كه‌ی له‌وپه‌ڕی ئاماده‌باشیدا ده‌بوو.
كە مام عه‌بدۆكی باوكی ماڵئاواییی كرد، پرسه‌ی ژنان هه‌فته‌یه‌ك بوو، به‌ڵام ئه‌و ته‌نها یه‌ك ڕۆژ له پرسه‌كه دانیشت، چونكه خه‌ریكی تۆماركردنی درامایه‌ك بوو، ئه‌گه‌ر بۆ ڕۆژی دووه‌م ئاماده‌ی وێنه‌گرتن نه‌بوایه، ڕه‌نگه دراماكه هه‌ر تۆمار نه‌كرابایه، بۆیه پرسه‌كه‌ی به‌جێ هێشت گه‌وره‌ییی خۆی نواند و به‌چاوی پڕ فرمێسكه‌وه گوتی: دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه به‌یانی دێم بۆ وێنه‌گرتن.
له هه‌ڵوێستێكی دیكه‌ی دایه سه‌میره، سه‌روبه‌ندی شه‌ڕی ناوەخۆ بڕیارم دا بچمه ده‌ره‌وه‌ی وڵات، له شوێنێك چه‌ق وه‌ستام و پاره‌م پێ نه‌ما، ناچار هانام بۆ (سه‌وسه‌ن)ی هاوسه‌رم برد، به‌و پێیه‌ی خێزانمه و یه‌كێكه له كچانی دایه سه‌میره كه ده‌بێ له هه‌ولێر شتێك بكرێ پاره‌م بۆ په‌یدا بكرێ، ئه‌ویش كه‌سی شك نه‌بردبوو، ته‌نها دایكی نه‌بێت و چووبووه لای و ئه‌و هه‌واڵه‌ی منی پێ ڕاگه‌یاندبوو، كه من له ئۆكرایناوه گیرم خواردووه، ئه‌وه بوو دایه سه‌میره به‌زوویی ئه‌و كێشه‌یه‌ی چاره‌سه‌ر كرد، له‌وێوه زیاتر سۆزی دایكایه‌تیی ئه‌وم بۆ به‌دیار كه‌وت.
دایه سه‌میره دوای ئه‌وه‌ی ڕه‌زامه‌ندیی هاتنی بۆ ئه‌ڵمانیا بۆ ده‌رچوو، له زستانی ساڵی (1996) له وێستگه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ری (هانۆڤه‌ر) به‌دڵێكی زۆر خۆشه‌وه پێشوازیمان لێ كرد و به‌گه‌رمییه‌وه له باوه‌شێمان كرد، به‌ڵام له ساڵی (2006) كه گه‌ڕایه‌وه هه‌ولێرێ و لە گه‌ڕانه‌وه‌یدا بۆ ئه‌ڵمانیا، له كاتی سه‌ردانیكردنی پشكنینی ساڵانه‌ی بۆ لای دوكتۆر ده‌ركه‌وت شێرپه‌نجه گه‌یشتبووه جگه‌ری، ڕۆژ به‌ڕۆژ باری ته‌ندروستیی خراپتر ده‌بوو، ئه‌وه‌نده به‌هێزیش بوو، دروست سێ ڕۆژ پێش ماڵئاواییكردنی به (سه‌وسه‌ن)ی هاوسه‌رمی گۆتبوو با هه‌ڵسم له موجه‌میده گۆشت ده‌ربێنم، چونكه سبه‌ینێ هونه‌رمه‌ند حه‌مه‌عه‌لی خان و جه‌ماعه‌ت دێن هه‌تا شیویان لۆ حازر بكه‌م، ئه‌مه‌شی كرد وه‌كو دایكێكی هونه‌رمه‌ندان، به‌ڵام ئه‌سه‌ف دوای ئه‌م سێ ڕۆژه دروست له ڕۆژی (٦/٤/٢٠٠٧) له خه‌سته‌خانه‌ی شاری (نۆرنبێرگ) له ئه‌ڵمانیا چاوه‌كانی بۆ دواجار لێك نا و ماڵئاواییی له شانۆ و هەمووان كرد.