ئەو ژنەی عەیشێی ماچ کرد نەیزانی پیاوە
ئەو ژنەی عەیشێی ماچ کرد نەیزانی پیاوە
May 11, 2025

ساڵی ١٩٧٠یە، هێشتا قوتابییە لە ناوەندی (جمهوری)، ڕۆژێک دەرهێنەری شانۆیی فاڵچی لە ڕێگەی چاڵاکیی قوتابخانەکانەوە سەردانیان دەکات و بانگەواز دەکات “کێ حەزی لە تەمسیلە؟” ئەویش لە پاڵ ژمارەیەك قوتابیی دیكە دەست هەڵدەبڕن.
لە ئێوارەی ئەو ڕۆژەوە عەبدولڕەزاق شەمسەدین دەچێتە تیپی هونەریی هەولێر کە ئەو کات نزیکی چایخانەی قەرداران بوو، ئیدی لەو كاتەوە دەست بە كاری شانۆ دەكات و تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت خۆشەویستییەكەی بۆ ئەو هونەرە كاڵ نەبووەتەوە.
عەبدولڕەزاق شەمسەدین لە یەكەم كاری شانۆییدا ڕۆڵی سەرەكی دەدرێتێ و ڕۆڵی كەسێك دەبینێ بەناوی شێخ ژن. دوای نمایشکردنی لەسەر شانۆی هۆڵی گەل، بۆ تەلەڤزیۆنیش تۆمار کرا، کە دەنگدانەوەیەكی فراوانی لەسەر ئاستی کوردستان پەیدا کرد.
هەروەها لە کاری دووەمیشیدا وەك ئەكتەری سەرەكیی بەشداریی شانۆگەریی مارەیی كرد، کە ڕۆڵی عەیشێی دەدیت، ئاستێكی بەرزی پێشكەش دەكرد و هونەری شانۆی دەوڵەمەندتر کردبوو، خەڵکی ناو هۆڵەکە وێڕای پێکەنینی زۆر، چەپڵەی ئافەرینیان بۆ لێ دەدا.
عەبدولڕەزاق هێندە لێهاتووانە ڕۆڵی عەیشێی دەگێڕا، ڕۆژێکیان دوای تەواوبوونی نمایشەکە ژنێک لەناو جەماوەرەوە بەخێرایی چووە سەر شانۆ و خۆی گەیاندە عەیشێ، لە باوەشێی کرد و پڕ بە دڵی خۆی ماچی کرد، پێی گوتبوو “وەڵاهی خوشکم ئەوەندەت لۆ گریایمە، ئەتو ژنەکی گەلەک فەقیر بووی”. خەڵكیش بەو هەڵوێستە دایانە قاقای پێکەنین و ژنەکە پرسی بە چ پێ دەکەنن؟ گوتیان خوشکێ خۆ ئەوە ژن نییە، پیاوە، هونەرمەند عەبدولڕەزاق شەمسەدینە. ژنەکە لە شوێنی خۆی حەپەسا و شەرم گرتی، چونکە ماچی کردبوو، بەدەم جێهێشتنی سەكۆكەوە ئاوڕی لێ داوەوە و پێی گوت “هەی بابانت بەقوڕ گیرێ، چما پیاویش دەرچووی!”.
هەر لە کاتی نمایشی شانۆگەریی (مارەیی)دا، کە بە زۆری (شیرین)ی کچی دەدەنە (ڕەشۆی چرمن)، هونەرمەندی ڕەوانشاد سوبحی کۆیی ڕۆڵەكەی دەدیت لە گوندی هاتبوون و (شیرین)یش کچێکی ناسک و نازداری شاری بوو، زۆری پێ ناخۆش دەبێ، کە دەیبەنە گوندی و لەوێ نەخۆش دەکەوێ و داودەرمانی پیرەژنانی دەدەنێ و دواجار ماڵئاوایی دەکات و ئەم خەبەرە دەدەنە (عەیشێ)ی، ئەویش بەجۆرێكی سامناك دەقیژێنێ، دوای ماوەیەك لەبارەی ئەو قیژاندنەوە لە لێدوانێكدا گوتی “وام زانی ئەو خەبەرە بەڕاستییە، بەتەواوی چووبوومە ناو ڕۆڵەكە، بە گەرمییەوە بۆ ئەو ڕووداوە گریام”. ئەوەش لە كاتێكدا بوو كە بینەرانی ناو هۆڵەکەش لەگەڵ ئەودا دەستیان بە گریان دەكرد.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved