سه‌فیه‌ عومه‌ری پیاسەیەکی گڵکەند دەکات
سه‌فیه‌ عومه‌ری پیاسەیەکی گڵکەند دەکات

بۆ یەکەم جار ساڵی 2012 لەسەر داوەتنامەیەکی فەرمیی وەزارەتی ڕۆشنبیری، خانمە هونەرمەندی میسری سەفیە عومەری، لەگەڵ وەفدێکی هونەریی میسری بۆ بەشداریکردن لە فیستیڤاڵی نێودەوڵه‌تیی هەولێر بۆ شانۆ گەیشتنە ئێرە.
سەفیە عومەری لە سەردەمانی خۆی جوانییەکی بێ هاوتای هەبوو، تەواوی گەنجان له‌ کوردستان و ناوچەکە شەیدای بوون.
ئەو لە تەواوی کار و فیلمەکانیدا ڕۆڵی ژنە ئۆینباز و چاومۆن و سەرنجڕاکێشەکەی دەدیت، بەڕۆڵی ورووژێنەر ناسرا بوو، بە چاوەکانی پیاوی شێت دەكرد.
کاتێ بۆ یەکەم جار لە هۆتێل شیراتۆنی هه‌ولێر بینیم؛ یەکسەر پێم گوت تۆ هەر جوانەکەی جارانیت! لە وەڵامدا گوتی: کوا؟ پیر بوومە!
سەفیە خانمێکی هێمن و بەسەلیقە بوو. زۆر جار حەزی دەکرد بەپیاسە لە شیراتۆنەوە بچێتە لای قەڵات. دەیگوت خەڵک هەموو منیان دەناسی و بەڕێزەوە وێنەیان لەگەڵ دەگرتم.
سەفیە شەیدای بینینی قەڵات و خواردنەوەی شەربەتی مێوژ بوو، دەیگوت براکانم پێیان گوتم کە چوویتە هەولێر و لای قەڵات، شەربەتی مێوژەکە بخۆوە، بۆیە منیش بڕیاڕم دا لە نزیک قەڵات شەربەتەکە تاقی بکەمەوە، کە زۆر بەتام بوو.
ئەو یەک دوو جار بەلای باخچەی گڵکەندیشدا دەچووە ناو شار، وەلێ ئەوکات باخچەکە نۆژه‌ن ده‌كرایه‌وه‌، باسی باخچەکەمان بۆ دەکرد کە چۆن جێژووانی هەمووان بووە و ئێستەش حکوومەت نۆژەنی دەکاتەوە.
سەفیە خانمە هونەرمەندێکی بە وەفایە و جار جارە پێوەندی دەکات و لە خەڵکی کوردستان و پێشهاتەکان دەپرسێت.
بەم دوایییە پێوەندیی کرد، پێم گوت باخچەی گڵکەند تەواو بووە، زۆر جوان و جیاواز دەرکەوتووە. لە پەنجەرەی دواوەی ژوورەکانی هۆتێل شیراتۆن، لە نهۆمەکانی سەرەوە جوان و ڕەنگین دەردەکەوێ، لە خۆشەویستیی گڵكەندیش ڕۆژنامەیەک بەناوی گڵکەند دەردەچێ، خۆیشم ئەزموون و یادەوەرییەکانی سینەمای تێدا باس دەکەم.
لە وەڵامدا گوتی هەواڵێکی خۆشه‌، جارێکی دیكە بێمە هەولێر، لە پێش قەڵات شەربەتی مێوژەكە دەخۆمەوە و لە پەنجەرەی ژووری هۆتێلەکەوه‌ سەیری گڵكەند دەکەم و بەڕۆژیش پیاسەی تێدا دەکەم.

هونەرمەند سەفیە عومەری لە هەشتاکاندا


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved