خدر عەتار
خدر عەتار

پیشەوەر خدر عومەر حەمەدەمین عەتار دوکانەکەى لەناو بازاڕ، دەرگەى قەیسەریی تەنیشت دوکانى حاجى بەکر زێڕینگر بوو.
لە ناوچەى قەسرو ماکۆسان لە ساڵى ١٨٩٥ لەدایک بووە و لە عەشیرەتى گەردینە، لە تەمەنى شەش ساڵیدا هاتۆتە هەولێر و لەناو دوکانەکانى دەڵاڵخانەى کۆنى هەولێر دوکانى عەتاریى داناوە، پاشان هاتۆتە تەنیشت دوکانى حاجى بەکر زێڕینگر و ماڵیشیان لە گەڕەکى تەعجیل بووە. سێ کوڕى هەبووە و لەگەڵ خۆیدا کاریان کردووە بەناوەكانی (مالک، فەیسەڵ و سەباح)، دواى مردنی باوکیان لە ١٩٧٣، بەردەوام بووینە لە کارى عەتارى.
ئەم پیشەیە بریتی بووە لە فرۆشتنى کەلوپەلى عەتارى و ڕەنگ و جۆرەکانى خەنە و سابوونى ڕەقى و لیفکە و ڕۆنى ڕووەکى و داوودەرمانى کوردەواریى وەک شەب کە بەکار دەهێنرا وەک پاککەرەوەیێکى تەندروستى (معقم) و سینەمەکى و شەکرى نەبات کە بۆ نەخۆشیى زەردۆیى بەکار دەهات، هەروەها دمکانە کە دەکوترا و لەسەر شوێنى قونێر دادەنرا دواى دوو ڕۆژ پێ دەگەیشت و قونێرەکەى ساڕێژ دەکرد، هەروەها دەرمانى کێچ و ئەسپێ، خەڵکى شار و لادێیەکان بەهۆى کەمیی خزمەتگوزاریى تەندروستى لە ناوچەکانیان لە کاتى نەخۆشبوون سەردانى ئەم شوێنەیان کردووە بۆ کارى پێویست و وەرگرتنى چارەسەر و بڕوایان پێى هەبووە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved