موتەسەریفیەتی لیوای هەولێر لە نووسراوێکی نهێنییدا، کە لە 20ی کانوونی یەکەمی 1962 بۆ لایەنە ئەمنی و سەربازییەکانی ناردووە، باسی وردەكاریی خۆپیشاندانی قوتابیانی خانەی مامۆستایانی سەرەتایی لە هەولێر کردووە، كە لەپێناو بەرقەراربوونی ئاشتیدا لە كوردستان بەڕێوەچوو.
بەپێی ئەو بەڵگەنامە نهێنییانەی ئەوسا كە دەست (گڵكەند) كەوتوون، خۆپیشاندانەکە لەلایەن قوتابیانی خانەی مامۆستایان لە رۆژی 15ی کانوونی یەکەمی 1962 بەدروشمی «دەمانەوێ ئاشتی لە کوردستان بەرقەرار بێ» رێک خراوە، خۆپیشاندەرانی ناڕازی لەبەردەم خانەی مامۆستایانەوە تا یانەی فەرمانبەران چوون و لەوێ پەرتەی لێ کراوە.
لە بەڵگەنامەكاندا ئاماژە بەوە كراوە ئیدارەی خانەی مامۆستایان هەر زوو دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە و لایەنە ئەمنییەکانیش دوو رێکخەری خۆپیشاندانەکەیان بە ناوەکانی عەباس رەسوڵ و ئیبراهیم عەبدولقادر دەستگیر کردووە، رێکخەری سێیەمیش وەعدوڵڵا سوڵتان بوو، بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتووە.
ئیدارەی خانەی مامۆستایان ئەو سێ قوتابییەی خانەکەیان بۆ ساڵی خوێندنی 1962-1963 لە خوێندن بێبەش (فەسڵ) کردووە و لایەنە ئەمنییەکانیش دەستیان بە لێکۆڵینەوەی چڕ کردووە.