لەنگەرگرتنی كەشتیی نوح لە شەقڵاوە
لەنگەرگرتنی كەشتیی نوح لە شەقڵاوە


جیۆلۆجی كورد سەربەست مەجید خۆشناو كە سەرۆكی ئینیستیتیوتی بەرد و گەوهەرەکانە لە هەرێمی كوردستان و جگە لە بواری جیۆلۆجی، گرنگی بە مێژوو دەدات، لە توێژینەوەیەكدا ژمارەیەك بەڵگەی مێژوویی و جوگرافی و زمانەوانی كۆ كردووەتەوە بۆ خستنەڕووی بۆچوونێكی نوێ لەبارەی شوێنی گیرسانەوەی كەشتی نوح و رای دەگەیەنێ ئەو كەشتیەی بە سەرەتای دەست پێ كردنەوەی ژیان دادەندرێ، لەسەر چیای سەفین لە باشووری كوردستان گیرساوەتەوە.
سەربەست مەجید كۆمەڵێك بەڵگەی كۆ كردووەتەوە و دووپاتی دەكاتەوە كە بۆ سەلماندنی ئەو بەڵگانە، وا باشە زانكۆكانی كوردستان بە هاوكاریی لەگەڵ زانكۆكانی رۆژئاوا، لێكۆڵینەوەی زانستی بكەن، بۆ ئەمەش بە پێویستی دەزانێت لێكۆڵینەوەیەكی زانستیی ورد لە پاشماوەی پەیكەرێك بكرێت كە ئێستا لە بناری چیای سەفینە لە شارۆچكەی شەقڵاوە (٤٠ كم باكووری رۆژهەڵاتی هەولێر)، پێی وایە ئەو پەیكەرە هی ئاشوور ناسرپاڵی دووەم یەکێ لە پادشاكانی ئاشوورە کە دەسەڵاتی بەسەر میزۆپۆتامیادا سەپاندبوو، ئەو چیایەی کە پێی گەیشتبوو و گومان دەکرێ چیای سەفین بێت، ئەو بە چیای نەسیر ناوی بردووە.
ئەو جیۆلۆجیە كوردە لە توێژینەوەكەیدا كە لە گۆڤارێكی زانكۆیی لە سنووری پارێزگای هەولێر بڵاوی كردووەتەوە، سەرەتای بۆچوونە نوێیەكەی بە لێكۆڵینەوە لە ناوی چیای سەفین دەست پێ كردووە و دەڵێ لە سەردەمێكدا چیای سەفین ناوی چیای سەفینە بووە و لەلایەن لەشكری عەرەبیی ئیسلامییەوە ئەو ناوەی بەسەردا سەپێندراوە، ئەمەش بە وەرگێڕانی ناوە كۆنەكەی جارانی بۆ سەر زمانی عەرەبی، كە پێشتر پادشا سەنحاریب (٧٤٥ پ.ز) پادشای ئاشوورییەکان بە چیای خانی ناوی بردبوو.
سەربەست مەجید لەمبارەیەوە لە دیدارێكیدا بۆ (گڵكەند) زانیاریی زیاتر دەخاتە ڕوو و دەڵێ: “گلگامش پادشای ناوداری دەوڵەتی ئوروکی سۆمەری لە سەردانەكەیدا بۆ لای نوح، تا لەبارەی نهێنیی نەمرییەوە پرسیاری لێ بكات، چووەتە سەر چیای سەفین، ئەو كاتە چیای سەفین بەپێی تۆمارەكانی ئاشووری و داستانی گلگامش، ناوی چیای نەسیر بووە، دواتر لە سەردەمی سەنحاریبدا ناوی چیاكە بەهۆی خێروبێر و خۆشییەكەیەوە، گۆڕانی بەسەردا هاتووە و ناوی چیای كوینبی و هەروەها چیای بەهەشتی لێ نراوە، دواتریش وەكو زێدی گیرسانەوەی كەشتی نوح، ناوەكەی بووە بە شاخی خانی.” ئەمەش لە كاتێك دایە كە وشەی خانی لە داستانی گلگامشدا هاتووە، كاتێ خوداوەند فەرمان بە ئوتونەبشتەم (نوح) دەکات خانی دروست بکات، بەو واتایەی کەشتی دروست بکات.
بەپێی دەقی داستانی گلگامش كە لەلایەن تەها باقر ناسر (1912 – 1984) لە زمانی ئەکەدییەوە بۆ سەر زمانی عەرەبی وەرگێڕدراوە، خانی واتە پەیکەری قەسر و بینا. تاكو ئێستاش له سنووری هەولێر و دەوروبەریدا خانی بە مانای پەیکەری ماڵ دێت، پێدەچێ پەیوەندیدار بێت بەو پاشخانە زمانییە مێژووییەی کە لە (خانی)ی کەشتیی نووحەوە لەم ناوچەیەدا ماوەتەوە، هەروەك لە بەڵگەنامەکانی سەنحاریبیشدا ناوی شاخەکانی خانی لە نزیک هەولێر و لە دەوروبەری ئاوی بەستۆڕە هاتووە.
بەپێی لێكدانەوەكانی ئەو توێژەرە، زمانى دانیشتوانى ئێستاى بناری سەفین ڕەگی بۆ ئەو زمانە دەگەڕێتەوە كە نوح و نەوەکانی قسەیان پێ كردووە، بەڵام كە لەشكرى عەرەبی ئیسلامى گەیشتوونەتە ناوچەكه، ناوى شار و شاخ و هەموو شتێك و ماناكانیان پرسیوە و وەریانگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی، ناوى ئەو چیایەش كە (خانى) بووه و وەك ئاماژە بۆ پەیكەری خانیی كەشتیی نوح هاتووە، چونكە شوێنى گیرسانەوەی كەشتیی نوح بووە، ماناى ناوەكه وەرگێڕدراوەتە سەر زمانى عەرەبى و كراوە بە (جبل سفینه)، دواتر بەهۆی نەبوونی هەمزەی كۆتایی سەفینە لە زمانى كوردى و بۆ ئاسانتر گۆكردن سەفینە كراوه به سەفین.
توێژەرەكە تێبینیشی هەیە لەبارەی ناوهێنانی وشەی (جوودی) لە دەقی قورئاندا وەک شوێنی گیرسانەوەی کەشتییەکەی نوح و دەڵێ لەم دەقەدا هیچ ئاماژەیەکی ڕوون بە شوێنەکە نەدراوە، هەروەها گریمانەی ئەوە دەکات کە ئەو ناوە پەیوەندیی بە تایبەتمەندیی شوێنەکەوە هەبێت، نەک ناوی شوێنەکە، لەمبارەیەوە زیاتر دەڵێ “وشەی جوودی لە زمانی عەرەبیدا لە جود، واتە خێر و بەرەکەت وەرگیراوە، هەر بۆیە (ی)ی کۆتایی شەددەی لەسەرە”.
سەبارەت بە پەیوەندیی (جوودی) بە وشەی (گووتی) یان (گوودی)یشەوە وەکو نەتەوە، کە بۆ ماوەیەک فەرمانڕەوایی باکووری میزۆپۆتامیایان کردووە، دەڵێ ئەمەش ئەگەرێکی دیکەی بەهێزە کە شوێنی نیشتنەوەی کەشتییەکەی نووح لە ناوچەی میزۆپۆتامیا بووبێت و جوودی بە مانای ناوچەی گووتییەكان یان گوودییەكانەوە هاتبێت، كە لە زمانی عەرەبیدا (گ)ی كوردی دەبێت بە (ج).

پەیکەری ئاشوور ناسرپاڵی دووەم و نهێنییە گەورەکە  
دەیان ساڵە پاشماوەی پەیکەرێکی كۆنی بەردین لە بناری چیای سەفین ماوەتەوە، بێ ئەوەی هیچ کەسێك باسی لێوە بكات و پێی بزانێ، یان لێكۆڵینەوەی لەسەر بكات، بەڵام سەربەست مەجید لە میانی توێژینەوەكەیدا لەبارەی شوێنی گیرسانەوەی كەشتی نوح، گەیشتووەتە ئەو بۆچوونەی كە پاشماوەی پەیكەرەكەی بناری چیای سەفین هی ئاشوور ناسرپاڵی دووەمە كە باپیرە گەورەی سەنحاریب بووە.
لەمبارەیەشەوە بەگوێرەی تۆمارەكانی سەنحاریب وردەكاریی دەخاتە ڕوو و دەڵێ: “ئاشوور ناسرپاڵی دووەم كە یەكەم جار گەیشتووەتە ناوچەی شەقڵاوە، بە دەربەندی كیرۆردا تێپەڕیوە (دەربەندی كۆڕێی ئێستا، ٣٥كم باكووری رۆژهەڵاتی هەولێر)، بەیانیان لەشكرەكەی لە ناوچەی شەمامكەوە (٢٠كم باشووری هەولێر) هێرشی دەكردە سەر لوولووبییەكان لەسەر كێوی نەسیر (چیای سەفین) و ئێواران دەگەڕانەوە ناوچەی شەمامك.”
توێژەر ئەو گێڕانەوەیەی ئاشوور ناسرپاڵی دووەم بە بەڵگەیەكی تر دەزانێ بۆ ئەوەی كە چیای سەفین شوێنی گیرسانەوەی كەشتی نوح بێت نەك چیای جوودی، چونكە چیای جوودی كەوتووەتە دووری نزیكەی ٣٠٠ كم باكووری رۆژئاوای هەولێر و مەحاڵە ئەوسا لەشكرێك توانیبێتی بەیانییان ئەو ڕێگە دوورە ببڕێت و بچێت بۆ شەڕ و ئێوارەش بگەڕێتەوە شوێنی خۆی. سەربەست مەجید باسیش لە شێوەی وەسفكردنی چیای نەسیر دەكات لەلایەن ئاشوور ناسرپالی دووەمەوە و دەڵێ کاتێک له شوێنى پاشماوەی پەیكەرەكەی ئاشوور ناسرپاڵى دووەمەوە سەیرى چیاى سەفین دەكەی، ڕێك ئەو دیمەنەی لوتكەكە دێته بەرچاوت، كه ئاشوور ناسرپاڵی دووەم باسى كردووە كە چۆن ڕووەو ئاسمان هەڵكشاوه.
هەروەها بەڵگەیەكی تری ئاشوور ناسرپاڵی دووەم ئەوەیە كە دەڵێ كاتێك چیای نەسیری گرتووە، پادشا بەبەی كوڕی بابۆ پادشای لوولووبییەكانی بە زیندوویی كەوڵ كردووە و ٢٧٠ كەسی لە لەشكرەكەی كوشتووە، دوایی بە كەللەسەرەكانیان گردێكی دروست كردووە، لەسەر كانی و ئاوەكەشی پەیكەرێكی بۆ خۆی دروست كردووە و شانازییەكانی لەسەر نووسیوەتەوە. لێرەوە سەربەست مەجید دەگەڕێتەوە شەقڵاوە و بناری سەفین، باس لەو كانییە دەكات كە بە ناوی دەنگارەیە و سەدان ساڵە لە شەقڵاوە هەیە، پێی وایە پاشماوەی ئەو پەیكەرەی لە نزیك كانییەكەیە، هی ئاشوور ناسرپاڵی دووەمە كە بۆ خۆی دروستی كردووە.
پەیكەرەكە ئێستا بە تەواوی ماوەتەوە و ڕووی لە عەشتارە واتە ڕووی لە شاری هەولێرە، ئەمەش یەكێك بووە لە مەرجەكانی ئاشوورییەكان كە هەر پەیكەرێكیان دروست كردبێت ڕووی لە عەشتار بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پەیكەرەكە لە بەردی گرانێت دروست نەكراوە، بەڵكو بە بەردی ناوچەكە دروست كراوە، شێوەی پەیكەرەكە زۆر شێواوە. هەروەها لە پشت پەیكەرەكەشدا ئەشكەوتێك دروست كراوە بۆ ئەوەی ئاگری لێ بكەنەوە، دەوروبەری پەیكەرەكەش بە قووڕ گیراوە، بەشی زۆری ئەو قووڕە نەماوە، تەنها كەمێكی لە ژێرەوەی پەیكەرەكە دۆزراوەتەوە، سەربەست مەجید نمونەی ئەو قووڕە و ئەو بەردەی وەرگرتووە كە پەیكەرەكەی پێ دروست كراوە و لە زانكۆی سۆران (١٠٠كم باكووری رۆژهەڵاتی هەولێر) تاقیكردنەوەی لەسەر كردووە، بۆی دەركەوتووە كە پێكهاتە كیمیاییەكەیان جیاوازە لە قووڕ و بەردی ناوچەكە، چونكە زیاتر لە سێ هەزار ساڵە قوڕەكە سوور كراوەتەوە و مادەی تری تێكەڵ كراوە، ڕێژەی كوارتز و دۆڵەمایتی جیاوازە لەوەی ئێستا لە ناوچەكە هەیە.
توێژەرەكە بۆ قۆناغی ئێستا بە پێویستی دەزانێت حكوومەتی هەرێمی كوردستان پرۆژەكانی وەبەرهێنان و ئاوەدانكردنەوە لەسەر چیای سەفین و بناری چیای سەفین رابگرێت، تا ئەنجامدانی توێژینەوەیەكی زانستیی بەرفرەوان لە سنوورەكە، بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەو بۆچوونەی كە كەشتیی نوح لەوێ گیرساوەتەوە، دەشڵێ ئەم دۆزینەوەیە دەبێتە دەروازەیەكی نوێی گەورە بەڕووی گەشتیارانی جیهاندا بەرەو هەرێمی كوردستان، هەروەها داواش دەكات زانكۆیەكی جیهانی لەگەڵ زانكۆكانی هەرێمی كوردستان لێكۆڵینەوەیەكی زانستی لەو پەیكەرە بكەن كە ئەو پێی وایە هی ئاشوور ناسرپاڵی دووەمە، دەشڵێ ئەگەر بتوانن بیسەلمێنن كە ئەوە پەیكەری ناسرپاڵی دووەمە، ئەوا هیچ گومانێك نامێنێتەوە بۆ جیهان كە كەشتیی نوح لە سەفین گیرساوەتەوە.
لەبارەی چیای جوودییەوە كە لە كۆنەوە بە شوێنی گیرسانەوەی كەشتیی نوح داندراوە، سەربەست مەجید ڕەتی دەكاتەوە كەشتی نوح هیچ شوێنەوارێكی مابێت و هیچ بەڵگەیەكیش نییە كە لە هیچ شوێنێكدا گیرسابێتەوە، بەتایبەتی ئەو سەرچاوانەی باسی مانەوەی پاشماوەی كەشتیی نوح دەكەن، بە دوور لە راستی وەسف دەكات، چونكە مێژووی كەشتیی نوح بۆ دە هەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە و هیچ دارێكیش نییە دە هەزار ساڵ بمێنێتەوە، بۆیە ئەو توێژەرە پێی وایە هەر لێكۆڵینەوەیەكی شوێنەواری لە كەشتیی نوح بكرێت، بێ بنەمایە و لە ڕێگەی شوێنەوارناسیەوە ناتواندرێ لێكۆڵینەوە لە كەشتیی نوح بكرێت، ئەوەی تا ئێستا شوێنەوارناسی لەبارەی مرۆڤەوە پێی ڕاگەیشتووە سەردەمی سۆمەرییەكانە، لە كاتێكدا ڕووداوی گیرسانەوەی كەشتیی نوح بە لایەنی كەمەوە چەند سەدەیەك بەر لە سۆمەرییەكان بووە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved