وەکو یەکێک لە گۆڤارە پێشەنگەکانی جیهان بەتایبەت لە بایەخدان بە پێکەوەژیانی ڕۆڵەکانی ئاین و پێکهاتە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان، گۆڤاری کوردستان کرۆنیكڵ لەلایەن دامەزراوەی (Rcc) Religion Communication Councilەوە لە ئەمریکا خەڵات کرا.
ڕۆژی 25ی نیسان لە ڕێوڕەسمێکدا لە شاری (Salt lake)ی ویلایەتی یۆتای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گۆڤاری (Kurdistan Chronicle) کە دامەزراوەی کوردستان کرۆنیکڵ دەری دەکات، خەڵاتی «نایاب»ی لە چوارچێوەی خەڵاتەکانی وێلبەر پێ بەخشرا، کە لە مێژووی دابەشکردنی خەڵاتەکەوە لە ساڵی 1949ەوە دەبێتە یەکەم میدیای چاپکراو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو خەڵاتە بباتەوە، واتە دوای 76 ساڵ، ئەوەش دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ ڕۆژنامەوانیی کوردستان.
کوردستان کرۆنیکڵ لەگەڵ ژمارەیەک دەزگای گەورەی میدیاییی نێودەوڵەتیی وەکو کەناڵی CBC، ئاژانسی AP، بەرنامەی 60 Minutes، ڕادیۆی NPR، کەناڵی ABC و دامەزراوەی ئەتلانتیک و سەدان کاری میدیایی لەلایەن دامەزراوەی Religion Communication Council Rccەوە دیاری کرابوو بۆ وەرگرتنی خەڵات.
خەڵاتەکە لە پای بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانیی ڕۆژنامەنووس هێمن بابان ڕەحیم دێت لەبارەی مەزاری پەیامبەر ناحووم لە شارۆچکەی ئەلقوش لە هەرێمی کوردستان کە لە ژمارە 20ـی گۆڤارەکە بڵاو بووەتەوە و تێیدا ئەوە ڕوون کراوەتەوە مەزارەکە بووەتە هێمایەک بۆ پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی موسوڵمان، کریستیان، جوو و ئێزیدی و هی دیکەش لەو ناوچەیە.
لەم بارەیەوە بۆتان تەحسین، بەڕێوەبەری دامەزراوەی (کوردستان کرۆنیکڵ) بە بڵاوکراوەی (گڵکەند)ی ڕاگەیاند ”خەڵاتەکە دەستکەوتێکی مێژوویییە بۆ کوردستان کە تێیدا ڕۆڵەکانی پێکهاتەکان لەوپەڕی ئارامیدا پێکەوە دەژین بەبێ کێشە لە ناوچەیەکدا کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و بەردەوام دەکوڵێت و ناوچەیەکی ناسەقامگیرە.“
ئەوەشی ڕوون کردەوە بەدەستهێنانی خەڵاتەکە بەرپرسیارێتیی ئەوانی زیاتر کردووە و کار بۆ ئەوە دەکەن ڕووی گەشی کوردستان زیاتر بەدنیای دەرەوە بگەیەنن.
هەروەها ڕۆژنامەنووس هێمن بابان کە جێگری سەرنووسەری گۆڤاری (کوردستان بالعربي)یە و یەکێک لە گۆڤارە مانگانەکانی دامەزراوەی کوردستان کرۆنیکڵ دەری دەكات، بە(گڵکەند)ی گوت ”هەرێمی کوردستان لانکەیەکی باشە بۆ پێکەوەژیان، ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکەی بەندە ئاماژەیە بۆ مێژوویەکی هەزاران ساڵە لە پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بەبێ کێشە“.
کوردستان کرۆنیکڵ دامەزراوەیەکی میدیاییی توێژینەوەیییە و دوو گۆڤاری مانگانەی بە زمانەکانی ئینگلیزی و عەرەبی، ڕۆژنامەیەکی پانزە ڕۆژ جاریی بەزمانی کوردی هەیە و بایەخ بەتوێژینەوە و مێژووی کورد و جوانییەکانی کوردستان دەدات.