شەڕی هیندستان و پاكستان لە هەولێر جیاوازە
شەڕی هیندستان و پاكستان لە هەولێر جیاوازە

"دەنگی تۆپی کریکێت کە بەر گورزەکە دەکەوێ، هاواری پڕ جۆشی یاریزانانی هیندی و پاكستانی لەناو یاریگەیەكی هەولێر، جیایە لە دەنگی تۆپ و شەڕی چەكداریی نێوان هەردوو وڵاتی ئاسیا كە چەند ڕۆژێكە دەستی پێ كردووە. ماوەیەكە ڕۆژانی هەینی لەژێر تیشکی خۆری یاریگەیەكی هەولێردا، یاریزانە هیندی و پاکستانییەکان و چەند وڵاتێكی دیكەی ئاسیایی بەجلوبەرگی وەرزشیی ڕەنگاوڕەنگەوە، بەوزەیەكی زۆرەوە دەبیندرێن، دەستەیەکیش لە ڕێکخەران سەرقاڵی ئامادەکردنی مەیدانەکەن بۆ کێبڕکێی نێوان تیمەکان"

پێشتر چەند گرووپێكی یاریزانانی بیانی كە بۆ كاركردن لە هەولێر نیشتەجێن، بەشێوەی هەڕەمەكی هەفتانە یاریی كریكێتیان ئەنجام دەدا، بەڵام مانگی ڕابردوو پاڵەوانێتییەكی یاریی کریکێتیان لە یاریگەی سەوزی ئەکادیمیای وەرزشیی عەینکاوە بەبەشداریی 12 تیم ئەنجام دا، هەر تیمێک لە 11 یاریزان پێک هاتووە، بۆ هەر یارییەکیش 45 خولەک دیاریی کراوە، ئەو دوو تیمەی ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین خاڵ دەدەن، سەرجەم یارییەکانی پاڵەوانێتییەکەش لە یەک ڕۆژدا ئەنجام درا و لە کۆتاییی ڕۆژەکەدا تیمی پاڵەوان دیاری كرا.
ئاناند ڤیجایاکومار پیاوێکی هیندیی تەمەن 36 ساڵە، یەکێک بوو لە سەرپەرشتیارانی پاڵەوانێتیی کریکێت لە هەولێر، بۆ (گڵکەند) ئاماژەی بەوە دا كە ئەگەرچی کریکێت بەیارییەکی مێژووییی هیندییەکان دادەنرێت، بەڵام تیمەکانی لە هەولێر تێکەڵن لە یاریزانانی هیندی، پاکستانی، بەنگلادیشی و سریلانکی.
گوتیشی خەڵكی ئێرە تەنها حەزیان لە یاریی تۆپی پێیە، تا ئێستە هیچ کوردێک نەچووەتە ناو تیمەکانی یاریی کریکێت، دەشڵێ ڕەنگە زۆربەی خەڵكی هەولێر ئاگەدار نەبن كە ئەو یارییە لێرە دەکرێت.
لەگەڵ دەستپێکردنی یەکەم یاریی پاڵەوانێتییەكە لە کاتژمێر حەفتی بەیانی، سەرپەرشتیارەکە شێوازی بەڕێوەچوونی یاریی کریکێتی بۆ (گڵکەند) ڕوون دەكردەوە، لەنێو گۆڕەپانەکەدا دوو تیم هەن، تیمی بۆلینگ (تۆپهاوێژی) و تیمی باتینگ (لێدانی تۆپ)، دەبێت تیمی لێدەر هەوڵ بدات زۆرترین خاڵ (ڕەن) بەدەست بهێنێت لە بەرامبەردا تیمی تۆپهاوێژ هەوڵ دەدات زووترین کات یاریزانانی تیمی بەرانبەر دەربکات.
تیمێک دەست بە تۆپهاوێژی دەکا و تیمەکەی تر لێدان، لە هەر خولێکدا كە بەزمانی كریكێت (ئینینگس)ی پێ دەگوترێ، تیمی لێدەر هەوڵ دەدات زۆرترین خاڵ بەدەست بهێنێت. هەر خولێك کۆتاییی دێت كە ١٠ یاریزانی تیمی لێدەر دەردەچن یان ژمارەی دیاریکراوی تۆپهاوێژی تەواو دەبێت.
دوای تەواوبوونی ئینینگسی یەکەم، تیمەکان ڕۆڵەکانیان دەگۆڕن، تیمێک دەبێتە براوە کە زۆرترین خاڵی کۆ کردبێتەوە.
بۆ بەدەستهێنانی خاڵیش، یاریزانی لێدەر لە نێوان دوو ویکێت (پایە) ڕادەكات، ئەگەر تۆپەکە دەرچوو و لە سنووری یاریگە بگاتە زەوی، چوار خاڵ بەدەست دێت، ئەگەر تۆپەکە بێ ئەوەی بەر زەوی بکەوێت، لە سنووری یاریگە دەرچوو، شەش خاڵ بەدەست دێت.
یاریزانی لێدەر بەچەندین شێواز دەردەچێت، وەک کاتێک تۆپەکە بەر ویکێتەکەی دەکەوێت، کاتێک تیمی تۆپهاوێژ تۆپەکە لە هەوادا دەگرێت پێش ئەوەی بکەوێتە زەوی، کاتێکیش یاریزان لە دەرەوەی هێڵی یاری بێت لە کاتی ڕاکردن.
تۆپی کریکێت قەبارەکەی 22-23 سانتیمەترە، کێشی نزیکەی 155-163 گرامە، لە چەرم دروست کراوە و ناوەکەی بە دەستچن پڕ کراوەتەوە.
بات (چەوگان) درێژییەکەی نابێت لە 96.5سم زیاتر بێت و پانییەکەی نابێت لە 10.8سم زیاتر بێت، کێشی نزیکەی 1.1 - 1.4 کیلۆگرامە و لە دار دروست کراوە، زۆربەی جار لە داری ویلۆ و دەستەکەی لە ڕەببەر پێچراوە. هەروەها دەستکێشی تایبەت، پێڵاو، پارێزەری ڕووخسار و دەست و قاچیش بەشێکی دیکەن لە کەرەستە پێویستەکان بۆ یاریی کریکێت.
بەپێی ئاماری نافەرمیی کونسوڵخانەی گشتیی هیند لە هەولێر، زیاتر لە هەشت هەزار كرێكاری هیندی لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.
هارپرید مورخراج تەمەن 37 ساڵ، خەڵکی شاری پونجابە لە هیند، ماوەی 13 ساڵە لە هەولێر نیشتەجێیە، کاپتنی تیمی ELS KING ـە، تیمەکەی لە کۆتا پاڵەوانێتیی کریکێت پلەی یەکەمی بەدەست هێناوە.
هارپرید، هەموو ڕۆژانێکی هەینی بۆ یاریکردن دێتە ئەم یاریگەیە، بەڵام پاڵەوانێتییەکان کاتەکانی دیاری نەکراوە و بەپێی توانا هەوڵ دەدەن زۆرترین پاڵەوانێتی ئەنجام بدەن و باسی لە هاوکارییەکانی کونسوڵخانەی هیند لە هەولێر و ئەکادیمیای وەرزشیی عەینکاوە کرد کە كاریان ئاسان دەكەن.
هارپرید پێی وایە لە هیندستاندا، کریکێت تەنیا یارییەک نییە، بەڵکو بەشێکە لە کولتوور و ناسنامە. ئەو لە مناڵییەوە لەگەڵ هاوڕێکانی ئەم یارییەی کردووە، ئێستەش کە لە هەولێرە، هەوڵ دەدات ئەم بەشە لە ناسنامەكەی بپارێزێت. هیواخوازیشە لە داهاتوودا یاریگەیەكی تایبەت بە کریکێت لە هەولێر بكرێتەوە و دەڵێ پێویستە یاریگەی کریکێت فراوانتر و گەورەتر بێت.
بەشێکی بەرچاوی یاریزانانی 12 تیمەکەی یاریی کریکێت لە هەولێر خەڵکی پاکستانن. ئیبراهیم ئەکرەم تەمەن 23 ساڵ، خەڵکی شاری کەراچییە، کارمەندی یەکێک لە کۆمپانیاکانە، دڵخۆشە بەوەی دوای شەش ڕۆژ لە کارکردن و ماندوویەتی لە کۆتاییی هەفتەدا دێتە گۆڕەپانی یاریی کریکێت، کۆمەڵێک لە هاوزمان و هاوڕێی خۆی دەبینێتەوە، دەڵێ لە هەولێر، یاریی کریکێت تەنیا وەرزش نییە، بەڵکو چاڵاکییەکی کۆمەڵایەتییە بۆ ئەوان.
پاوان ڤیکرالا تەمەن 24 ساڵ، خەڵکی شاری حەیدەرئابادە لە هیندستان، ماوەی شەش ساڵە لە هەولێر ژمێریاری کۆمپانیایەکی ئەهلییە و بەکوردییەكی باش قسە دەکات، لە تەمەنی 13 ساڵییەوە دەستی بە یاریی کریکێت کردووە، کاتێک هاتووەتەوە هەولێر، بۆ ماوەی دوو نەیزانیوە لە کوێ یاریی كریكێت دەکرێت، بەڵام وەك خۆی دەڵێ «هەستێکی زۆر خۆشم هەبوو كە بینیم لێرە یاریی کریکێت دەكرێت».
تیشکی خۆر بەرەو ئاوابوون دەچێ و سەرجەم یارییەکانی پاڵەوانێتیی یاریی کریکێت لە هەولێر ئەنجام درا، تیمی ELS KING توانی ببێتە پاڵەوان و بەکۆکردنەوەی 99.5 خاڵ پلەی یەکەمی بەدەست هێنا. تیمی Ankawa United A بە 61.6 خاڵ پلەی دووەمی پاڵەوانێتییەکەی وەرگرت. نیخیلیش لە تیمی ELS KING بەباشترین یاریزانی یاریی کۆتایی دیاری کرا.
یاریی کریکێت بۆ یەکەم جار ساڵی 1721 لە هیندستان ئەنجام درا، کاتێک بازرگانان و سەربازە بەریتانییەکان یارییەکەیان هێنایە وڵاتەکە. دوای سەربەخۆییی هیندستان لە ساڵی 1947، کریکێت زیاتر پەرەی سەند و بوو بە بەشێکی گرینگی کولتووری دەوڵەمەندی ئەو وڵاتە.
بەهۆی خۆشەویستییە زۆرەکەی، کریکێت بەئاینی دووەم لە هیندستان ناسراوە. خولی پرێمیەری هیندستان (IPL) کە لە ساڵی 2008ەوە دەستی پێ کرد، یەکێکە لە گەورەترین و دەوڵەمەندترین خولەکانی کریکێت لە جیهاندا.
سەرەکیترین پێشبڕکێکانی کریکێت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، جامی جیهانیی کریکێت و چامپیۆنشیپی جیهانیی کریکێتی تێستە، کە تیمە هەرە بەهێزەکان بەشداریی تێدا دەکەن. 


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved