دەبا دەمەتەقێ (دیبەیت) لەسەر ئەوە بکرێت ئاخۆ ڕۆڵی ئاین چییە لەسەر پرۆسەی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی. یان، کورد چۆن بتوانێ وەک عارەب ئاین لە بەرژەوەندیی نەتەوەییی خۆی بەکار بێنێت؟ یان، ئایا پێویستمان بەوەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی هەیە؟ یان، پرسی کورد پرسێکی نەتەوەیییە، ئاینی نییە، ئەدی بۆچی ئەو هەموو بزاڤە ئیسلامییە خۆیان کردیتە خاوەنی پرسی کورد؟ ئەمانە و دەیان بابەتی دیکە هەن شایەنی دیبەیتن.
کوردستان پێویستی بەدەمەتەقێی چەند سەعاتی نییە لەسەر غەزە و حەماس و ئیسرائیل و کێشەی نێوانیان. دەمەتەقێی بێ مانا و ئاست نزم.
لە دەمەتەقێیەکە خراپتر پرسیارەکان بوون، لەوانیش خراپتر جووڵاندنی هەستی خەڵکی ناوشیار و خافڵاندنیان بوو.
ئەو سێ سەعاتە چەند وزە و کات و پارەی تێچووە؟ هەمووی بەهەدەر چوو. ئەو هەموو بەهەدەردانی پارە و وزە و کاتە لە شتی بێ مانا و زیانبەخش.
بیانییەکی هاوڕێم هەیە، هەموو جار پێم دەڵێ ”ئێوە خەبیرن لە بەهەدەردانی پارە و پیسکردنی وڵاتەکەتان“.
وەرە دەمەتەقێ بکە لەسەر وشیاریی تاکی کورد، هەستی بەرپرسیارەتیی تاکی کورد بەرانبەر بە خاک و سەروەری. دەمەتەقێ بکە لەسەر ئاسایشی خۆراک و وشیاریی بەکارهێنانی ئاو. دەیان بەرنامە بکە لەسەر کەرتی گەشتیاری و وشیاریی پاراستنی ژینگە و خاوێنڕاگرتنی سەیرانگەکان. گەورەترین هەڵەی میدیای کوردی ئەوەیە بڵندگۆی داوەتە دەست بزاڤە ئیسلامییەکان لە پێناوی بەرزکردنەوەی ڤیو و لایک. هەرچی چەرچی و پەرچی هەیە بەئاسانی لەسەر شاشە گۆتەگۆت دەکەن لەسەر بابەتی لابەلا.
ئەوە كەنگی ئیشی میدیای کوردی، ڕۆشنبیر، سیاسی و ڕۆژنامەنووسی کوردستانە بیسەلمێنێ شەڕی غەزە خەتای کێ بوو؟ ئەی هاوار، چۆن بیر دەکەنەوە و بیر لە چی دەکەنەوە؟ ئەرێ بۆ هێندە تێنووی شەڕە کەو، شەڕە سە، شەڕە کەڵەباب و شەڕە مرۆڤن؟
یانی چی، دوو مرۆڤی گۆیا بە ئەزموون دێنە سەر شاشە و بەگژ یەکدا دەچنەوە لەسەر بابەتێک، دوور و نزیک، پێوەندیی بە کوردستانەوە نییە؟ دوای ئەو هەموو ئەزموونی کارکردنە لە میدیا، توخوا ئەوەیە داهێنان و کاری باش؟ ڕەنگە پێتان وابێت دیبەیتێکی موهیمتان کردووە، لە پێناو بەرزکردنەوەی ڤیو دوو مرۆڤ پێک وەدەنێن و خەڵک بۆ شتی بێ مانا بەلاڕێدا دەبەن.