دانیال قەساب لەگەر ئەوەی كە زیاتر بەشێوەكار ناسرایە، لەبواری شانۆش ئیشی كردیە، ساری 1938 شانۆگەری (ئۆتیللۆ)ی لە هەولێرێ نمایش كردبوو، نووسینی شكسپیر و وەرگێڕان و دەرهێنانی دانیال قەساب بوو، هەرچەندە فەرهاد پیربار دەرێ: ئەو شانۆگەرییه ناوی (دەیدەمۆنایه) و جەمیل جەرجیس ڕۆری دەیدەمۆنای دیتبوو، بەرام محەمەد تەیمور ئەو زانیارییەی پشت ڕاست دەكاتەوە كە ناوی (ئۆتیللۆ) بووه، موحسین محەمەدیش دووپات دەكاتەوە ناوی (ئۆتیللۆ) بووه، ساری 1939 شانۆگەری (سەڵاحەدین ئەیوبی) نمایش دەكرێ، دانیال عوزێر قەساب سەرپەرشتی دەكات و كاری دەرهێنان و دیكۆر هەر بەخۆی بووە، كۆمەرە گلۆپەكی لە گوریسەكی دەبەستی و بەسەر تەختەی شانۆیەكەی هەریدەواسی، هەتا ڕۆناكی لە شانۆگەرییەكەی بدا، هێوارەكەی تۆزوبایەكی تووند هەردەكا و بارانەكی بەهێزیش دەباری، تەختە و پەردەی شانۆیەكەی بەسەریەكدا دەڕوخێنی، ئەو ڕۆژی نمایش ناكرێ، دانیال هەند بێتاقەت دەبی، لە خەمان پەنجەكانی خۆی دەتەقاندەوە و لە چۆكی خۆی دەدا، ڕۆژی پاشی دنیا خۆش دەبی و سێ شەوان لەسەر یێك شانۆگەرییەكەی نمایش دەكەن، فەرهاد پیربار دەرێ: ئەو شانۆگەرییه له نووسینی نەجیب جەواد بووه، لە ڕواندزێش شانۆگەری(ئۆتێللۆ) نمایش دەكرێ و ئەویش لە دەرهێنانی دانیالی بووە، بێجگە لەوەی شانۆگەری (جەمیل بوسەینە)ش، كە لە نووسینی ئەحمەد شەوقی بووە، نمایش دەكا، دانیال لە ناوەڕاستی چلەكان دەچیتە بەغدایێ و لەوێ دەبیتە مامەستای هونەر، هەر لەوێ ئیشی دیكۆری لۆ فیلمەكی عێراقی دەكا، ساری 1952 عیراقی بەجێدێلی و دەچیتە ئیسرائیل، لەوێ دەبیتە ڕاگری كۆلیژی هونەرە جوانەكان و لە كاری شێوەكاری بەردەوام دەبی، لە ئیسرائیل ژمارەكی زۆر لە تابلۆی شێوەكاری دروست دەكا، لە كۆتایی شێستەكان دەچیتە لەندەن و چەند سارەك لەوێ دەژی و پاشان دێتەوە ئیسرائیل، لە 17/5/2000 لە ئیسرائیل كۆچی دوایی دەكات و لە گۆڕستانی مورەشا دەینێژن، بەشیر بۆتانی دەرێ پاش مردنی دانیالی چوومە ئیسرائیل و ڕاحێلی خێزانیم دیت، ڕاحێل گۆتی دانیال لێرەش خەریكی تابلۆكێشان بوو، بەرام لەبەر دەست كورتی و نەبوونی، زۆربەی تابلۆیەكانی فرۆشت، ئێستا تابلۆیەكی لەماری ئیساق بێن تسڤی سەرۆكی پێشی ئیسرائیل هەیە، كە دانیال بەدیاری دابویێ، دە تابلۆشی لە ماری نادیای كیژی مایە.
لە هەولێرێش چەند تابلۆیەكی مایە و یێكیان لەناو كتێبخانەی زەیتوون هەرواسرایە، هەروەها وێنەی قەرات و منارەی چۆلی و وێنەكی برایماغەی دزەییش مایە.
بەگشتی كە باسی هونەر لە هەولێرێ بكرێ، دەبی برێین پێشەنگ و مامەستای هونەر لەو شارەی دانیال قەسابە، ئیسماعیل بەرزنجی دەرێ: پاش مردنی دانیال قەسابی زۆر جار ئەمن و عەبدولڕەحمان فەرهادی، بەتەلەفۆنی قسەمان لەگەر مونیری برای دانیالی دەكرد، مونیر هەموو جارێ لۆ هەولێرێ و برادەرە كەونەكانی قوڕگی پڕی گریان دەبوو.