لە باڵەخانە بەرزە دوازدە نهۆمەکەمانەوە دێمە خوارێ. چەند هەنگاوێک دەڕۆم، هەست لە ڕژانی ئاوی تانکیی سەربانێک ڕادەگرم، کەس دیار نییە پێی بڵێم لۆ ناگرنەوە! چاوم لەبەر پێمە، نەوەک ساتمەیەک لە سەرەشیشەکانی ڕێکلامی هەڵبژاردنی ڕابردوو بکەم، نەکەومە ناو ئەو مەنهۆڵانەی قەپاغیان لە ترسی لافاوی زستان هەڵدرانەوە.
دەگەمە ترافیکلایتەکە، ئەگەرچی سوورە، بەڵام دوودڵم و دەترسێم بپەڕمەوە، نەوەک ماتۆڕێک لە ناکاو، فیشەکەشێتانە دەرپەڕێ، دووسەد مەتر فڕێم بدا!
ئەوجە دەگەمە تەنیشت پارچە زەوییەکەی، شوورە شڕە شکاوەکەی، شەوانە گەنجان لەسەر بلۆک، مەشروبی تێدا دەخۆنەوە، عەلاگە ڕەشەکانیش لەوێ جێ دەهێڵن.
دەگەمە مۆزەی شارستانیی هەولێر، خەمی زۆرە، بە دوو باڵەخانە، دوو و سێ خانووی ئەو کاتی حکومی؛ بەژن، مێژوو و سەرەوەریی گردی قالینچ ئاغایان شاردیتەوە، هیچی دیار نییە، شتێك بۆ مێژوو بگێڕێتەوە.
دەگەمە چوارچرا، هوتێلەکەی سەردەمێک مەڵبەندێکی هونەری بوو، خاوەنەکەی ڕۆحی شاد، پشتیوانیی گەورەی هونەرمەندانی دەکرد.
باڵەخانە جامخانە بەرزەکەی تەواو بووە، نزا و دوعای هوتێل هەورەمانی لێ کراوە، چونکە لە شوێنی ئەو قیتیان کردەوە، بینایە بەردینە جوان، باخە زۆر گەورەکەیان بۆ تەخت کرد.
دەگەمە هۆڵی میدیا، دەچم سەیری نمایشی چەندان تابلۆی هونەریی باڵا، هەندێ جاریش سادە و ناشیرین دەکەم! بەرانبەر هوتێل زەیتونەم، سڵاوێک لە پەیکەرە سپییەکەی هونەرمەندی گەورە تەڵعەت سامان دەکەم، شاکارەکانی ئەوم بەبیر دێتەوە، دەتوانم بڵێم؛ یەکەمین نووسەری دەقی شانۆییی ڕەسەنی کوردیی نیشتمانییە.
ئەگەرچی یانەی مامۆستایان ماوە، بەڵام دیار نییە، جاران دیداری هەمووان بوو، مەشروبخۆری ئەو شارە نییە لەوێ فەریدەی نەخواردبێتەوە، دەمەتەقێی سیاسی و ئەدەبیی نەکردبێت، کەلاوەکەی هۆڵی گەل، ماکێکی شەرمەزارییە، لات و کەساس دەنووزێتەوە، ناشیرین ڕاگیراوە.
بەکۆڵانەکەی بەرانبەری بەرەو بازاڕی نیشتمان دەڕۆم، جاران ڕیزێک خانووی حکومی بوو، زۆربەی فەرمانبەرە دیارەکانی شار، لەوێ کرێچی بوون!
دەگەمە گۆشەیەکی قەبرستانی ‹›چراخ››، ئەگەرچی شوێنی مردووان بوو، بەڵام جەژنان لەوێ سەیرانی خۆشمان کردووە، بە چەرخوفەلەکە دارە شڕەکان، بەبێ ڤیزا دەفڕین و دەچووینە بەرزاییی ئاسمان، لەوێ لە دیار گەمەی لگاو، پاقلاوەفرۆش، کرێمستی، کەر و عارەبانەكان دەوەستاین!
ڕووبەڕووی بازاڕی نیشتمان دەبمەوە، هەیکەلە گەورەکە، چیایە وشکەکە، دێوە ناشیرینەکە، چەند گەورەیە ئەوەندە بێ سوودە. نوێیە، بەڵام هاوچەرخ نییە.