لاپەڕەیەك لەو نووسینانەی بۆ خۆم نووسیون
لاپەڕەیەك لەو نووسینانەی بۆ خۆم نووسیون
May 15, 2025

هاوڕێی ڕێگا

دوای چەند ڕۆژێكی دیكە لە فرۆكەخانەی مۆسكۆوە بەرەو بەخدا بەڕێ دەكەوم. ماوەی نێوان ساڵانی 1972 – 1977 ی ژیانم لەنێوان مۆسكۆ و لینینگراددا دەڵێیت چەند چركەیەك بوون، برووسكە ئاسا تێپەڕین.
بەر لەوەی ڕوو لە مۆسكۆ بكەم، لە توانا، خواست و ویستی خۆم دڵنیابووم، جا بڕیاری چوونەدەرەوەم دا. ئەوەند ئارەزووی تەواوكردنی خوێندنم هەبوو، ئەگەر دەرفەتیشم بۆ هەڵنەكەوتبا، دڵنیابووم، كە من دەرفەتێكم هەر دەخولقاند. ماڵەوەمان لەسەرەتادا لەگەڵ بڕیارەكەی مندا نەبوون، بەڵام دواتر ڕێزیان لە بڕیارەكەم نا و بە خۆشەویستییەوە یارمەتییان دام و لە خۆ ئامادەكردندا كارئاسانییەكی زۆریان بۆ كردم.
لە هەمان ماوەدا لەپاڵ نووسینی تێزی دكتۆرا دەرفەتێكم بۆ هەڵكەوت، بۆ ئەوەی فەرهەنگێكی ڕووسی كوردی بۆ قوتابییانی كورد دابنێم، هەڵبەت بەهاوكاری كیدایتینەی مامۆستای زمانی ڕووسی و میترۆخینەی بەڕێوەبەری كۆلێژی زمان. فەرهەنگەكە ئێستە وا لەژێر چاپدایە.
دكتۆر قەناتی كوردۆ لەگەڵ ئەوەی سەرپەرشتیاری تێزی دكتۆرام بوو، لە هەمان كاتدا ئەركی پێداچوونەوەی فەرهەنگەكەی لەلایەن دەزگەی چاپی زمانی ڕووسییەوە پێ سپێردرا. پڕۆفیسۆر كوردۆ زۆر شانازی بە من و بە دكتۆر مارف خەزنەدار دەكرد، كە هەردوومان خوێندكاری ئەو بووین و لە پاڵ تێزی دكتۆرا هەر یەكەمان بەرهەمێكی دیكەی زانستی پێشكێش بە نامەخانەی سۆڤێتی دەكەین.
كە بۆ یەكەمجار لە فڕۆكەخانەی بەخداوە بەرەو مۆسكۆ بەڕێكەوتم نامیلكەی هاوبیرێكم لەنێو جەنتەی دەستم دانابوو، هەتا لەنێو فڕۆكەدا بیخوێنمەوە. بۆ گەڕانەوەم كتێبی AГCTAH) Д (MOЙ داخستانی منی شاعیر و نووسەری بەناوبانگی سۆڤێتی (ГAMӠATOB Л (PACY ڕەسوول گەمزاتۆڤ لەگەڵ خۆمدا دەبەمە نێو فڕۆكە.
من زۆر كەم كتێب لە جارێك زیاتر دەخوێنمەوە، بەڵام ئەم كتێبەی ڕەسوول گەمزاتۆڤ، ئەگەرچی تایبەت نییە بە یەك بابەت، هەروا لە نووسیندا پێڕەوی هیچ ڕێبازێكی زانستی نەكردووە، كەچی ئەوەند تەلیسماوییە، هەر پەلكێشم دەكات، كە چەند جارێك بیخوێنمەوە و لێی بێزار نەبم.
گەمزاتۆڤ نێوی وڵاتەكەی خۆی كردووە بەنێونیشانی كتێبەكەی. لە لاپەڕە 27 – 29 ی ئەم بەرهەمەیدا باسی ئەوەی كردووە، كە لەسەرەتادا نێوی بەرهەمەكەی (داغستان) بووە، بەڵام وەزیرێك لە وەزیرەكان لەگەڵ ئەو نێونانەدا نەبووە، دواتر نێوەكە كرا بە داغستانی من.
گەمزاتۆڤ زۆر بەڕێزەوە باسی دایكی خۆی و دایكانی داغستان و بە خۆشەویستیش لە خوشكە تاقانەكەی دەدوێت، بەڵام هێندێك وێنەی دیكەی لەبارەی ژن تێدایە، منی ئافرەت هەرگیز لەگەڵیدا نیم، چونكە هەڵبەستراون.
گەمزاتۆڤ لەم بەرهەمەیدا خاك، زمانی دایكی، زانا، هونەرمەند و... لای خوێنەر خۆشەویستتر دەكات. لەگەڵ باسكردنی ئەمڕۆدا گەشتێكت پێدەكات، كە پڕیەتی لە ڕووداو، پەند، چیرۆك و بەسەرهات لە ڕابردووی كۆمەڵی خۆی و ئەزموونی ژیانی و كولتووری مرۆڤایەتی، گەمزاتۆڤ لەم كەشكۆڵەدا زۆر لێزانانە ڕابردوو بە ئەمڕۆوە گرێدەدات، ئەمانە هەمووی وای لێكردم، كە بەرهەمی بیری گەمزاتۆڤ تاكە هاوڕێی نێو فرۆكەكە بێت.
مۆسكۆ 7/2/1977

 


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved