ژنە كۆرییەکەی شۆڕش: لە نیشتمانی خۆت سەرکەوتوو نەبی، لە هەندەرانیش نابیت
ژنە كۆرییەکەی شۆڕش: لە نیشتمانی خۆت سەرکەوتوو نەبی، لە هەندەرانیش نابیت

كە هاتنە هەولێر، لە گەڕەكی شۆڕش دانیشتن، وەك بیانییەكانی دیكە نەچوونە ئەو ناوچانەی بیانییەكانی لێ كۆ بوونەتەوە، بەڵكو وەك سووكی هۆنگ دەڵێ ”ویستم لەناو خەڵكی شارەكەدا بژیم و لە نزیكەوە بیانناسم“.

ئەو وانەبێژی زانکۆ، خاوەنکار و پەرەپێدەری پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و کۆریایە، لەو دیدارەی (گڵكەند) سەربردەی کار و ژیانی ١٢ ساڵەی رابردووی لە هەولێر و كوردستان دەگێڕێتەوە.
سووكی لەبارەی ژیانی لە هەولێر، ئەوەی لەبیرە كە چۆن دراوسێكانی لەگەڵی باش بوون و نەیانهێشتووە هەست بە غەریبی بكات. دەڵێ “زوو زوو خواردنی كوردییان بۆ دەهێنام، هەستم دەكرد لەناو كەسوكاری خۆمم”. باسیش لە ئافرەتێكی بەتەمەنی دراوسێیان دەكات كە لە خۆشەویستیان هەر بە (دایە) بانگی دەكرد.
ئەو ژنە بە ڕەچەڵەك خەڵكی كۆریای باشوورە و خاوەن ڕەگەزنامەی ئەمەریكیە، باسی سەرەتای گەشتەكەی بۆ ئەو ناوچەیە دەكات كە بەتەما نەبووە گەشتێکی بۆ سووریا لە ساڵی ٢٠٠٨، ڕێڕەوی ژیانی بگۆڕێت.
لە کاتی گەڕاندا بە کۆڵانەکانی دیمەشق و بازاڕەکانی حەلەب، بۆ یەکەم جار بە گەلی کورد ئاشنا بووە و دەڵێ «ئێمە زمانی یەکدیمان نەدەزانی، بەڵام دەمودەست هەستم بە پەیوەندیی نێوان کۆرییەکان و کوردەکان کرد، هەردوو گەل ئەزموونی خەبات و دیرۆکی پڕئازاری بێبەشبوون لە سەربەخۆییان لە ناخی خۆیاندا هەڵگرتووە“.
تەنانەت دوای گەڕانەوەشی بۆ ئەمەریکا، کە بیست ساڵی تەمەنی تێدا لە نێوان خوێندن و کارکردن لە هەردوو کۆمپانیای سامسۆنگ و هێڵە ئاسمانییەکانی کۆریا بەسەر بردووە، ئەو هەستەی هەر لە دڵ مابوو. بە تێپەڕبوونی کات، بە خۆی و هاوسەرەکەی لە رۆتینی ژیانی ئەوێ بێزاربوون. دەڵێ: «ژیان لە ئەمەریکا تەنیا کار و نووستنی دووبارە بوو. ئێمە بە دوای واتایەکی قووڵتردا دەگەڕاین“.
بۆ گەڕان بەدوای ئەو واتایە، لەگەڵ جەی هاوسەری بڕیاریان دا واز لە کارەکانیان بێنن و لە چوارچێوەی پرۆگرامێکی خۆبەخشی بێنە کوردستان کە بڕیار بوو دوو ساڵ بخایەنێت، بەڵام چارەنووس بە ئاراستەیەکی دیکەیدا بردن. پێش سەفەر، پشکنینێکی پزیشکی ڕۆتینی دەریخست کە جەی لە قۆناغی سەرەتایی شێرپەنجەی ڕیخۆڵە دایە. «ئەگەر بڕیارمان نەدابا سەفەر بکەین، زوو بەو نەخۆشییەمان نەدەزانی. تەنانەت پێش ئەوەی بگەینە ئەوێ، کوردستان دەرفەتێکی تازەی ژیانی پێبەخشین“.
سەرەڕای ئەو هەواڵە، لە چلەی هاوینی ٢٠١٣ گەیشتنە هەولێر، پێشوازییەكی گەرمیان لێ كرا، بە مەبەستی تێکەڵبوون بە کۆمەڵگەی کوردی بڕیاریان دا لە گەڕەکێکی میللی نیشتەجێ بن، سووكی دەڵێ «دەر و دراوسێ خێرا دەرگە و دڵیان بۆ کردینەوە، خواردنیان پێشکەش دەکردین و وەک خانەوادەی خۆیان باوەشی ئارامییان بۆ کردینەوە».
زۆری نەبرد سووکی لە زانکۆی سابیس و دواتریش لە زانکۆی کوردستان-هەولێر، دەستی بە گوتنەوەی وانەی ئابووری کرد. منداڵەکانیان نۆ ساڵان و دە ساڵان بوون، خێرا تێکەڵ بە کۆمەڵگەی کوردی بوون، چوونە قوتابخانە و وشەی کوردی فێر بوون و هاوڕێیان پەیدا کردن. تەنانەت دوای ئەوەی بۆ خوێندن چوونەتە دەرەوە، هێشتا کوردستانیان لە دڵدا ماوە.
ئێستا سووکی بەڕێوەبەر و دامەزرێنەری کۆمپانیای «گڵۆباڵ ئێکسپێرت»ـە کە خواردەمەنی کۆری کوالیتی بەرز بۆ کوردستان هاوردە دەکات. دەڵێ «فێستیڤاڵێکی کۆرییم ڕێک دەخست، کە سەرنجم دا خەڵک ئارەزووی خواردنی کۆری دەکەن، ئیدی قسە قسەی هێنا و هێندەم زانی دەستم بە هاوردەکردنی خواردنی کۆری کردووە“.
سەرەڕای بەربەستەکان، ئەمڕۆ بەرهەمەکانی لە بازاڕە گەورەکانی کوردستان و عێراق بڵاو دەکاتەوە، پێی وایە «کوردستان خاوەن توانایەکی مەزنی گەنجانە، بە ڕێکاری گونجاو، دەشێ وەبەرهێنانی گەورەی نێودەوڵەتی ڕابکێشرێت“.
کارەکانی لە سنووری بازرگانی تێپەڕین و سەنتەری توێژینەوەی کۆری لە کوردستان دامەزراند، کە بۆتە سەکۆیەک بۆ ئالوگۆڕی ئەکادیمی لە نێوان دامەزراوە کوردی و کۆرییەکاندا. ئەو سەنتەرە وانەی ئۆنڵاین و فێستیڤاڵی کەلتووری و بەرنامەی ئالوگۆڕی قوتابیانی تێدا ڕێک دەخرێت.
سووكی ئاماژە بە ئارەزووی قوتابیانی کورد بۆ فێربوونی زمانی کۆری دەکات و بەوە سەرسامە کە تەنیا بەهۆی خولیا و خۆشویستنی کۆریاوە دەیانەوێ زمانەکە فێرببن.
هەروەها پێی وایە پەیوەندی کەلتووری لە نێوان گەلانی کورد و کۆرییدا قووڵە، بەراوردی خەباتی پێشمەرگەش بە خەباتی کۆریا لەپێناو سەربەخۆییدا دەکات.
ئەو زۆر سەرسامی جوانیی سروشتی کوردستانە، چیاکانی بارزان، دێرەکانی نەینەوا و شاری کەونارای ئامێدی گەڕاوە، دەڵێ «دەبێ جیهان بزانێت کوردستان تەنیا مێژوو و سیاسەت نییە، بەڵکو جوانییەکی سەرنجڕاکێش و سروشتێکی دڵبەری هەیە”.
سەرەڕای ئاڵنگارییەکان، سووكی خوازیارە پرۆژەی فێرکردن و ڕاهێنانی نەوەی نوێی لاوانی خاوەنکاری کورد بگرێتە ئەستۆ. پەیامێکیش ئاراستەی لاوانی کورد دەکات و دەڵێ «کوردستان بەجێ مەهێڵن.
ئەوەی لە نیشتمانی خۆی سەرکەوتوو نەبێت، لە هیچ شوێنێک سەرکەوتوو نابێت. لە خاکی خۆتان ئایندە بنیات بنێن“.
ئێستا کوردستان بۆ سووکی هۆنگ ڕووگەی سەفەرێک نییە، بەڵکو بۆتە نیشتمان.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved