بۆچی كۆییەكان بە چەرەزات دەڵێن برێشكه؟
بۆچی كۆییەكان بە چەرەزات دەڵێن برێشكه؟

له ‌وراتی كۆیە‌ زۆر وشە و ناو هەن تایبەتن بەخەڵكی شارەكە، ئەوان ناڵێن خوێن، دەڵێن خوون، ناڵێن خوێندنەوە، دەڵێن خوندنەوە. بەڵام برێشكە بەشێوەیەكی جیاواز یەكێ لە وشە یان ناوە تایبەتەكانیانە، كۆییەكان بەچەرەزات و بەتایبەتییش بە گوڵەبەڕۆژەی برژاو دەڵێن برێشكە، بەڵام لە ڕاستیدا گوڵەبەڕۆژە برێشكە نییە.
كاتێك بەدوای سەرچاوەی ناوی (برێشكه‌)دا دەگەڕێی، تووشی بیروبۆچوونی جیاواز دەبی، یەكێكیان دەڵێ ناوی كیژەكی ڕووسییە و كاتی خۆی لە كۆیە‌ برێشكەی فرۆشتووه‌، هەندێكیش دەڵێن پیاوێكی كۆیی لە ڕووسیا ژنێكی هێناوە بە ناوی بریشكا و هێناویەتییەوە كۆیە، بەڵام ئەم بۆچوونانە بەزانستی پشتڕاست نەكراونەتەوە.
جه‌بار سابیر پڕۆفیسۆر لە بواری یاسا و شارەزا لە مێژووی کۆیە سه‌باره‌ت به‌ناوی (برێشكه‌) دەڵێ جاران گه‌نم و تۆوی گندۆره ‌و شووتی و‌ بادەمچه ‌و قه‌زوان، تۆزێك خوێ و ئاویان پێدا ده‌كرا و سوێر ده‌كرا، پاشان له‌ناو سێڵ ده‌یانبرژاند یان نۆكیان ده‌خسته‌ ناو زیخ، پێی دەگوترا برێشكه‌.
بەگوتەی ئەو شارەزایە، سەرەتا خەڵكی كۆیه‌ نە تەڕەتیزە و نە برێشكه‌یان ده‌خوارد، چونكە بە خواردنی تایبەت بە جووەكانیان دەزانی، بەڵام دوای ئەوەی جوو لە پەنجاكانی سەدەی ڕابردوو كۆیەیان بەجێ هێشت، كۆیییه‌كان ڕوویان كرده‌ خواردنی ته‌ڕه‌تیزه ‌و برێشكه‌، به‌تایبه‌ت له‌ حه‌فتاكاندا گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ ده‌برژێندرا و له‌ناو بازاڕ پیاڵەیەكی به‌ فلسێك یان عانه‌یه‌كی ئەوكات ده‌فرۆشرا.
لای خۆیەوە دوكتۆر چیا عەلی مامۆستای زمانەوانی لە زانكۆی ڕاپەڕین، دەڵێ وشەی برێشكە تەنیا لە كۆیە نییە، بەڵكو لە چەند ناوچەیەكی جیاوازی گەرمیانیش بەكار دێت، لە هەمبانە بۆرینە و فەرهەنگی خاڵیشدا بەكار هاتووە، بەڵام بەگشتی بەمانای دانەوێڵەیەك ئاماژەی پێ كراوە كە لەسەر ئاگر دەبرژێنرێت، واتە سەرچاوەی وشەی برێشكە لە پرۆسەی برژاندنەوە هاتووە.
محەمەد داریاس نووسەر و شاعیری كۆیە دەڵێ برێشكە لە جووەكانەوە بەجێ ماوە، كاتی خۆی كە میوانداریی موسوڵمانەكانی كۆیەیان دەكرد، گوڵەبەڕۆژەیان بۆ دادەنان، دوای نەمانی جووەكان، لەناو موسوڵمانانیش خواردنی برێشكە بووە باو.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved