لە هەولێردا، کە گرینگیی چێكردنی پردی كولتووری هیچی كەمتر نییە لە كردنەوەی ڕێڕەوی بازرگانیی نوێ، نزیكەی دوو ساڵە مادان گۆپاڵ کۆنسوڵی گشتیی هیندستان وەك كەسایەتییەكی كارا ڕۆڵی هەیە لە فراوانکردنی پەیوەندییەکانی هیندستان و کوردستان، تەنها لە ڕووی بازرگانی و پەروەردەوە نا، بەڵکو لە ڕێگەی سینەما و یاریی کریکێتیشەوە. بەپێکەنینیشەوە دەڵێ هەموو کەسێک حەزی لە فیلمی هیندییە، نایشیشارێتەوە كە زۆر حەزی لە كەباب یاسینە و لەوێندەر هەست دەكا لە ماڵی خۆی دانیشتووە.
مادان گۆپاڵ لە دیدارێكی (گڵكەند) ڕای دەگەیەنێ لە هەردوو ڕووی كولتووری و بازرگانییەوە پەیوەندیی نێوان هیندستان و كوردستان لە پەرەسەندن دایە. ئاماژە بەوەش دەكات كۆمپانیای گەورەی بازرگانیی هیندی لە كوردستان نین، تەنها چەند كۆمپانیایەكی سنووردار لە بواری نەوت و وزە لێرە كار دەكەن، هەروەها لە بواری كاشی و سیرامیكیش. بەڵام بەم دوایییە كۆنسوڵخانەكە ئەنجوومەنی بازرگانیی هیندی-كوردستانی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند، بەم بۆنەیەوە ژمارەیەكی بەرچاوی كۆمپانیای هیندی بۆ بەشداریكردن سەردانی هەولێریان كرد.
كۆنسوڵخانەی گشتیی هیندستان كە لە ٢٠١٦ەوە لە هەولێر كراوەتەوە، ئێستە هەموو جۆرە ڤیزایەكی وڵاتەكە دەبەخشێت، لەوانەش ڤیزای تەندروستی لە ماوەی دوو ڕۆژدا دەبەخشێت، هەروەها ڤیزای گەشتیاری، خوێندن و بازرگانی لە كاتی ئاساییدا دەبەخشن.
كۆنسوڵی گشتی باس لەوە دەكات كە سكۆڵەرشیپی هیندییان هەیە بۆ عێراق كە ژمارەیەكی بەرچاوی بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت و هەموو ئاستە زانستییەكان دەگرێتەوە. (ئای سی سی ئار سكۆڵەرشیپ)ی هیندی پار بۆ شەش قوتابیی كوردستان دەرچوو، مادان پێشبینی دەكات ئەمساڵ ژمارەكە بەرز بێتەوە. بە ڕای ئەو داواكردنی سكۆڵەرشیپەكە زۆر ئاسانە و هەر كەسێك دەتوانێ لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە و كردنەوەی لینكی وێبسایتی ICCR scholarship داواكاریی وەرگرتنی سكۆڵەرشیپەكە پڕ بكاتەوە.
هەروەها بەگرینگییەوە باس لە بەرنامەیەکی خوێندن دەكات كە بۆ خەڵكی کوردستان بەردەستە بەناوی بەرنامەی (ITEC)، دەڵێ ئەو بەرنامەیە بۆ كارمەندانی حكوومەت و خەڵكی ئاسایییە، كۆرسی تایبەتە كە دوو هەفتە بۆ سێ هەفتە دەخایەنێ، ساڵی ڕابردوو ٥٠ كەس لە کوردستانەوە چوون بۆ هیندستان و بەشدارییان لە بەرنامەکەدا كرد. ئێستەش دەیانەوێت ئەم بەرنامەیە زیاتر پەرە پێ بدەن، بەتایبەتی كە بۆ کەرتەکانی پەروەردە، کشتوکاڵ، بانک، تەکنەلۆژیا و IT گرینگیی زۆری هەیە.
كۆنسوڵی گشتیی هیندی پەسنی پێكەوەژیانی پێكهاتە جیاوازەكان و ئاینە جیاوازەكان لە هەولێر و كوردستان دەدات، هەروەها نموونە بە وڵاتەكەی دەهێنێتەوە بەوەی ئەگەر تەنها گوگڵی بکەیت، دەزانی کۆمەڵگەی هیندی هەموو ئاین و نەتەوەکانی قبوڵ كردووە و هیندستان بە هەمەجۆری و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ناسراوە و هەموو ئاینەکانی جیهان لەوێ جۆرێک لە ئامادەبوونیان هەیە.
دەڵێ “هەمان شت بۆ هەولێریش ڕاستە، موسوڵمان، مەسیحی، کاکەیی و ئێزدییەکان بەئاشتییانە پێكەوە دەژین و چێژ لە ژیان وەردەگرن، ئەمەش باشترین نیشانەیە، ئێمە هەوڵەكانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنین بۆ بەرەوپێشبردنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە”.
لەلایەكی دیكەوە كۆنسوڵی گشتیی هیند باسی كارمەند و كرێكارە هیندییەكان دەكات لە هەرێمی كوردستان، ئەگەرچی ژمارەیەکی وردیان نییە، بەڵام بەنزیکەی هەشت هەزار هاووڵاتیی هیندی دەخەمڵێنێ، لە تەواوی عێراقیشدا نزیکەی 35 هەزار هاووڵاتیی هیندی هەن، دەشڵێ کۆنسوڵخانەكەیان لە خزمەتی ئەو هاووڵاتییانە دایە و لە پەیوەندی دان لەگەڵیاندا، لە بۆنەكاندا چاویان پێیان دەکەوێت و پێكەوە ئاهەنگەكانیان دەگێڕن.
زۆربەی ئەو هیندییانەی لە کوردستان دەژین، هیندۆسن، بەڵام موسوڵمان و مەسیحیشیان تێدایە، كۆنسوڵی گشتیی هیندستان دەڵێ تا ئێستە پەرستگەی هیندۆس بۆ هیندۆسەكان نەكراوە، بەڵام ئەمە دەکەوێتە سەر ئەو هیندۆسانەی لێرە دەژین، ئەگەر بیانەوێت پەرستگە بكەنەوە، ئەوا لە كۆنسوڵخانە پشتگیرییان دەکەن.
لە چەند دەیەی ڕابردوودا فیلمی هیندی زۆرترین بینەری هەبوو لە كوردستان، كۆنسوڵی هیندستانیش پێی وایە هەموو کەسێک حەزی لە فیلمی هیندییە، لەم بارەیەوە باسی بەشداریكردنیان لە فیستیڤاڵی فیلمی دهۆک دەكات كە هیندستان وڵاتی سەرەکی بوو، ژمارەیەکی بەرچاوی فیلمی هیندی تێدا نمایش کرا. هەروەها باس لەوە دەكات كە جار بەجار بە هاوكاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی سینەمای هەولێر لە هۆڵەكاندا فیلمی هیندی نمایش دەکەن.
باس لە یاریی نەتەوەییی هیندستانیش دەكات كە كریكێتە و دەڵێ مانگی ڕابردوو بە بەشداریكردنی چەند تیمێك، پاڵەوانیەتییەكی یاریی کریکێت لە هەولێر ساز كرا، ئەوان لە ڕووی ڕاگەیاندن و ڕێكخستنەوە هاوكارییان كردوون.
هەروەها بابەتی یۆگا وەبیر دێنێتەوە كە لە هیندستاندا گرینگیی زۆری پێ دەدرێ، ئەوان وەكو ساڵانی ڕابردوو بڕیارە مانگی داهاتووش بەبۆنەی ڕۆژی یۆگاوە، لە هەولێر ڕێوڕەسم و چاڵاكیی تایبەت ئەنجام بدەن.
گۆپاڵ لە تەمووزی ٢٠٢٣ەوە لە هەولێر دەستبەكار بووە، پێشبینی دەكات چەند مانگێكی دیاریكراوی لێرە مابێت، بەر لەوەی ئەركەكەی وەكو كۆنسوڵ تەواو بێت، بەڵام ئەوەی لە یاد ناچێ كە لەو ماوەیەدا چێژی زۆری لە خواردنی کوردی بینیوە، دەشڵێ ناندینی كورد زۆر جیاواز نییە لە ئی هیند، هەندێك لە شێوە جیاوازن، بەڵام لە تام زۆر نزیكن لە یەكدی.
باسی کەباب یاسین دەكات لەناو بازاڕی هەولێر، دەڵێ “كەبابێكی بەتامیان هەیە كە هاوشێوەی كەبابی باشووری هیندستانە، كاتێك لە كەباب یاسین نان دەخۆم هەست دەكەم لە وڵاتی خۆمم.”
باس لەوەش دەكات كە چێژ لە هاوڕێیەتیی باش و میواندارییەتیی گەرم لەگەڵ کورد لە تەواوی هەرێمی کوردستان وەردەگرێ. خەڵکی هەولێر بەمیواندۆست وەسف دەكا و دەڵێ كورد بە گشتی بەخێرهاتنی هیندییەکان دەکەن و بەئاسانی تێكەڵیان دەبن.
كۆنسوڵ دڵنیایە لەوەی دوای تەواوبوونی ئەركەكەی، بە سەردان دێتەوە كوردستان و خێزانەكەشی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێ، چونکە وەك خۆی دەڵێ نایەوێ میواندۆستیی کورد و هاوڕێیەتیی گەرموگوڕی كورد لە دەست بدات.