”كاتێك كاتی تەواوبوونی پڕۆژەكانی شوقە دیار نییە، ڕۆژ بە ڕۆژیش نرخەكەی لە دابەزینە، ناهەقم نییە نەوێرم شوقە بكڕم و دەترسم لەوەش وەبەرهێنەر تەواوی نەكات“.
ڕێبوار عەلی (36 ساڵ) وا دەڵێ، ئەو پلانی كڕینی یەكەیەكی نیشتەجێبوونی شوقەی هەبوو، بەڵام هاوڕێكانی بەزانیارییەكانیان لەسەر بازاڕی شوقە پەشیمانیان كردووەتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (گڵكەند)، لە سنووری پارێزگەی هەولێر تا كۆتاییی ساڵی ڕابردوو كاركردن لە 38 پڕۆژەی نیشتەجێبوونی شوقە هەبووە و بەشێكی زۆری لە نێوان یەك ساڵ تا سێ ساڵی دیكە تەواو دەبن و لە ڕێگەیانەوە زیاتر لە 50 هەزار شوقە بۆ بازاڕی هەولێر زیاتر دەبێت.
سەبارەت بە پڕۆژەكانی شوقەش، (گڵكەند) زانیویەتی پرۆسەی بەبازاڕكردنی چەند پڕۆژەیەكی دیكەی شوقە دانراوە كە هەریەك لە پڕۆژەی ڤانە تاوەرز، ئارام تاوەرز، كینگ تاوەرز، عەینكاوە ڤیو و ڕێماس هەن، چاوەڕوان دەكرێت تا ناوەڕاستی ئەمساڵ پرۆسەی فرۆشتن دەست پێ بكەن.
پڕۆژەكانی ڤێللا بەراورد بە شوقە لە سنووری هەولێر كەمترە و بەشی زۆری دەكەوێتە زۆنی ئەڵماسی هەولێر و بەو پڕۆژانە دەگوترێ كە دەكەونە نێوان جادەی مووسڵ و جادەی شەقڵاوە.
لە سنووری پارێزگای هەولێر ژمارەی پڕۆژەكانی ڤێللا تا كۆتاییی ساڵی ڕابردوو تەنیا 8 پڕۆژە بووە، بەڵام پلانی هاتنە بازاڕی چەند پڕۆژەیەكی تازەی ڤێللا تا كۆتاییی ناوەڕاستی ئەمساڵ هەیە، ئەوانیش هەریەك لە پڕۆژەكانی كامبریج ڤیڵەج، بەشی دووەمی ڤێللاكانی ئۆلیڤ ستی، لە نزیك پڕۆژەی زانەر پڕۆژەیەكی دیكەی ڤێللا ناوی دیار نییە و كاركردنی تێدایە، بەهەمان شێوە لە جێگەی گوندی ڕەشكینی پێشتر پڕۆژەیەكی ڤێللا دێتە بازاڕ، بۆ جاری دووەم بەبازاڕكردن بۆ پڕۆژەی پاڤلیۆنیش دەستی پێ كردووەتەوە.
حاجی سەردار بەڕێوەبەری پڕۆژەی ڕێماس ستی، كە پڕۆژەكەی تێكەڵەیەكە لە یەكەی نیشتەجێبوونی ڤێللای گرانبەها و شوقە، پێی وایە پرۆسەی بەبازاڕكردنی هەریەك لە ڤێللا و شوقە لە بازاڕ هەیە و كڕیارەكانیان جیاوازە.
حاجی سەردار كە ئەزموونی ڕابردووی لە هەریەك لە پڕۆژەی شوقە و خانوو هەبووە، دەڵێ ”بەدڵنیایییەوە شوقەیەكی زۆر لە بازاڕ هەن و ئەم بابەتە دوو لایەنەیە، بەڵام دەتوانین بڵێین ئێستە هاووڵاتییان وردتر بڕیار دەدەن لەوەی لە كێ موڵك بكڕن؟ ئایا تەواو دەكرێ یان نە؟ كڕیاری هەردووكیان هەیە، بەڵام شێوازی كڕین گۆڕاوە و هاووڵاتییان پرسیاری زیاتر دەكەن چونكە هۆشیار بوونەتەوە“.
لای خۆیەوە موخڵیس محەمەد بەڕێوەبەری كۆمپانیای بزنس دەی پێی وایە هاتنی ژمارەیەكی زۆری پڕۆژەی شوقە بۆ بازاڕ كاریگەری نەرێنیی لەسەر بازاڕی خانووبەرە دروست كردووە، چونكە خستنەڕوو لە خواستی بازاڕ زیاتر بووە، پێویست بوو بەپلان بێتە بازاڕ، ئەوانەی ئێستە لە قۆناغی دروستكردنن بازاڕیان زۆر دابەزیوە و كڕیاریان كەمی كردووە، بەڵام ئەو پڕۆژانەی تەواو بوون گرفتیان نییە یان كێشەی بەبازاڕكردنیان كەمترە.
بەڕێوەبەری كۆمپانیای عەقاراتی بزنس دەی ئاماژە بەوەش دەكات لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بازاڕ بەشێوەیەكی گشتی گۆڕانكاریی بەخۆیەوە بینیوە و ئێستە خواست لەسەر زەوی و ڤێڵلا زیادی كردووە، بەتایبەت ئەوانەی زەوی دەكڕن بۆ دوورمەودا دەیانەوێت قازانج بكەن و ئەوانەی ڤێللا دەكڕن زیاتر خێزانە گەورەكانن.
بەڵام محەمەد شوانی بەڕێوەبەری كۆمپانیای عەقاراتی ماڵ و موڵك، هۆكاری زیادبوونی خواستی هاووڵاتییان بۆ كڕینی ڤێللا و خانوو بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە نرخەكانی بەردەوام لە بەرزبوونەوەیە و بەپێی كولتووریش، خەڵك ئارەزوویان لە ڤێللا و خانووە نەك شوقە، ئەوانەی خاوەن پارە و سامانیشن بۆ خۆیان زیاتر لە كەشوهەوای خانوو و ڤێللا گەورە بوون.
محەمەد شوانی كە كۆمپانیاكەی لە خانوو و شوقە و ڤێللاش كار دەكات بە(گڵكەند)ی ڕاگەیاند ”هێشتا بەشێكی زۆری هاووڵاتییان ڕایان وایە لە داهاتوو ئەگەر شوقە بكڕن نابن بەخاوەنی خانوو و ڤێللا، هەروەها ئەزموونی دواكەوتن و تەواونەكردنی پڕۆژەكانی شوقە كاریگەری زۆر خراپی هەبووە، پرۆسەی خێزانی پێكەوە گرێدراویش كاریگەری هەبووە، بۆ نموونە كوڕێك یان كچێك یان چەند برا و و خوشكێك دەیانەوێت لە خێزانە گەورەكانی وەك باوك و دایك لە كۆڵان و گەڕەكێك بن، كە ئەمە لە شوقەدا ناڕەخسێت“.