چیرۆکی کورسییە سپییەكەی پاپای كۆچكردوو
لە گۆشەیەكی تژیی بەهرەی هونەریدا، دارتاشێكی گەنجی هەولێر بەبێدەنگی لەسەر پشتی دار، دیرۆكی پێكەوەژیانی ئاینە جیاوازەكان بە نەخش دەگێڕێتەوە. ئەو خاوەنی كورسییە سپییەكەی پاپای كۆچكردووی ڤاتیكانە، كە لە دیدارە جەماوەرییەكەی مووسڵدا لەسەری دانیشت و دواتر گوازرایەوە ڤاتیكان.
سەردانە مێژوویییەكەی پاپا فرا‌نسیسی كۆچكردوو لە ساڵی 2021دا بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق، بۆ وەستا محەمەد سەعدیی تەمەن 41 ساڵ دەرفەتێكی نایاب بوو، ئەو توانی لە ماوەی چوار ڕۆژدا بەم بۆنە شكۆدارە، كورسییەكی تایبەت دابتاشێ، كورسی لە هەولێرەوە گوازرایەوە بۆ مووسڵ و لە دوای كۆتاییهاتنی ڕێوڕەسمەكانیشدا، ڤاتیكان بووە دوا وێستگەی سەفەری كورسییەكەی وەستا محەمەد.
ئەو كورسییە كە بەشێوەی سێ ڕەهەندی هێما ئاینییە مێژوویییەکانی كریستیانی لەسەر نەخشێندرابوو، بەدەستپێشخەریی وەستاكە خۆی دروست كرا، محەمەد سەعدی لەم بارەوە بۆ (گڵكەند) دەڵێ «وەكی زانیم پاپا دێت، فكرم له‌وه‌ی كرده‌وه هه‌دیه‌كی تایبەتی هەولێرییانەی لۆ دروست كەم، به چار ڕۆژ ئیشه‌كه‌م تەواو كرد».
داری زه‌نی ڕۆمانی، قوماشی كه‌تان و ئیسفەنج له دروستكردنی كورسییه‌كه به‌كار هاتوون، تێچووی تەنها 800 دۆلار بووە.
ئەو دارتاشە كە تا پۆلی سێی ناوه‌ندیی خوێندووە، له ته‌مه‌نی 16 ساڵییه‌وه ده‌ستی به پیشه‌كەی كردووه و له باوكییه‌وه بۆی ماوه‌ته‌وه، ئه‌و بە جۆرێك وابەستەی كارەكەیەتی، ڕۆژانی پشووش دەچێتە دوكانەكەی.
ئەو جگە لە دارتاشی، به‌دروستكردنی وێنه‌ی كه‌سایه‌تییه جیاوازه‌كان و هێما مێژوویییه‌كان به‌شێوه‌ی سێ ڕه‌هه‌ندی له‌سه‌ر ڕووی دار، سه‌رنجی كه‌سایه‌تی و دیبلۆماتكاره بیانییەكانیشی ڕاكێشاوه. بۆ كارەكانیشی دارەكانی سندیان، زه‌ن، ئێم دی ئێفی خام به‌كار دەهێنێ و پێی وایە داری زه‌ن باشترینیانه.
ئەو دارتاشەی هەولێر سه‌رجه‌م كارەكانی سەر ده‌رگە و وێنه‌ی حه‌زره‌تی مه‌ریه‌می پاكیزەی سەر دیوار و كورسیی كڵێسای ئووریشی بەشێوەیەكی سەردەمییانە نەخشاندووە، كه یه‌كێكه له كڵێسا گه‌وره‌كانی عێراق، هه‌روه‌ها له‌ناو هۆڵی مزگه‌وته‌كانی شاری هه‌ولێريش چه‌ندین نه‌خش و هێمای سه‌رنجڕاكێشی دروست كردووه، وێنەیەكی تاوسیشی بۆ پەرستگەی لالش بە دیاری بۆ كوردانی ئێزیدی نەخشاندووە.
محه‌مه‌د نیازی وایه له داهاتوودا په‌یكه‌رێكی دار له شوێنێكی گونجاوی شاری هه‌ولێر دروست بكات كه باس له مێژوو و كولتووری شاره‌كه بكات.
وەستا محەمەد لە شوێنکی کارەکەیدا
وێنەیەکی کورسییەکەی وەستا محەمەد لە مووسڵ