لە هەولێر موسڵمان و جووەكان ژنخوازیان كردووە
لە هەولێر موسڵمان و جووەكان ژنخوازیان كردووە

“بەشێكی تەوڕات لە هەولێر دابەزیوە”

ئەگەرچی لە سەردەمی نوێدا بە هۆكاری سیاسی و گۆڕانی كۆمەڵایەتی، پەیوەندیی نێوان بڕوادارانی ئایینە جیاوازەكان گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بەڵام هەولێر هەمیشە بە شاری پێكەوەژیانی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان ماوەتەوە، ئایینی جوو یەكێكە لەو ئایینانەی مێژووەكی زۆر كۆنی هەیە لە هەولێر و پێكهاتەیەكی سەرەكیی شارەكە بوون.
بەپێی سەرژمێریی ساڵی 1947 لە شاری هەولێر سێ هەزار و 109 باوەڕداری جوو هەبوون، كە بەپێی رێژەی دانیشتوانی ئەو كاتەی هەولێر ژمارەی جووەكان بە كەمینە نازانرێت، ئەو كاتە یوسف ساڵح سەرۆكی جووەكانی هەولێر بووە.
ڕەنجدەر كۆهین سەرۆكی رێكخراوی جووەكانی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ (گڵكەند)، باسی مێژووی جووەكانی شاری هەولێر دەكات و ئاماژە بەوە دەدات كە جووەكان چەندین كەسایەتیی كاریگەرییان هەبووە و ڕۆڵی باڵایان بینیوە لە ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی لە نێوان پێكهاتەكانی ئەو سەردەمە.
تا بەر لە 75 ساڵیش جووەكان لە هەولێر مابوون و سرووتی خۆیان ئەنجام دەدا، بە گوتەی ڕەنجدەر لە سنووری هەولێر سێ سیناگۆك (پەرستگای جوو) هەبوون، یەكێكیان لەسەر قەڵات بووە و دووەكەی تر لە گەڕەكی تەعجیل بوون، هەروەها جووەكان لە هەموو بوارەكانی ژیان لە شاری هەولێر ڕۆڵی سەرەكییان بینیوە، بۆ نمونە لە بواری بازرگانی و زێڕینگری و هونەری، بە گشتییش جووەكان شوێنی پەنجەیان لە ژیانی هەولێرییەكان دیار بووە.
سەبارەت بە سەرەتای هاتنی جووەكانیش بۆ خاكی كورستان و هەولێر بە تایبەتی، ڕەنجدەر پێی وایە جووەكان چەند سەد ساڵێك بەر لە لەدایكبوونی مەسیح لە خاكی كەنعانەوە هاتوونەتە میزۆپۆتامیا و كوردستان و هەولێر، هۆكاری هاتنەكەشیان دەربازبوون بووە لە ژێر زوڵم و ستەمی ئیمپڕاتۆرییەتی رۆمەكان و یۆنانییەكان.
لەبارەی شوێنە پیرۆز و مەزارگەكانی تایبەت بە جووەكانیش لە هەولێر، ڕەنجدەر كۆهین ئاماژەی بەوە كرد كە لە هەرێمی كوردستان چەندین پێغەمبەری جوو هەبوون، وەكو عوزێر پێغەمبەر كە ناوی لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە و مەزارەكەی لە شاری هەولێرە، جیا لەوەش بەشێك لە تەوڕات لە كوردستان بۆ پێغەمبەر ناهۆم دابەزیوە.
هەروەها باسی ڕۆڵی تاكە ژنی هاخام دەكات لە مێژووی ئایینی جوو كە لە كوردستان بووە و دەڵێ تاكە ژن لەسەر ئاستی جیهاندا هاخامی جووەكان بووە ناوی ئەسینات بارزانییە، جگە لەو هیچ ژنێك لە نێو جووەكاندا نەبووەتە هاخام.
هەروەها باسی كۆمەڵێك كەسایەتیی جوو دەكات كە لە مێژووی شاری هەولێر ڕۆڵی بەرچاویان بینیوە لە ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی وەكو شەمعون، سوبعە جوو و بن حاس كە لە دیارترین كەسایەتییە كۆمەڵایەتییە دیارەكانی هەولێر بوون، ئەوانە ڕۆڵی ئەرێنییان گێڕاوە لە یەكلاییكردنەوەی كێشە كۆمەڵایەتییەكان و چارەسەركردنی پرسە هەستیارەكان، هەروەها لەناو موسڵمانەكانیش ڕێزی زۆریان لێ گیراوە.
ئەو كەساییەتییە جووە بە شانازییەوە باسی لە ڕۆڵی جووەكان كرد كە لە مێژوودا لە شاری هەولێر هیچ بەركەوتنێكی خراپیان لەگەڵ پەیڕەوانی ئایینەكانی تردا نەبووە، بەڵام پەیوەندییان لەگەڵ موسڵمانەكاندا تایبەت و توندوتۆڵ بووە.
جووەكان هەر لە ناوەندی شاری هەولێر نەبوون، بەڵكو وەك ڕەنجدەر كۆهین باسی دەكات، هاخامەكانی جووەكان لە شاری كۆیەش ناوەندێكی گەورەی ئایینیان هەبووە، سەرجەم ژن و ژنخوازییەكان و سونەتكردنی منداڵان لەوێ ئەنجام دراون، زۆربەی هاخامەكان لە كۆیە بوون، بۆ نمونە ئەگەر كوڕ و كچێكی جوو هاوسەرگیرییان ئەنجام دابا، دەبوو بچنە كۆیە لەوێ لەلایەن هاخامەكانەوە مارەكردنەكە ئەنجام بدرێ و دواتر بگەڕێنەوە، هەروەها جووەكان ژن و ژنخوازیان لەگەڵ موسڵمانەكانی هەولێر ئەنجام داوە، بۆ نمونە كچی جوو شووی بە كوڕی موسڵمان كردووە، بە پێچەوانەشەوە كوڕی جوو كچی موسڵمانی خواستووە، ئێستاش لە هەولێر خەڵكانیك هەن باوكیان موسڵمان بووە بەڵام دایكیان جوو بووە، بە پێچەوانەشەوە هەیە باوكی جوو بووە دایكی موسڵمان بووە.
جووەكان لە بواری پەروەردەشدا لە هەولێر ڕۆڵی كاریگەرییان هەبووە و قوتابخانەی تایبەت بە جووەكان لە هەولێر هەبووە، یەكێكیان لەسەر قەڵات بووە و قوتابخانەیەكی تریش لە گەڕەكی تەعجیل هەبووە، خوێندن تیایدا بە زمانی عیبری بووە.
هەروەها ئەو گەرماوەی لەسەر قەڵات هەبووە، خاوەنەكەی جوو بووە، تەنانەت تا ئێستاش ئەستێرەی داودی لەسەر دەرگای گەرماوەكە ماوە، لە گەڕەكی تەعجیلیش، گۆڕستانێكی تایبەت بە جووەكان هەبووە.
جووەكان بەوە ناسراون حەزیان لە كار بووە و لە پەیداكردنی بژێویدا زۆر لێهاتوو بوون، كۆهین باس لەوە دەكات جووەكان زیاتر سەرقاڵی بازرگانی و زێڕنگری بوون، بەتایبەتیی لەگەڵ بەغدا پەیوەندییەكی بازرگانیی پتەویان هەبووە.
هەروەها باسی دوو تیرەی سەرەكیی جووەكان دەكات كە ئەسفاردە و ئەشكەنازیین، جووەكانی هەولێر پەیڕەوكاری ئەسفاردەن (سفەغارد)، بەگوتەی ئەو ئەسفاردەكان زیاتر باوەڕیان بە پێكەوەژیان هەیە لەگەڵ ئایینەكانی تردا.
جووەكان لە بواری هونەریشدا هاوشانی موسڵمانەكان لە شاری هەولێر توانیویانە ڕۆڵی بەرچاو بگێڕن كە تا ئێستاش شوێنی پەنجەیان دیارە، دیارترینیان دانیال قەسابە كە كەسایەتییەكی جوو و هونەرمەندێكی دیار بووە، پەرەی زۆری بە هونەر داوە لە هەولێر و ئێستاش لە مۆزەخانەی پەروەردە ژوورێكی تایبەت بە كارەكانی ئەو هەیە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved