کوردێکی دەرسیم دۆنەری ئەورووپا دابین دەکات
کوردێکی دەرسیم دۆنەری ئەورووپا دابین دەکات

ئەو کاتەی لە تەمەنی گەنجیدا لە شاری دێرسیمی باکووری کوردستانەوە وەک پەنابەر ڕووی لە ئەڵمانیا کرد، چەندین ئاوات و ئامانجی گەورەی هەبوو، دوای ساڵانێکی درێژ، گەیشتە شوێنی مەبەست و ئێستا بەرەو جیهانیبوون هەنگاو دەنێت.
مستەفا رۆدی دێمیرکورێک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەلزارۆ دۆنەر وۆرڵد لە ئەڵمانیا، کە براندێکی کوردییە، دوای دوو دەیە كاركردن و هەوڵدان لە بواری پێشخستنی پیشەكەی كە دۆنەر کەبابە، ئامانجەكەی هێنایە دی و دۆنەرەكەی مارکێتەکانی ئەڵمانیا، سویسرا و نەمسای تەنیوە، هەوڵی بەردەوامیش دەدات بۆ ئەوەی بەرهەمەکەی بگەیەنێتە تەواوی وڵاتانی جیهان.
دێمیرکورێک لەبارەی كارەكەیەوە قسە بۆ (گلكەند) دەكات و ئاماژە بەوە دەدات چیڕۆكی براندەكەی دەگەڕێتەوە بۆ 16 ساڵ لەمەوبەر كاتێك دەستی بە هەوڵدان كرد بۆ پەرەپێدانی جۆرێكی تایبەتی دۆنەر و بیرۆكەی دامەزراندنی کۆمپانیاكەی گەڵاڵە كرد وەك براندێكی نوێ لە پیشەسازیی دۆنەردا، تا چوار ساڵ لەمەوبەر توانی كۆمپانیاكە و براندە نوێیەكەی رابگەیەنێت.
ئەو لە ساڵی 2008ەوە کار لەسەر بیرۆکەکەی دەکات، دوای چەند ساڵێک و بە تاقیکردنەوە لە تاقیگەکانی مایکرۆبایۆڵۆجی، گەیشتە دروستکردنی ئەو بەرهەمە و لە ساڵی ٢٠١٧ش دەستی بە کارەکانی دروستکردنی کۆمپانیای ئەلزارۆ دۆنەر کرد.
مستەفا لە گوندی گۆزگیکس لە شاری دێرسیم لەدایک بووە، ساڵی 1994 وەک پەنابەر رووی لە ئەڵمانیا کرد و ساڵی 1995 چووە ناو كار و پیشەسازیی خواردنی دۆنەر، ئەو بەر لەوەی کۆمپانیاکەی دروست بکات، لە چەند ناوچەیەكی ئەڵمانیا دوکان و چێشتخانەی تایبەت بە خۆی هەبووە.
لە سەرەتای هەوڵەکانیدا، دێمیرکورێک بیری لەوە کردووەتەوە كە داهێنان لە دۆنەر و کەبابدا بکات، کە لە ئەڵمانیا و ئەورووپا خواستێکی زۆریان لەسەرە، چونکە ئەورووپا بەرەو خواردنی ئامادەکراو و نمایشکراو لە مارکێتەکان دەڕوات، بۆیە هەوڵی دا براندێکی نوێی خواردن دابمەزرێنێ و بیخاتە بازاڕەوە.
كۆمپانیاكەی دێمیرکورێک کۆگای خواردنی نییە، بەڵكو دۆنەرە ئامادەكراوەكان بە شێوەی راستەوخۆ بۆ بازاڕەكانی وڵاتان دەنێرێت. ئەو رۆبۆتانەش كە لە کارگەکانی کۆمپانیای ئەلزارۆ دۆنەر کەباب دێنە بەكارهێنان، لە وڵاتانی ژاپۆن، سویسرا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، تورکیا، دانیمارک و فەرەنسا دروست کراون و تایبەتن بە بەرهەمهێنانی براندەکەی دێمیرکورێک.
ئێستا بە شێوەی رۆژانە کۆمپانیای ئەلزارۆ 10 تا 15 هەزار دۆنەر بەپێی خواست، بۆ زنجیرە مارکێتەکان بەرهەم دەهێنێت، بەڵام کارگەکانی کۆمپانیاکە توانایان هەیە لە یەک رۆژدا 200 بۆ 250 هەزار دۆنەر بەرهەم بهێنن.
دێمیرکورێک بۆ یەکەم جار بەرهەمەکانی لەمساڵدا لە پێشانگایەکی نێودەوڵەتیی پێشکەش کرد و بەم هۆیەشەوە ناوبانگێكی گەورەی پەیدا كرد و سەرنجی خەڵک و میدیاکانی بەلای خۆیدا راکێشا.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved