ناوداران بۆ جلی کوردی دەڕۆنە سۆران
ناوداران بۆ جلی کوردی دەڕۆنە سۆران

37 ساڵە لە سۆرانەوە جلوبەرگی كوردی بۆ ناوداران دەدوورێت، بەهۆی کارامەیییەکەی، خەڵک لە شوێنی دوورەوە ڕووی تێ دەكەن.
زەینەل موراد بارزانی لە سۆران و زۆر ناوچەی کوردستان و دەرەوەش بەدوورینە تایبەتەكانی جلوبەرگی كوردی دەناسرێتەوە، لە منداڵییەوە خەونی ئەوە بوو ببێتە خاوەن بازرگانییەکی گەورە، ساڵی ١٩٨٩ دەستی پێ كرد، ئێستە گەیشتووە بەخەونەکەی.
بەو جلوبەرگە کوردییانەی بەسەلیقەی خۆی لەسەر كەلەپووری کوردەواری دروستی كردوون، بەشداریی چەندین پێشانگەی جلوبەرگی كردووە، ئێستەش خەڵك لە پێگە و ئاستی جیاواز سەردانی دەكەن.
جگە لە خەڵكی کوردستان، پیاوانی بیانییش سەردانی دەکەن بۆ دوورینی جلوبەرگی كوردی، زەینەل لەم بارەیەوە بۆ (گڵكەند) دەڵێ ”هەست بەدڵخۆشی دەکەم كاتێك نەتەوەی دیكە داوای دوورینی جلوبەرگی كوردیم لێ دەكەن“.
هەروەها باس لەو ڕۆژگارە دەكات كە گەنجی کورد لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمەكاندا، لەسەر پۆشینی جلوبەرگی کوردی لەسێدارە دەدران، كەچی ئێستە خەڵكی نەتەوەی دیكەی ناوچەكە داوای دوورینی ئەو جلوبەرگە دەکەن.
ئەو بەرگدوورە باس لەو گۆڕانکارییانە دەكات كە بەسەر شێوەی جلوبەرگی کوردیدا هاتووە و پێشكەوتووە، بەڵام دووپات لەسەر پاراستنی مۆرکە نەتەوەیییەکەی جلوبەرگی كوردی دەكاتەوە و دەڵێ ئەو جلوبەرگە هێمای کوردبوونە.
لە دوکانەکەی زەینەل خەیات، چەندین جۆر و ڕەنگی ئەو قوماشانە نمایش كراون كە لە دروستکردنی جۆرە جیاوازەكانی جلوبەرگی کوردیدا بەکار دێن، بەو قوماشانەشەوە کە دەکرێنە پشتێن، سەرەڕای کڵاو، جەمەدانی، مشکی، پووشی، پووزەوانە، تەسبیح و خەنجەری کوردی.
لەبارەی ئەو بیانییە ناودارانەشەوە كە جلوبەرگی كوردییان لەكن بەدوورین داوە، زەینەل قسە لە زاری ڕۆژنامەنووسێكی فەرەنسی بەناوی ئەناتۆڵ دەگێڕێتەوە كە پێی گوتبوو پێشتر ئاشنای فەرهەنگ و مۆسیقای كوردی بووە، ئەم نەورۆزەش جلوبەرگی كوردیی پۆشیوە و بەشداریی لە هەڵکردنی ئاگری نەورۆزدا كردووە. هەروەها ئەو گەنجە ئەمریكییەی فێری زمانی كوردی بووە و بە سوورە ناسراوە، پێی گوتووە خۆشەویستییەكی گەورەی بۆ كوردستان و كولتوورەكەی هەیە، دەیەوێ بەجلوبەرگی كوردییەوە هەموو كوردستان بگەڕێت.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved