بەڵگەنامەیەك ئاشكرای دەكات بارزانی ئاشوورییەکانی پاراست
بەڵگەنامەیەك ئاشكرای دەكات بارزانی ئاشوورییەکانی پاراست

بەڵگەنامەیەکی پۆلیسی عێراق ئاشكرای دەكات كە چۆن مەلا مستەفا بارزانی، ئاشوورییە هەڵاتووەکانی لەخۆ گرتووە و لە هێزە ئێرانییەکانی پاراستوون.
بەڵگەنامەكە ڕۆژی ١٩٤٧/٢/٨ بە نهێنی لەلایەن فەرماندەی هێزەکانی پۆلیس لە باپشتیانەوە دەرچووە و بۆ وەزارەتی ناوەخۆی عێراقی نێردراوە.
دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، مەلا مستەفا بارزانی لەگەڵ هێزەکەی و ئاشوورییەکانی ئازەربایجان، لە ناوچە شاخاوی و بەفراوییەکانی لاجان، شنۆ و نەغەدە بڵاو بوونەوە.
ئەو ئاشوورییانە بەهۆی زەبروزەنگی دەسەڵاتداران و سوپای ئێران هەڵاتبوون، ڕوویان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستان کردبوو، دوای ڕووخانی کۆمار، بۆ پاراستنی خۆیان، پەنایان بۆ مەلا مستەفا بارزانی و هێزەکەی برد، ئەویش ئەوانی پاراست و لەخۆی گرتن.
وەک لە بەڵگەنامەکەدا دەردەکەوێ، پۆلیس داوای لە وەزارەتی ناوەخۆی عێراق کردووە ئامادەییی لایەنی عێراقی بۆ هاوکاریکردنی هێزە ئێرانییەکان لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی بارزانی و لەناوبردنیان نیشان بدا.
پۆلیسی ئەو کاتی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، کۆبوونەوەی هێزە کوردییەکان و ئەو کۆمەڵە ئاشوورییانەی لە ئازەربایجان هەڵاتوون و پەنایان بۆ هێزەکەی بارزانی بردووە، بووەتە هۆی بەهێزبوونی هێزەکەی بارزانی و دەسەڵاتدارانی ئێران خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەیان دەبوێرن.
لە بەڵگەنامەکەدا پۆلیس ترسی ئەوەی نیشان داوە، کە ئەگەر وەرزی سەرما و بەستەڵەک نەمێنێ، ئەوا هێزەکەی بارزانی لەسەر سنووری نێوان عێراق و ئێران کۆنترۆڵ ناکرێ، بۆیە داوای کردووە هێزەکانی هەردوو وڵاتی ئێران و عێراق لە شەڕ دژی بارزانی لەسەر سنوور، هاوکاری و هەماهەنگی بکەن.
کۆماری کوردستان لە كانوونی دووەمی ١٩٤٦ لە شاری مەهاباد بەسەرۆکایەتیی پێشەوا قازی محەمەد ڕاگەیەندرا و بارزانیی نەمر سوپاسالاری ئەو کۆمارە بوو.
ئەگەرچی کۆماری کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروست بوو، بەڵام بارزانی بەخۆی و هێزەکەیەوە لەگەڵ هەموو دڵسۆزانی دیکەی کورد، خۆیان بە بەشێک لەو کۆمارە زانی.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved