"جاران لە هه‌ولێر، بۆ خانوو و ته‌لارى تۆكمه‌به‌ند كه‌رپووچ به‌كار هێنراوه، به‌گشتى له ده‌شتایى خشته‌قوڕى وشکكراو، له چیاش به‌ردى ڕه‌قه‌ن. له‌و مێژووه كه‌منووسراوه‌یه، سه‌دان و له‌وانه‌یه هه‌زاران وه‌ستاكاره‌ى بیناساز، ئاوه‌دانییان بۆ بنیات ناوه. لێره به پرس و جاب وه‌ستایه‌كى بیناكار دێته دوان، تێیدا چه‌ندانێك لایه‌نى پیشه‌كه‌ى خۆى و كه‌رەسته‌ى ئه‌و كات به‌رچاو ده‌كات".
نووره‌دین ساڵح سه‌لیم له‌دایكبووى ساڵى 1937ی پیره قه‌ڵات، هه‌ر له سه‌ره‌تاى لاوه‌تیدا له بیناكارى ئیشى كردووه، له‌و كاره‌ى هه‌نگاو په‌ى هه‌نگاو، توانایى و شاره‌زاییى په‌یدا كردووه تا بووەته وه‌ستا.
یادگه‌ى پڕ سه‌ربورده‌ى عه‌مه‌لایه‌تیى به‌كورتى ده‌گێڕته‌وه كە له سه‌رده‌مى پاشایه‌تیی (مه‌له‌كییه‌ت) و تا دره‌نگه‌ى پاشتر، عه‌مه‌له‌ى قوڕكارییان پێ ده‌گۆت. باسی كاتى ئیش و كرێى ڕۆژانەی دەكا و دەڵێ له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه تا پێش ڕۆژئاوا، عه‌مه‌له (كرێكار) یه‌ك ڕیالى وه‌رده‌گرت، كه یه‌كسانه‌ى چوار درهه‌مه، هه‌ر درهه‌مێ په‌نجا فلسه. ئه‌و وه‌خته درێژه، دوو پشووى تێدایه یەك چێشتانان كە كورتماوەیە، دوو نیوه‌ڕۆیان كە درێژماوه‌یه.
وەستا نوورەدین دەگێڕتەوە “هه‌رزه‌كار بووم، سه‌ره‌تا به واسیته‌ى خزمێك، بردمیانه قوڕكارى، پاشتر چوست و چاپووكیى خۆم ئیشێكى به‌رده‌وامى پێ دام سه‌ركارێك (موڕاقیب) داندرابوو، به‌لانیگایه‌ك ده‌مدیت، به شێوه‌ى قامچى جه‌مه‌دانیى خۆى لوول ده‌دات و چه‌گڵێكى خسته ناو لچكێك، تۆپه‌ڵى كرد و توند به‌ستایه‌وه، ئه‌وە بۆ ئه‌وه‌یه تا له پشتى ئه‌و قوڕكارانه بدا، كه به‌سستى ئیش ده‌كه‌ن”.
وه‌ستا له ڕۆخ دیواره و به ده‌نگى بڵند هاوار ده‌كا: ده‌ى كوڕم قوڕ بێنه ده‌ى ڕسقى خۆت حه‌ڵاڵ كه، كه بڵنداییى ده‌گه‌یشته به‌ژنێك، وه‌ستا له‌سه‌ر دیواره و به‌ده‌نگى بیستراو و له‌سه‌ریه‌ك، ده‌یگۆ: كه‌رپووچ بێ. ساغه بێ. نیمه (نیوه) بێ. كرێكارێكى كه‌ڵه‌گه‌ت ده‌یدا ده‌ستى وه‌ستا، كه دیوار بڵندتر ده‌بوو ، له جیاتیی (بێ) وشه‌ى (باوێ)ى ده‌گوت، واتا بۆم هه‌ڵده: ساغه باوێ، نیمه باوێ.
له وه‌ستاكانى ئه‌و سه‌رده‌م، ناوى هه‌ندێكم له بیر ماوه، وه‌ستا ئه‌حمه‌د قه‌ڵاتى، وه‌ستا عه‌بدوڵڵا چیچۆ، وه‌ستا شه‌هاب و وه‌ستا عه‌بدوڵڵا كه‌تۆ.
دیوارى خانووى ناو شار، له‌و گه‌ڕه‌كانه‌ى ده‌وروبه‌رى قه‌ڵات، به كه‌رپووچ و قوڕ دروست ده‌كران، بۆ هه‌نده خانوو به‌مه‌به‌ستى قایمبوون، گێچ و خۆڵ یان قسڵ و خۆڵیان تێكه‌ڵ ده‌كرد و به ئاو ده‌یانگرته‌وه، ئه‌وا كه ڕه‌ق ده‌بوو، وه‌ك چیمه‌نتۆى لێ ده‌هات. ئه‌م قسڵه‌ش به‌م شێوه‌یه ده‌هاته به‌رهه‌م، جۆره به‌ردێكیان له‌ناو كووره ده‌سووتاند، ئینجا پاش گه‌رمبوونێكى له ڕاده‌بەده‌ر، ئاویان پێدا ده‌كرد، قرچه‌قرچى لێوه ده‌هات و ده‌بوو به قسڵ.
له باره‌ى كه‌رپووچه‌وه، وه‌ستا نووره‌دین دەڵێ كه‌رپووچى باقرته به‌ناوبانگ بوو هه‌ر له زه‌مانى عوسمانلییه‌وه هه‌بوو، چوارگۆشه‌ی 30 × 30سم یان كه‌مێك زیاتره، له خانوو و كۆشكى ده‌وڵه‌مه‌ندان به‌كار ده‌هات، زه‌مینه‌ى ژوور و حه‌وشه‌ى پێ كه‌رپووچپۆش ده‌كرا.
به‌ر له هاتنى لۆرى و تانكه‌ر و به‌رمیلى گه‌وره، ئاویان به (كه‌ر و ڕاویه) له كارێزێكى نزیك بازاڕ پڕ ده‌كرا. ڕاویه له مووسڵ دروست ده‌كرا، جووت مشه‌ممایه‌كه و ئاوده‌لێن نییه، هه‌ردوو تاى وه‌ك یه‌كه و خواره‌وه‌ى ئه‌ملا و ئه‌ولاى دوو لووله‌ى بچووكى هه‌یه، بۆ به‌تاڵكردنى ئاو به‌پێى پێویست.
له باسى كووره‌شەوە، وەستا نوورەدین سه‌خره‌جى هاته سه‌ر زار، كه‌رپووچێكه و له‌ناو كووره زۆر گه‌رم دادێ، به پله‌ى سووتان له‌گه‌ڵى مه‌یله‌و خوار ده‌بى، ڕه‌نگى نه سۆره نه سپییه، له حه‌موو كه‌رپووچه‌ك ڕەقتره، بۆ ناو فڕنى داده‌ندرێ، بۆ دیكۆراتى ناو ماڵ به‌كار دێ.
هه‌نده خانوو هه‌بوو له قه‌ڵات و گه‌ڕه‌كى ته‌عجیل، له هۆده‌یێك یان دووان، له‌سه‌ر دیوار له بڵندایى و به‌درێژاییى (1 تا 3) و به پانیى 20 یان 30سم، له خوار بن‌میچ ڕه‌فكه‌یان دروست ده‌كرد، بۆ جوانى و سه‌رنجڕاكێشه‌ى میوان، فه‌خفووری و شووشه‌واتى به‌نه‌خشى له‌سه‌ر داده‌نرا، ئه‌مه به‌ر له په‌یدابوونى ته‌له‌ڤزیۆنه. تاقچه (هه‌ندێك ده‌ڵێن تاخچه) دیارده‌یه‌كى كه‌مبڵاوه و له خانووى كه‌رپووچ هه‌بوو، له خانووى خشت نییه.
هەروەها دۆشه‌مه هەبوو، له باتیى سه‌ببه‌ى كۆنكریت، كه به‌گه‌رماى هاوینان داخ ده‌بوو، كه‌رپووچى حاجى قادریان ده‌هێنا، وه‌ستاش له‌ناو حه‌وشه و ژوور توند ڕای ده‌خست، به ئاو ده‌یانڕشاند تا فێنكاتى بداته شوێنه‌كه.
له سه‌رده‌مى عه‌بدولكه‌ریم قاسم (1914 ـ 1963)، وەستا نووره‌دین به‌شاره‌زایییه‌كى ته‌واو له كرێكاره‌وه ده‌بێ به وه‌ستا، له‌باره‌ى چۆنیه‌تیى كار له ژێر ده‌سه‌ڵاتى جمهوریه‌ت ده‌ڵێ ماوه‌ى ئیشكردن كه‌م كرایه‌وه، له 11 كاتژمێرەوە بۆ 8 كاژمێر، نیقابه‌ى كرێكاران دامه‌زرا و سه‌لامه‌تیى كار و كرێكار تا ڕاده‌یه‌ك دابین كرا.
له هەولێرێ خانووى دوو نهۆمى زیادى ده‌كرد، به ژماره‌یه‌كى زۆر كه‌م خانووى سێ نهۆمییش دروست ده‌كران. جگه له قوڕكارى جۆره‌كانى تر‌ى ئیش فراوانتر بوون، وه‌ك سپیكارى و سواقكارى و له‌بخكارى، بۆ بان و بن‌میچ له جیاتیى كاریته‌ى دار شێلمانى ئاسن داده‌نرا، كه نێوانیان به كه‌رپووچ و گه‌چ چاتى ده‌كرا، پێم وایه (چاتى) له فه‌رهه‌نگ تۆمار نه‌كراوه و بۆ زاراوه‌ى بیناكارى پێویسته.
عه‌سرانێك له چه‌نجاره‌ى دانیشتن له (چایخانه‌ى مه‌چكۆ)، كه ته‌واو بێتاقه‌ت و بێ ئیش بوو، ویستم خۆى و خۆم بشادێین و ڕۆژانێكى خۆشى سه‌رده‌مى نووكاره‌ى بگێڕته‌وه، له‌باره‌ى قوڕكارییەوە وه‌ستا نووره‌دین دەڵێ له هاوینێكى گه‌رمى بێ ئاوى سارد، له‌گه‌ڵ پیره وه‌ستایه‌ك ئیشمان ده‌كرد، له پشووى نیوه‌ڕۆ خۆى و چه‌كوچى به‌ر پانه‌قایشى پشتی، چووه ئاوده‌سخانه‌یه‌كى به‌تاڵنه‌كراو، له بیرى چووبوو كه قایشى كرده‌وه چه‌كوچى لێ كه‌وته ناو گوو، ده‌رى هێنا و ئێمه‌ى قوڕكار له خۆڵمان وه‌ردا و خستمانه به‌ر تیشكى هه‌تاو، زوو هیشك بوو جا بۆیمان خاوێن كرده‌وه، تا به‌ره‌به‌رى ده‌سهه‌ڵگرتن له ئیش، هه‌ر به‌گاڵته‌ى (چه‌كوچ به گوو) ئێمه‌ى عه‌مه‌له بۆ هه‌ستنه‌كردن به‌ماندوویى و ڕه‌واندنه‌وه‌ى بێزارى له گه‌رمى و ئاره‌قه، به وسكتى سوعبه‌تمان هه‌ر ئه‌و چه‌كوچه بوو.