مەلای گەورەی کۆیە لە 1919 یەکەم (حوجە)ی بە زمانی کوردی نووسیوە
مەلای گەورەی کۆیە لە 1919 یەکەم (حوجە)ی بە زمانی کوردی نووسیوە

مەلای گەورەی کۆیە یەکێ لەو زانا گەورانەی کوردە کە جێی شانازیی تەواوی نەتەوەكەمانە و ڕووناکبیرێکی پێشکەوتنخواز و مرۆڤێکی مەزن بوو، لە زۆر بواردا شارەزاییی تەواوی هەبووە، ئەم ڕۆشنبیرە مەزنە لەو سەردەمە تاریکەی کە تیایدا ژیاوە، کاری بۆ ڕۆشنبیری و کولتوور و تازەگەریی کوردی کردووە، بەتایبەت لەبارەی پرسی ژن و ئازادی و خوێندەواری.
مەلای گەورە یەکەم کەس بووە بۆ هاندانی خوێندن کچەکەی لەگەڵ کوڕاندا ناردووەتە بەر خوێندن، جیا لە بابەتی شیعر و تەفسیر، چەندین بەرهەمی پڕ بایەخی بۆ بەجێ هێشتووین، سەرباری کارکردنی وەک قازیی شەرعی لە دادگەی کۆیە، كە لێرە باسی ئەو بابەتە دەكەین و ئەو لایەنەی ژیانی مامۆستای پایە بەرز دەخەینە ڕوو.
کاتێک لە ساڵی ١٩١٩ بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی لە دادگەی کۆیە پارێزراون بەشێوەیەکی فەرمی قازیی شەرعیی دادگەی کۆیە بووە، تاوەکو ساڵی ١٩٢٨، هەموو بەڵگەکان لە دادگەی کۆیە ماون و بە مۆری مەلای گەورە پارێزراون، کە لەسەر هەموویان نووسراوە (حاکم شرع، ملا محمد افندی أبن ملا عبدالله الجلی، مەلای گەورە)، ئەو یەکەم کەس بووە لە دووی نیسانی ١٩١٩ یەکەم حوجەی بە زمانی کوردی نووسیوە و لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونیشی وەک قازیی شەرعی لە دادگەی کۆیە بڕیاری دەرکردووە کە بڕیارەکان و نووسراوەکان بە زمانی شیرینی کوردی بن، تەنیا لە ساڵی ١٩١٩دا، (٣٨) دانە حوجەی بەزمانی کوردی نووسیوە، لە تۆماری ژمارە ٢١ و ئەوانی تریش بە فارسی نووسراون.
لە ساڵی ١٩٢٠ تاوەکو ١٩٢٦، ژمارەی دوا شەرعییەکان و حوجەکان ١٦٧ دانەیە، ٤٢ دانە بەزمانی فارسی نووسراون و لە ساڵی ١٩٢٥ لە ژمارە ٤٢ - ٥٦ ، گشتی بەزمانی کوردی نووسراون، تەنیا ژمارە (٥٢) و (٥٤) بە زمانی تورکی نووسراون، لە ئەرشیفی دادگەی کۆیە ژمارە (٢٢) دوو نموونە لە بڕیارەکان دەخەینە بەر دیدی خوێنەران.
١. یەکێک لەو بڕیارانە لەبارەی کچێکە بەناوی (شمانە ئەبرهە)، بە ڕەگەز مەسیحی خەڵکی گوندی هەرمۆتە بووە، بەمەبەستی موسوڵمانبوونی پەنای بۆ دادگە هێناوە، کە مامۆستای گەورە بەکوردی بڕیارەکەی نووسیوە. لە بەڵگەنامەکەدا نووسراوە بەبێ زۆرلێکردن ئەم کچە هاتووە بۆ دادگەی شەرعیی کۆیە، داوا دەکات لەو دینەی لەسەری بووە کە دینی (عیسەوی)یە بێتە سەر دینی ئیسلامەتی و پاش موسوڵمانبوونی بڕیاری داوە بەگۆڕینی ناوەکەی بۆ (فەقی ڕەحمە).
٢. پیاوێکی جوو بژێویی خێزانەکەی نادات، خێزانەکەی پەنا بۆ دادگە دەبات و سکاڵا دەنووسێت، قازییش کە ئەو کات مەلای گەورە بووە، نامەیەک بۆ ئەنجوومەنی جووەکان دەنێرێ و ڕای ئەوانی وەرگرتووە، بۆ ئەوەی لەژێر ڕۆشناییی ئاینی یەهودیدا دادگە بڕیاری خۆی بدات.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved